ئەدگار و پێنجەمین فێستیڤاڵی تەکنەلۆجیای زانیاری لە کوردستان
لەسەر [url=http://www.adgar.org]ماڵپەڕی فەرمی ئەدگار[/url]، پێنجەمین فێستیڤاڵی تەکنەلۆجیای زانیاری ڕاگەیەنراوە، کە مانگی ١٢ لە زانکۆی ئەمەریکی ئەنجام ئەدرێت، پار [url=http://www.kurditgroup.org/comment/68321]کوردئایتی گرووپ تیشکی خستە ئەو ڕووداوە[/url] و لەگەڵ ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە بەڕێز هاوار حسێن یابە دیمانەی سازدا، ئەمساڵیش پەیوەندیمان لەگەڵ کاک هاوار کرد، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ بیستی نوێکارییەکان بین و باسی چالاکیەکانی ناو بۆنەکەمان بۆ بکا. کاک هاوار ماندو نەبن!.
هاوار یابە: زۆر سوپاس، هەر بژین بۆ بەرێزتان و سەرجەم هاوڕێیان لە کوردئایتی.
[b]پێمان بڵێ، ئاکامی فێستیڤاڵەکەی پار چۆن بوو؟[/b]
هاوار یابە: پار درێژە پێدەری هەمان بەرنامە و پلانی فێستیڤاڵەکانی ترمان بوون کە لە سلێمانی ئەنجامدران، دیارە ئێمە ئامانجی فێستیڤاڵمان روون کردۆتەوە، ئەوەی مەبەستمانە لە چەند خالێکدا باسمان کردووە، ئەوەی جەختمان لەسەر کردبێتەوە بریتی بووە لە ئامانجە گشتگیری و سەرەکیەکان، خۆشبەختانە هەموو ئەو ئامانجانەمان بەرێژەیەک پێکاوە، بەلام هەولی ئەوەش دەدەین کە تەواوی خاڵەکانی تر جێبەجێ بکەین. فێستیڤاڵی پاریش کۆمەلێک خاڵی سەرکەوتووی هەبوو هەروەها کۆمەڵێک خالێ لاوازیشی هەبوو، خاڵە لاوازەکانیش بریتی بوون لە هەندێک بابەتی ئیداری کە شوێن و ئەرزشی گونجاو بۆ ئەنجامدانی فێستیڤاڵ و هەروەها لیژنەی هەڵسەنگاندن لە دیاریکردنی پرۆژە یەکەمەکان، ئەمانە بۆ پێنجەمین فیستیڤاڵ بە پشتیوانی خوای گەورە هەموو چارەسەر دەکەین بە پلانێکی دیاریکراو.
[b]پێنجەمین فێستیڤاڵ چیمان پێ دەڵێت؟[/b]
هاوار یابە: پێنجەمین فێستیڤاڵ دوای راوێژ بە چەند کەس و لایەنێک بۆ زیاتر دەولەمەندبوونی فێستیڤاڵەکە هاتۆتە بەرهەم، خۆشبەختانە زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستانی عێراق بە خۆشحالیەوە میوانداری ئەمساڵی فێستیڤاڵ دەکات، کە شوێنێکی تەواو لەبار و گونجاوە بۆ ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکەمان، هەوڵمانداوە بەهەمان بەرنامەی رابردوو کار بکەین بۆ هەموو زانکۆ و پەیمانگاکان، تا پرۆژەی هەموو فێرخوازان لەم فێستیڤاڵە کۆبکەینەوە، هەموو فێرخوازان و پرۆژەکانیان بە یەکتر شاد بکەین، وا بکەین کە ئاگاداری پێشکەوتن و ئاستی بەرهەمهێنانی یەکتر بن، زیاتر تێکەلاو بن بە کار و بەرهەمی شارەکانی تر.
[b]نوێکاریی چیی لە خۆ گرتووە؟[/b]
[b]ئایا تەنیا نمایش کردنی پرۆژەیە یا سیمینار و باسی زانستیش پێشکەش دەکرێت؟[/b]
هاوار یابە: بێجگە لە پەیرەو کردنی هەمان پلانی ساڵانی رابردوو، ئەو نوێکاریانەی کە لە فێستیڤاڵی پێنجەم دا جێبەجێ دەبن بریتین لەمانە:
1- بەشداری کردنی هەموو ئەو کۆمپانیا و کەسانەی کە لە دەرەوەی ناوەندی ئەکادیمی زانکۆ و پەیمانگاکانن، ئاستێکی بەرزیان هەیە لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری و کار و پرۆژەی بەرهەمداریان هەیە.
2- هەموو کەسێک دەتوانێ بە سیمینار یان لێکۆلینەوەی زانستی بەشدار بێت و بە دیاریکردنی کات بۆی لە بەرنامەی فێستیڤاڵ.
[b]چۆن لیژنەی هەڵسەنگاندتان چارەسەر کردووە؟[/b]
هاوار یابە: دیارە ئەوە کێشەی بەردەواممان بووە، هەوڵ دەدەین بۆ ئەمساڵ لیژنەیەکی هاوبەش لە پسپۆرانی تایبەت بە تەکنەلۆجیای زانیاری پێکبێت، لیژنەی زانستی پێکهاتبێت لە هاوکارانمان لە گروپەکانی زانستپەروەرانی کورد و کوردئایتی گروپ و کەسێکی شارەزا لە بواری ئایتی بە گشتی و تایبەتمەندی کار بەتایبەتی لە کۆمپانیایەک،دوو کەسی پسپۆر لە یەکێک لە زانکۆ یان پەیمانگاکانی کوردستان (تا بەرزترین پلەی ئەکادیمی پەسەند دەبێت) واتا پێنج کەس لیژنە بن. گروپەکانی کوردئایتی و زکورد بە هۆی کارەکانی رابردوو کەسانی ژیر و لێهاتوو وە بە شێوەیەک لە ئەزمونی کاری خۆیان، کەسی کەرتی تایبەت کە چۆنیەتی بینینی پرۆژەکە لە رووی ئابوری و ئیدارەدان و باوەرکردنی کرانەوە بە رووی گرنگی پرۆژەکە، کەسی پسپۆری زانکۆ یان پەیمانگاش لە رووی کارەکانی خوێندن و بە ئەکادیمی کردن و رێژەی جیاوازی و رێکی کارەکە و ئاستی دەستنیشان کردنی گرنگی بەشدار بوو بە کارەکەی.
[b]دەتوانی زانیاری زۆرترمان بدەیتێ لەسەر ڕێکەوت و ئەنجامدانی فێستیڤاڵ؟[/b]
هاوار یابە: فێستیڤاڵ لە دیسمەبەری 2012 لە زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستانی عێراق جێبەجێ دەبێت، دوو رۆژ دەخایەنێت، رۆژی یەکەم دوای مەراسیمی کردنەوەی فێستیڤاڵ نمایشی پرۆژەکان بۆ میوانان دەست پێدەکات، لەگەل ئەوەش بە پێی خشتەی دیاریکراو سیمینار و لێکۆلینەوە زانستیەکان یەک بە دوای یەک دەست پێدەکەن و بەمشێوەیە رۆژی یەکەم کۆتایی دێت، رۆژی دووەم مەراسیمی خەلات و رێزلێنان و دیاریکردنی پرۆژە سەرکەوتووەکان لەلایەن لیژنەی پسپۆڕ، دواتر کۆتایی فێستیڤاڵ.
هەموو ئاگاداری و سەرنج و تیبینی لەسەر فێستیڤاڵ لە وێبسایتی رەسمی گروپدا روونکراوەتەوە: www.adgar.org
[b]ئەگەر وتەیەکت ماوە، فەرموو؟[/b]
هاوار یابە: زۆر سوپاستان دەکەم، ئێمە ئامانجی گەورەمان لەم فێستیڤاڵە هەیە، ئامانجی ئێمە تەسک نیە، زۆر جار کێشەی گەورەش دێتە رێمان بەلام هەر بەرەو ئامانجە گەورەکە رۆیشتوین، خۆشحالبووین ئەگەر کەسێک هاوکاری کردبێتین، زۆر خۆشحالیشین کە فێستیڤاڵی تەکنەلۆجیای زانیاریمان کردووە بە نەریت لە هەموو پەیمانگا و زانکۆکانی کوردستان دەستپێشخەر بووین بۆ کاری بوێر و جوانتر کە خۆمان نەمانکردووە! ئێمە پرۆژە و کاری هەموو فێرخوازێک بە گەورە دادەنێین، رێزی کاری هەموو کەسێک دەگرین، پلە و جیاوازیمان بۆ کەس دانەناوە. هەموو هیوا و مەبەستمان پێشخستنی ئەم وڵاتەیە لە رووی تەکنەلۆجیای زانیاری ئەگەر بەردێکیشمان خستبێتە سەر بەردێک شانازی پێوە دەکەین، زۆر سوپاسی کوردئایتی گروپ و زانستپەروەرانی کورد دەکەم کە گروپی گەورەن لای من بە کارە جوانەکانیان ناسراون تێبینی خۆشم وتوە لە پێشخستنیان، هیوادارم رۆژێک لە رۆژان بگەرێنەوە و لێرە کارەکان رابپەرێنن و لە داهاتوودا کۆنفرانسێکی یەکگرتوو ئەنجام بدەین و کارەکان باس بکرێن و بگەینە پلانێکی یەکگرتوو بۆ تەکنەلۆجیای زانیاری لە کوردستان.
[b]سوپاس بۆ تۆش کاک هاوار، سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.[/b]
سازدانی/ [b]ئاراس[/b].

- کارەکان :
- بڕۆ ژوورەوە بۆ نووسینی بۆچوون
بۆچوونەکان
ماندوو نەبیت كاك ئاراس .. دەست خۆش بۆ ئەم دیمانەیە.. سەركەوتووبیت..
بەزمە ئیتر کاک ئاراس!!
کاکە ئاراس دەستخۆش. کاکە هاوار دەستان خۆش بێت و بەڵکە نمونەیەکی باشتر بێت لە ساڵانی پێشوو.
من ئەمجارە گلەیم لەمە هەیە کاکە هاوار وەک کاری هەمیشەییم هەوڵ ئەدەم تەرکیزکەمە سەر شتە بنەڕەتیەکان. ئەویش ئەمانەی ئێرە:
http://www.adgar.org/babet1.php
بۆچی ڤیستیڤاڵ؟ تەک شۆو؟ یان شتێکە وەک ئیماجین کەپ؟ ئەی ئەگەر ڤیستیڤاڵە بۆچی قات و بۆینباخ لەبەر بکرێت؟
بۆ ئەوەی لێم تێ بگەیت: ئەمەوێ بڵێم
ئایا بۆنەکە زانستیە؟
ئایا بۆنەکە خەڵاتی لەگەڵە؟
ئایا بۆنەکە بۆ فێرکردنە؟
ئایا بۆنەکە بۆ خۆ دەرخستنە؟
ئایا بۆنەکە زۆرتر پەرەپێدانی زانستە؟
ئایا تێکەڵەیە؟
ئایا بەڕاستی ڤیستیڤاڵە؟ ئەی ڤیستیڤاڵ خۆی یانی چی؟
بۆ ئەوەی خەمخۆری منیش بزانیت من ئێستا لە کوردستانێکی داماوی وەک باشوردا تەنها پەرەپێدانی زانست بە گونجاو ئەزانم، بەڕآستی هەڵپەڕکێ زۆر زۆرە بۆیە ئەگەر بۆ ساڵی ۲٠۱۳ ویستتان رای من بزان ئەوا لەم ڕیزە:meetings, symposia, conferences, courses, seminars, workshops, awards and programs
من بۆ کوردستان بەڕاستی ۆرک شۆپ هەڵەبژێرم. چونکە ئێمە:
۱. ناتوانین کۆبونەوە بکەین چونکە گروپی زانستیمان نیە
۲. ناتوانین سیمپۆزیەم ڕێک بخەین چونکە ئەکرێ زانکۆکان پێیان خۆش نەبێ کارەکانیان نیشان بدەن، یان هەر توێژینەوەیان نیە تا نیشانی بدەن
۳.کۆنفرانس، ئاخر بە بێ نوسراوی زانستی مانای چی ئەبێت؟ Scientific Paper
٤. ناتوانین سێمیناریش ڕێک بخەین وەک لە ۲ دا هاتوە
۵. وە پێشم باش نیە Awards ڕێک بخەین چونکە بەڕاستی هێشتا زۆری ماوە. بەس هەست ئەکەم بازدراوە بەسەر هەر ٤ی پێشووداو ئێوە هاتونە ئێرە. ئێ خۆ قەیدی نیە بەڵام با یەکجار یەکێک دەوڵەمەند بکات..با خەڵات بێ بەڕاستی..با ۲٠٠،٠٠٠ دۆلار بێت. یان نەکرێت! ئاخر قات و بۆینباخ و ڤیستیڤاڵ؟ باوەڕ بکە ئەگەر بڵێی دزداشەش لەبەرکەن هەندێک هەر ئاڵتون ئەکەن بەخۆیانەوە لەژێر دزداشەکەشەوە بێت. خۆ چار نیە! بۆیە با تا ئەتوانن خۆیان قۆز بکەن. ئەوکاتە ئەوانەی بەڕاستی کار ئەکەن هەموو بە تیشێرت و کابۆیەکی دڕاوەوە یەن و یەکسەر ئەناسرێنەوە. هەر ئەوانیش گرنگن، نا؟
هیوادارم سەرنجەکانم هەمووی بە دروستەکر وەرگریت.
ڕێزم
ئەمەشم نەدیبوو:http://www.adgar.org/babet5.php
بۆچی ئەگەر ڤیستیڤاڵی گۆرانیش بێت، یەک کاتاگۆری هەیە؟ دوێت، سینگڵ، کچ، کوڕ، کۆمپیوتەر وەک crazy frog ئێ خۆ نابێ ئەگەر من توێژینەوەکەم بیردۆزێک بێت نەمخەنە ناو پێشبڕکێکەوە، ئەگەر ئیشەکانی ئێوەو ئەوا پێنجەم ڤیستیڤاڵیش هەمووی کاری applied واتە جێبەجیکراوە کەواتە ناوی گروپەکە بگۆڕن بۆ Adgar Applied Science Group یان ڕاستتر: Adgar Applied Software Group
وانیە؟
ئەمەم نوسی لە گوگڵ: define: festival
[i]fes·ti·val[/i]/ˈfestəvəl/Noun:A day or period of celebration, typically a religious commemoration.An annual celebration or anniversary.
دەستخۆش کاک ئاراس، هیوای سەرکەوتنیش بۆ ئەو بەڕێزانە.
بەڵام بەڕاستی وەکو ئەوەی پار دیاربوو، شتەکان هەمووی لاسایی و ناداهێنەرانە بوو، تەنانەت زۆربەی چۆن بیرۆکە و شتەکەی لە گووگڵ هێنابوو هەر ئاواش بە ئینگلیزی و بە ڕووخساری خۆی پێشکەشی دەکردەوە، ئەمە خوێندکاری ئایتی بەرەو کوێ دەبا؟ یان ئەوانەی دەیانەوێ ببنە خوێندکاری ئایتی چ ئومێدێکیان هەبێ؟
بەتەواوی لەگەڵ قسەکانی کاک هیوام و ئومێدی باشتربوون و پەرەسەندووبوونتان بۆ دەخوازم/دەخوازین.
بژین.
دەستان خۆش بۆ دیمانەکە و هیوای سەرکەوتنیش بۆ ڤیستیڤاڵەکە ئەخوازم.
هەرچەندە بە هیوا خواستن ناکرێ ڤیستیڤاڵێک سەرکەوتو بێت!! بەڵام بەرای من ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ و وۆرکشۆپ میتین لەبواری ئای تیدا ئەگەرچی زۆر سەرکەوتو و پرۆفیشناڵیش نەبن هەنگاوی باشن بۆ بنیاتنانی بناغە و کلتوری ئایتی لە کوردستان. هیوادارم سورد لەکەسانی سارەزا وەربگیرێت یا هەر هیچ نەبێ پرس و رایان پێ بکرێت بۆ ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵەکە بە سێوەیەکی باشتر. هەڵبەت هەڵسەنگاندنی ڤیستیڤاڵ و کارەکانی بەگشتی ڕێژەیی یە و لە بۆچونی کەسێکەوە بۆ ئەویتر ئەگۆڕێ. بەڵام ئەگەر هات و زۆربەی ئایتی زانان پییان وابێ ڤیستیڤاڵی ئەمساڵ هەنگاوێکی زیاتری لەوەی پار نەناوە بەرەو پیش، ئەوا بێگومان ئەبێ هۆکارەکان شیتەڵ بکرێنەوە.
دیسان سەرکەوتو بن
کاک ئاراسی به ریز دستخوش
کابرایە ڕاپۆرت لەسەر دارایی دەنوسێ نازانێت دراو چییە؟ هیچ خوێندن و هیچ ئەزموونێکی ئەو بوارەی نییە. کەسێک کۆرسی فۆتشۆپ دەکاتەوە کە خۆی کراکی کردووە و خاوەنی لۆگیەک نییە لە ژیانیدا.
ئەم موجامەلە بێتامە لەو میللەتەی ئێمە بە قەد نەزانیینەکە دەردە. وەکو پار ئاماژەمان پێی دا:
خوول و فیستیڤاڵ ئەرکی دەزگایەکی زۆر سەرو ئاستی ئێمەوەیە، بۆ نمونە بە سەدان کاری کۆدنوسین، پڕۆژەچێکردن، ڕاپەڕاندنی ئایتی ..هتد هەبێت. ئەندامان و کارمەندانی هیچ نەبێت ئەزموونێک ١٠ ساڵەی ئەو بەشەی خۆیان هەبێت. ئەمانیش بە پشتبەستن بە بنەڕەتی جیهاتی پاڵێوکرابن. وە لە ئاستی زانکۆدا ئەکادیمیترین چین بن. لە دەرەوەی کاری ئایتیش هونەری بەڕێوەبردن، مەرج، پێشکەشکاری و جۆرایەتی خۆی بەتەنها کەسانی ئیداریی پێویستە.
ڕێزم بۆ تاکەکان، بەدەر لەوانەی سەرەوە لای من وەکو ڤیستیڤاڵی عەشیرەتی و جاف و هەمەوەند، شێخبزێنی و خۆشناوەتی وایە.
ئادگار ئەو ڤیستیڤاڵەی متمانەی لەدەستداوە ... باشە کاک هاواریش کە دەستخۆشی لێ ئەکەم خۆی ئاماژەی بەوەداوە پار چی بووە.
با منیش تۆزێکتان بۆ باس کەم لەم گاڵتەجاریەی پار لەم ڤیستیڤاڵیە رویدا:
دوای ئەوەی ڤیستیڤاڵ دوا نیوەڕۆیەکەی تەواو بوو و لیژنەیەک دروست بوو بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆژەکان ، کاکە سەرتان نەهێشێنم لیژنە دروست بوو لەچەند مامۆستایەک لە چەند زانکۆیەک کە سوپەرڤایسەری چەند پرۆژەیەک بوون لەهەمان ڤیستیڤاڵ . دکتۆر تاریق کە پەیوەندیم لەگەڵی هەبوو لە زانکۆی سەلاحەددینە بوو بە سەرپەرشتی لیژنەکە .. لیژنەکە لە دوا نیوەڕۆیەکە دانیشتن نە سەعاتێک نە دوان نە سیان تا ئێوارە بەم رۆژە درێژانەوە دانیشتن هیچ ئەنجامێک نەبوو هەموویان کوشتبوون لە چاوەڕوانی دەیان گوت ئەم دەقەیە نا ئەم دەقەیە .. ئاخیر ئەنجام ئاشکرا کرا بەڵام چۆن ئەنجامێک ئەنجامێک کە زۆر نا ویژدانانە بوو.
دوای ماوەیەک دکتۆر تاریقم لە زانکۆ بینی و باسیم لەگەڵی کردەوە کە لیژنەکە بۆ وای کرد و بۆ دواخرا ئەویش بەم جۆرە قسەی کرد
[b]وتی کە لیژنەکە دانیشت و دەستی کرد بە پێدانی نمرە بە پرۆجەکان زو تەواو بوو کە سەیری ئەنجامەکەم کرد نەمتوانی یەکەم دەست نیشان بکەم چونکە هەرچی مامۆستا بوو ئەوانی تری سفر پێدابوو و نمرەی پرۆژەی قوتابیەکەی خۆی فول بوو [/b]ئێ زۆرم پێ سەیر بوو شتی وام نەدیبوو ، منیش پێیانم وت من هیچ دەنگ نادەم بە پرۆژەکانی زانکۆکەی خۆم وتم رەنگە ئاوا تۆزیك ویژدان بیانگرێ ، هەر سودی نەبوو.. دوای خەریک بوو شەومان بەسەر دابێ تاخیر بووبون هەرچۆنێک بوو ئەنجام بە سەقەتی راگەیانرا.
ئا ئەمە کوردستانەکەی خۆمان کاکە ڤیستیڤاڵی چی و خزمەتی چی ...
دوا قسەم وەک برایەکی بچوک و ئامۆژگاریەکی بچوک بۆ ئەوانەی لە بواری ئای تی ئیش ئەکەن بەدوای نە ئەم ڤیستیڤاڵە نە ڤیستیڤاڵی تر لەم کوردستانە نەکەون . چونکە ئێمە زۆرمان کرد خوێندمان زۆر لەسەردانا کاتمان هەمووی لێ رۆی وەهەروەها جگە لە شەهادەیکی ئیمزای نەخوێندەوارێک فلوسیشمان پێ نەبڕا. بەدەردی کابرا ئەڵی ( ئەوەی ئەزانی برۆ دوو عانەی لۆخت پێی پەیداکە ) و قۆڵی بزنزمانەکانی ئەم وڵاتەی پێ بڕەوە بەخوا لەم کوردستانە ئەوە بە باشترین خزمەت حیسابی بۆ ئەکرێ.
زۆر سه یره ئه بێت قاتی ئه فه ندی زه مانی عه وله مه له بەر بکه ن ئه ی خانمه کان جلکی کوردی له بیرتان چووه پێیان بڵێن:؟ خۆتان هیلاك مه که ن هه موومان به کار به رین که س ئاوا به ئاسانی نابێ به به ر هه م هێن. :Timeline of operating systems
http://en.wikipedia.org/wiki/Timeline_of_operating_systems
لەم ڤیستیڤاڵو پرۆژانە هەتا زۆرو بۆربن کەمە، کە وڵات پێشکەوت هیچ نەبێت یەکدوانێکی پوختیان دێنە پێشەوە...!
منیش وەک خۆم هاورام لەگەڵ کاک ئاراس
من پار سەردانێکم کرد بۆ ڤیستیڤاڵەکە کەوا بەراستى چاوەکانم رۆشن بوو بە بینینى ئەو جۆرە کەسانەى کەوا پرۆژەیان ئامادە کردبوو لە قوتابیان
کەوا بەراستى جێگا شانازی بوو دواى ئەوەى هەتاوەکو ئێستا ئاوەتە خواز بووم کەسی شارەزا و هەڵکەوتوو ببینم لە کوردستانى خۆمان جگە لەوانەى کەوا بە پەنجەى دەست دەژمێردێن
بۆ مەسەلەى دەرئەنجامى خەلات و کۆتایی ڤیستیڤاڵەکە ئەوە کوردستانە هەر ئەوەى لێ چاوەروان دەکرا و وە بینیشمان
رێز
بژین هەمووتان!
ئێمە مەبەستمان لە ناونانی فێستیڤال بریتیە لە کۆبونەوەی ئەو کۆمەڵە فێرخوازە پێکەوە، بە پرۆژەکانیان، هەرچ پلەیەک بن، هەر چۆنێک بن، کەمێک لە پرۆژەکان (چەند ژمارەیەکی کەم کۆپی بوون!) ئەوانی تر هەتا ئەگەر سادەش بن بەلام کاری خۆمانن، جێگەی سەرنجی زیاترن.. واتا بۆنەکە زانستیە و خەڵاتی لەگەلە و نەک فێرکردن چونکە خۆیان خوێندکارن (قوتابین!) لە فێربووندان، ئەوەی هەیانە و پێیانە نمایشی دەکەن نەک بە مانای خۆ دەرخستن واتا بۆنەکە زۆرتر پەرەپێدانی زاست و ئاگادار بوونە لەکار و پێشکەوتنی یەکتری. ناوی فێستیڤاڵ مەگەر لە کەلتور و هونەری دا هەبن، ستیودینت تاڵێنت و تۆپ ئایتی پێرسن و تۆپ یونیڤێرسیتی و ئەمانەش هەبوون بەڵام گونجاوترمان ناو نا فێستیڤاڵ دەکرێ ناوێکی گونجاوتر هەبێت لە فێستیڤاڵ باشتر کە هەلەی ئەم ناوەی ئاشکرا بکات نەچووە بچێ دەیکەین بەو ناوە راستە.
جل و بەرگ و دیاریکردنی بۆ یەکپۆشاکیە، نەک کەسێک جلی کوردی بە لولە و زنجیر و یەکێک بە کابۆ و یەکێک بە قات! ئیڤێنتی زانستی پێویستی بە یەکپۆشاکیە، من پرسیارم کردووە، خۆشتان رەنگە گەرابن لە ئیڤێنتی زانستیدا ئەوەی کە بۆی سازکراوە لە نیشاندان یان بەرهەمهێنان بە جلێکی رێک و پێک نمایشی دەکات شەرت نیە قات بێ، بەڵام جوانتر قاتەکەیە. دەنا کەسی زانستخواز گوێ بە رێکی بۆین باخەکەی نادات، جا چ پشتێن و لولە زنجیرەکەی!
ئێمە دەبێ تەکانێک بدەین، ناکرێ بڵێن زانکۆ لە پاشە، دەبێ بیسەلمێنی چۆن لە پاشە، وەک چۆن لە لیژنەکەی پار دەریانخست کە لە پاشن!
ناکرێ بلێن زانکۆ نامەی زانستی نیە، دەکرێ بلێن ئەوەتا پار و پێرار و بەسرپێرار کەسێک بەناوی مامۆستا نەهات پرۆژە پێشکەش بکات، هەمووی تیۆری بوو! رۆبۆرتەکەی بە تیۆری مۆسیقای لێدەدا!
هەروەها ناکرێ بلێین سیمنار و کۆربەند نەبوو! چونکە ئەوەتا چەند کەسمان بانگکرد کۆرمان کرد و سیمینارمان کرد، مامۆستایەکی زانکۆی تێدا نەبوو!
جگە لە سەیری ئەمانە، راگری پەیمانگا هەیە بە دوو پرسگە نایگەیتێ! کە بینیشت دەڵێ ئێمە توانای بەشداریمان نیە! ئایا بەرای ئێوە ئەمە کوشتنی توانای فێرخواز نیە؟
سەرۆک بەشمان هەیە، ئەڵێ کوا نامەی فڵان لقتان پێیە؟ یەعنی لقی حیزبی مەبەستمە!
سەرۆک بەشمان هەن دەڵێن جگە لە ووشەی (چۆنی) زیاتر کوردی نازانێت و دەشلێ گوایە خوی تەلەبەکانی منت شڕ کردووە داوای گۆرینی مەنهەج دەکەن! بۆ ساڵی تر بەشداری ناکەن!
پاریش ووتمان کە هەلە هەبووە، هەلەکانیش لیژنەی هەڵسەنگاندن بوون، ووتیشمان چۆن و چی بوون، بنەما و هەلەی ئەوانیشمان هەموو لە نوسراوێکدا بلاوکردەوە، ئیتر وەک قەوان با لێنەدرێتەوە کە چی و چۆن بەرێوە چوون!
کوردستان ئێستا داماو نیە، چونکە پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی دەکاتە پێوەر! نەک کار و بنەمای گونجاو و داهێنەر! بۆ هەڵبژاردنی پرۆژە!
نازانم چیم کردووە/چیمان کردووە جگە لە رێکخستن و زەمینە سازی بۆ کۆبونەوەی فێرخوازانی زانستێکی دیاریکراو کە تەکنەلۆجیای زانیاریە، لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگایەک؟؟
ئەوپەڕی ڕێزم!
دەسخۆش بۆ ڕێکخستن، پێشتر لەگەڵ چەند کەسێکی ئادگار قسەم کردووە.
من ئاگاداری پار و ساڵەکانی تر نیم. ئەو پڕۆژانەی کە لیستەکەدا تەنها بە ناو دانراون، ببوورە، هەر لە ناوەکانییان دیارە، لە ئاستێکی زۆر نزمدان.
چەند تێبینییەک:
- بەڵێ، ناوی فێستیڤاڵ هەڵەیە. ئەگەر بابەتەکە ئاهەنگ گێڕان بێت، دەهۆڵ و زوڕنای کەمە
- لە زۆربەی وڵاتان قات و ریبات، پەسند نییە، بەڵام خەڵکان خۆیان ئازادن
- دانانی نمرە و هەبوونی لێژنە، هیچ سوودێک بەم کۆنفرانسە ناگەیەنێت. نمرەی چی؟
- ئەگەر لێژنە بۆتە پێداویستی، ئەوا ڕاستگۆییش زۆر پێویستە. دەکرێت لێژنە بڵێت: ببوورن ئەمساڵ هیچ پڕۆژەیەک لە ئاستی پێشکەشکردندا نییە.
- لێژنە و مامۆستای چی؟ خۆی مامۆستاکە بایی یەک عانەی سووتاو زانیاری لا نییە. لەوانەیە قوتابییەکان ئاستییان بەرزتربێت.
بەڕای من:
- ناوی "کۆنفرانسی تەکنەلۆجیا" شیاوە
- یانی لە کوردستان، ئەنجامدانی کۆنفرانسیش پێویستی بە وەرەقەی مدیری جیشی شعبی هەیە؟
باوەڕناکەم. هەڵەکە لە خۆمانە.
- ئەوا، زانکۆیەک شوێنی دەسنیشان کردووە، سوپاس.
- 8 بابەتی پوختە ئامادەبکەن لەسەر تەوەرەی جیاجیا و خەڵکانی شارەزا دەتوانن قسەی لەسەر بکەن.
- کۆنفرانس دەکرێت سپۆنسەری هەبێت و ریکلامەکانییان لە شوێنی کۆنفرانس دیاربێت.
- ئەگەر کەسێک دەیەوێت باس لە پڕۆژەیەک بکات، بەمەرجێک نوێکاری لە جیهانی زانستدا بکات، ئەمەش دەکرێت شوێنی سنووردراوی هەبێت.
نە لێژنە و نە نمرە و نە پڕۆژە. هەموومان دەزانین ئاستی زانکۆ و مامۆستاکان لەم بوارەدا کەمێک لەژێرەوەی سفرەوەن.
با وەک ImaginCupKurdistan ی لێ نێت.
من، بەردەقانی، ئامادەم تیایدا بەشداربم، بەم مەرجانەی سەرەوە و خوارەوە، هەروەها دڵنیام چەند کەسانێکی تری کوردئاتیگرووپیش هەن ئامادەیی خۆیان دەنوێنن. بزانە ئێستای کوردستان لە ئاستی پێشپڕکێدا نییە، ئێمە هێشتا دەستمان نەخستۆتە سەر کێشەکان، بۆیە دەکرێت بەم شێوەیەی خوارە 8 بابەتی 2 سەعاتی دەسنیشان بکرێن و لە ماڵپەڕەکەتان بڵاوبکرێنەو، ئنجا ئەو کەسەی خۆی بەشارەزا دەزانێت لەم بابەتە دەتوانێت پەیوەندیتان پێوەبکات. چەند نموونەیەک:
1. نووسینی کوردی، کەلێنی نێوان کوردستانی باکوور و باشوور
2. فرۆشتنی سەرهێڵ، کێشەکان چین؟ نەبوونی بانک و سیستمی پۆست
3. بەدیجتاڵکردنی نەخشەی کوردستان، کێشە و چارەسەر
4. هێڵی ئنتەرنێت، بۆ لاوازە؟
5. هەبوونی DNS ی ناوخۆ، ئایا دەکرێت سەرکەوتووبێت؟
6. سیستمە سەرچاوەکراوەکان بەرامبەر بە مایکرۆسۆفت و ئەپڵ
7. کێ بەرپرسیاری تەکنەلۆجیایە لە کوردستان؟
8. سوودوەرگرتن لە هەڵەی وڵاتانی تر، بە نموونەوە
هەزاران بابەتی تریش کە تیشک دەخەنە سەر کێشەکانی ئەمڕۆی کوردستان. دەکرێت لە دواییدا بابەتەکان وەک کتێبێک بڵاوبکرێنەوە و خێرێکی بۆ ئادگار هەبێت.
لە هەموو شتێکیش گرنگتر ئەوەیە، کارخوازان و خاوەن کاران، لەم شوێنەدا یەکتر ببیننەوە.
لەکۆتاییدا، کە ئێمەی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، دیارە بەلامانەوە گرنگە، ئەگینا وەک کۆنفرانسەکانی تر، هەر باسیشییان ناکەین.
هەزار ڕەحمەت لە باب و باپیرت کاک سەفین :)
كاك بەردەقانی بەس ماوە دەستی لێ هەڵبكەیت وناوی خوای لێبینیت!! من پێم وایە ئەوان ئەوەندە دەتوانن گەر ئێوەش وەكو گروپێكی پێشكەوتوو زیاتر دەوڵەمەندی بكەن ئەوە هەر زۆر باشتر..
لە فلیمی دیکتاتۆر، بە کۆمیدیایەکی ڕەش دەڵێت:
[b]ئەو بۆگەنییەی بنباڵت، دەتوانێت ئەو کوردەی کە ماوە گازخنکێنی بکات.[/b]
منیش دەڵێم ئەو بۆگەنییەی لە ئاستی خوێندنی کوردستان هەیە، جارێ پێویستە ئامرازەکانی دەستگەیشتن و سوودورگرتن دەستەبەر بکرێت. لەگەڵ ڕێزم بۆ بەردەقانی، ئەو ١٠ ساڵە تازە بە عەلی فۆنت دەنوسن و بە مامۆستای زانکۆم وتووە لەو فەیسبووکە " ئەمە داگرە، ئەوەی دەینوسی عەرەبییە و نایبینم ....بلا بلا بلا" کەچی وتی کوڕی باش تەمەنێکم لەو ئیختیساسە سەرف کردووە، فۆنت هەر فۆنتە، ئەوەی کوردئایتی خەلەلی هەیە بۆ نمونە هەموو ماڵپەڕەکان نوسینەکان قەوسی نامێنێ و تیژی دەکات.
[u]" دیارە مەخسەدی ئەوەیە: ماڵپەڕ هەیە کە یونیکوردوێب نەبێ ئەلتەرناتیڤ تاهۆمایە، لای ئام قەوس و تیژن.[/u]
[b]بەهەرحاڵ لە کوردئایتی گرووپ و بەڕێزێک وەکو کاک ئاراس داینەنابێ، چرکەیەکی پێوەناکوژم.[/b]
ئەی کاکە سیا ئەم هەموو خەفەتە چی لێ بکەین؟ دەممان داخەین و خۆشی لە خۆمان و خەڵکیش بدەینە دەست ئەمسالی دکتۆر عەلی سەعید یان تایەر هەورامی کە لە ساڵەکەی وەزارەتی تەندروستی جگەرەی ئەکێشا؟
سوپاس کاک هاوار من ئیتر هیچم نیە :) هیوام سەرکەوتنتانە
باوەڕدەکەم ڕۆژێک بە موخەریب لەقەڵەم بدرێین.
سوپاسی بیر و بۆچوونە جوانەکانتان دەکەم، هەروەها سوپاسی رەخنەکانیشتان دەکەین!
را و پێشنیارە جوانەکان هەوڵ دەدەین بە پێی توانا وەرگرین و ئەوەی لە توانای ئێمە بێت و لەسەر ئاستی کوردستان بێت جێبەجێی بکەین، دیارە ئەوەی لەسەرەوە باسم کردووە بە پێی پێشنیاری کاک بەردەقانی و هیوا، دەبێ ئەو بیرۆکەیە فراوانتر و باشتر بکەین، منیش لەسەر پێشنیاری ئێوەی بەرێز هەول دەدەم تەواوی بابەتەکان بخەمە گفتوگۆوە، دووبارە سوپاس و پێیدەزانین!
بێگومان لە دوا گۆرانکاری ئاگادارتان دەکەمەوە.
هەر بژین!