وەشانی نوێی PostGIS تەواو بوو
PostGIS پرۆگرامێکی سەرچاوەکراوەیە و پشتگیرییکردنی داتای جوگرافیی بۆ بنکەی دراوەی PostgreSQL زیاد دەکات.
دوای بیستوشەش مانگ کارکردنی تیمی پەرەپێدانی PostGIS، هەواڵی تەواوبوونی وەشانی 2.0 ڕاگەیاندرا. ئەم وەشانە گۆڕانکاریی گەورەی تێدا کراوە، کە گرنگترینیان پشتگیریی کردنە لە raster-data (واتە داتای جوگرافی بە فۆرماتی وێنە، وەک وێنەی سەتەلایتەکان) و 3D-data و مۆدێلی تۆپۆلۆجیی.
لە پێنج ساڵی ڕابووردوودا گۆڕانی گەورە لە بواری جیئایئێسی سەرچاوەکراوەدا ڕووی داوە، بە تایبەتیی ئەو کتێبخانانەی کە توانای ویبگەڕەکان بۆ دروستکردنی نەخشە و نیشاندانی تەنە جیۆمێترییەکان زیاد دەکەن. بە ڕای من ئەم وەشانە نوێیەی PostGIS گۆڕانگاریی گەورەتر لە جیئایئێسی سەرچاوەکراوەدا دێنێتە ئاراوە، بە تایبەتیش لە ویبگەڕدا، چونکە زۆرێک لەو پرۆسێسە ماتماتیکییانەی تا ئێستا لە پرۆگرامەکانی دێسکتۆپدا ئەنجام دراون، دەکرێت ئێستا لە بنکەی دراوەدا بکرێن و ئەنجامەکانی بۆ وێبگەڕ بگەڕێنرێنەوە.
دوو مانگێک دەبێت کە نووسەری ئەم بابەتە خەریکی پرۆژەیەکە بۆ زانکۆی لوند لە سوید، دەربارەی توێژینەوە لەسەر raster-data لە PostGIS دا.
تێبینی بۆ هاوڕێیانی کوردئایتیگرووپ: ئەم بابەتە ڕۆژی 05-04-2012 دانرا، بەڵام دوای ڕاستکردنەوەی هەڵەیەکی چاپ، لەسەر سایتەکە لاچوو، وا جارێکی تر ڕەوانەی دەکەمەوە.
سوپاس بۆ ماندووبوونتان،
هێمن

- کارەکان :
- بڕۆ ژوورەوە بۆ نووسینی بۆچوون
بۆچوونەکان
سڵاو و دەستخۆش بۆ بابەتەکە.
پرسیاری من ئەوەیە ئەمە چ کێشەیەک چارەسەر ئەکات؟
ئەنجا ئەڵێی: "بە ڕای من ئەم وەشانە نوێیەی PostGIS گۆڕانگاریی گەورەتر لە جیئایئێسی سەرچاوەکراوەدا دێنێتە ئاراوە، بە تایبەتیش لە ویبگەڕدا، چونکە زۆرێک لەو پرۆسێسە ماتماتیکییانەی تا ئێستا لە پرۆگرامەکانی دێسکتۆپدا ئەنجام دراون، دەکرێت ئێستا لە بنکەی دراوەدا بکرێن و ئەنجامەکانی بۆ وێبگەڕ بگەڕێنرێنەوە."
ئەوەی من تا ئێستا دیراسەم کردوە لە ڕاستیدا، وێب ئەیەوێت دورکەوێتەوە لە داتابەیس و KML بە خێراتر، ئاسانتر، ڕەوانتر، وە ستانداردتریشە، چونکە وەک خۆت ئەزانی دروستکردنی هەر schemaیەک کارێکی تایبەتەو ستاندارکردنی کارێکی تا ڕادەیەک ئەستەمە، وایە؟
چونکە [url=https://developers.google.com/kml/documentation/regions#superoverlays]لێرە[/url] ئەڵێ دوایی ئەبێ libraryیەکی وەک GDAL بەکاربێت تا دیسان داتاکانی ناو PostGIS بهێنینەوە بۆ ناو "جیۆ-وێبگەڕەکان"؟ بۆ نمونە بۆ ناو google maps
دوادێڕی ئەم بابەتەی ویکیش بە وردی ببینە
http://en.wikipedia.org/wiki/GIS_file_formats#Raster
ماندو نەبیت
ڕێزم
سوپاس بەسودە ڕونکردنەوەکەت
سڵاو بەڕێزان کاک هیوا و کاک هێمن!
بەخێرهاتنێکی گەرم لە کاک هێمن دەکەم و سوپاس بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە لەسەر یەکێک لە گرنگترین تەکنۆلۆجیاکانی سەردەم.
پێم خۆشە کە دەبینم کوردی تری وەک بەڕێزتان و کاک هیوا هەن کە پسپۆڕیتان لەم بوارە گرنگەی ئەندازیاری و پلانداناندا هەیە. بەداخەوە کورد زۆر دواکەوتووە لەم بوارەدا و زانکۆکانی کوردستانیش گرنگیەکی زۆر کەمیان بەمە داوە. سەرچاوە زانیاری یە کوردی یەکان و ماڵپەڕە کوردی یەکانیش زۆر هەژارن لەم بوارەدا. چەندێک لە زانیاری لەسەر GIS بەکوردی گەڕاوم لەم بابەتە بچووکەی [url=http://zadizanst.com/archives/538]ماڵپەڕی زادی زانست[/url]م زیاتر نەدۆزیوەتەوە کە خۆم لەساڵی 2006 لەسەردەمی خوێندکاریمدا نووسیومە و دواییش نەپرژاومەتە سەر پەرەپێدانی، چونکە خوێندن و کارەکەم دوایی ئاراستەکەی کەمێک گۆڕا و لە GIS کەمێک دابڕام. ئەمڕۆش دوای ئەنجامدانی گەڕانێکی تر تەنها [url=http://www.mop-krg.org/index.jsp?sid=1&id=302&pid=247&lng=ku]ئەم لاپەڕەیە[/url]م دۆزیەوە کە باس لە ناردنە دەرەوەی 25 خوێندکار دەکات بۆ زانکۆی ساوثهامپتۆن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لەم بوارەدا. بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئەو خوێندکارانەی کە لە کوردستانەوە دەچنە دەرەوە بۆ خوێندن ئەگەر پێشینەیەکی باشیان نەبێت لەسەر ئەو بابەتەی کە لەسەری دەخوێنن یان هەر سەرکەوتوو نابن و هەندێکیشیان تەواوی ناکەن و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە یان ئەگەر تەواویشی بکەن کەمیان هەیە کەڵکی تەواوی لێوەرگرێت.
ڕاستی یەکەی ئەمە یەکەمجارە بەبوونی سیستەمی زانیاری جوگرافی سەرچاوەکراوە بزانم، بەڵام پرسیارێک لەسەر ئەم GIS ە سەرچاوەکراوانە، ئایا ئەم PostGIS ە لە ڕووی ئەنجامدانی نەخشە سێ ڕەهەندی یەکانیشەوە 3D بەقەد ArcGIS و IDRISI و WinMap و ئەوانی تر بەهێزن؟ چەند پرسیارێکی تریش کە دەتوانم دواتر بیانخەمە ڕوو تا بۆ بەڕێزیشت زۆر نەبێت.
کاک هیوا ئەم مەسەلەی فۆرماتی داتا و ستانداردکردنە مەسەلەیەکی ئاڵۆزە، چونکە وەک لێرەش ئاماژەی پێدراوە ستانداردی زۆر هەن و جیاوازیشیان زۆرە، بەڵام ئەوەندەی من لێی بزانم سیستەم و پرۆگرامەکانی ESRI پەڕگەکانیان لەسەر شێوەی Shape file دروستکردووە، کاتێک من دەمخوێند ئەم Shape file انە لە بەرنامەکانی ئۆتۆدێسک وەک ئۆتۆکاد و Civil 3D دا پشتگیری نەدەکران، بەڵام ئێستا پشتگیریان دەکرێت و بەئاسانی دەخوێنرێنەوە. بەتەواوی ناوی ئەو بەرنامەیەم بیرنایەتەوە بەس وابزانم [url=http://www.irfanview.com/]IrfanView[/url] دەتوانێت هەموو جۆرە پەڕگەی GIS ی دروستکراو بە چەند فۆرماتێکی جیاواز بخوێنێتەوە و هەتا وەریشیان بگێڕێت.
سەرکەوتووبن
مامە حمید هەندێ لایەنی ئەم بابەتە بواری تایبەتی خوێندنەکەی منە بەڵام لەسەر مۆبایل
باسی دواکەوتن و شتەکانی تر ناکەم.
کاک حمید ئەگەر ویستت زیاتر شارەزای جیسی ژێدەرکراوە بیت، هەر بنوسە open source gis وابزانم لیستێکی قایمت ئەداتێ. من تەماشای GrassGIS و [url=http://www.gsi3d.org/downloads.html]GSI3D[/url] ی BGS م کردوە کە بەڕاستی پێشەنگن لەم جۆرە کارانەدا کردوە.
بە نیسبەت ESRI و ئەحبابەکانی، کە ئێستا فەرمانگەی ئایتی وابزانم لێیان نزیکن، لەم [url=http://www.tandfonline.com/doi/abs/10.1080/01431161.2011.636081]بابەتەدا[/url] هاتوە کە بەڕاستی ترسیان لێ نیشتوە کە هاوشێوەکانی گوگڵ ئێرس بەڕەکەی ژێرپێیان بە یەکجاری دەربێنن. بابەتی تری زانستیش زۆرن بۆ پشتیوانی لەو بۆچونەی من.
وابزانم ئەگەر کاتت هەبێ تۆزێک لەسەر بابەتەکەی کاک هێمن بخوێنیتەوە، PostGIS تەنها ئاسانکاری ئەکات کە ڕاستەر داتا لە posgre هەڵگیرێت دەنا بۆ خۆی ئامرازێکی هاوشێوەی ArcGIS نیە.
وەک کاک هێمنیش وتی کێشەیەکی زۆر هەیە لە ستاندارکردنی داتادا لەم بوارەدا و Shape file یەکێکە لەسەدان جۆری داتای GIS. ئەوەی سەری من ئەهێنێتە ئێش بەڕاستی نرخی ئەم جۆرە پرۆگرامانەو زەبەلاحی و بەینی خۆشمان بێت، نوێنەری ESRI لە کۆنفرانسێک بە جارێ ۳ کەس بەگوێیا ئەیان قیژاند کە تەلەبەکان شێت بوون بە دەست کراش کردنی ڤێرژنەکەیانەوە. وە من بۆ خۆم کۆرسێکی [url=http://www.slb.com/services/software/geo/petrel.aspx]Petrel[/url] م بینی کە بەڕاستی دیسان حەساسیەتی لا دروستکردم کە لایسنسی لەو شێوەیە لەم دنیای open sourceە هێشتا جێگایان ماوە (بەڕاستی پرۆگرامێکی زەبەلاحە، دڵنیام خەڵکی خۆی لێم قبوڵناکەن وا ئەڵێم). بۆیە هەست ئەکەم ئەگەر SketchUpیش جێگاین پێ لەق نەکات خەڵکانی وەک BGS تواناین هەیە جێگایەن پێ لەق کەن.
بەڵام لات سەخت نەبێ کە [url=http://en.wikipedia.org/wiki/COLLADA]COLLADA[/url] بتوانێ کارێک بکات کە ئەوەی لە ArcGIS دروستی ئەکەیت (مەبەستم مۆدڵێکی ۳دوریە) بە ئاسانی بیخەینە سەر مۆبایلەکەت، وە لەڕاستیدا من خەریکی ئەوەم، [url=http://en.wikipedia.org/wiki/COLLADA#Applications]چونکە ئەمە[/url] ئێستا ئەکرێ ئیتر بۆ نەبرێتە ناو مۆبایلیش!
شتێکی تریش هەبوو تا ئەو زانیاریە کەمەی من هەمە لە خزمەتتاندام.
کاک هیوا و کاک هێمن دەستەکانتان خۆش بۆ ڕوونکردنەوەکانتان و ئەو بەستەرانەش کە داتانناون، بەڕاستی ئەم GIS ە تا زیاتر بچیتەناوی زیاتر عەزت دەچیتێ:)
ئیشاللە لە مەجالێکدا دیراسەیەکی فراوانتر لەسەر ئەم ژێدەرکراوە و ئامرازە سێ ڕەهەندیانە دەکەم. ڕاستیەکەی من خۆم لەکارەکەمدا مانگی بەلایەنی کەمەوە 20 تا30 نەخشەی نوێ بە 2D یش و 3D یش سازدەکەم بەڵام ئێمە بۆئەنجامدانی ئەم کارە [url=http://usa.autodesk.com/civil-3d/]AutoCAD Civil 3D[/url] و [url=http://usa.autodesk.com/autocad-map-3d/]AutCAD Map 3D[/url] و [url=http://www.novapoint.com/]Novapoint[/url] بەکاردەهێنین، چونکە وەک ئاماژەی پێدرا لەهەر ووڵاتە و ستانداردێکە و هەر یەکەو لە ئاوازێک دەژەنێ. لە نەرویجیش ستانداردەکەی ئێمە ناوی SOSI ە و ئەو دوو بەرنامانەی باسمکردن Toolbar ی تایبەتیان بۆ دروستکراوە بۆ گونجاندنی ئەم ستانداردە بۆ ئەنجامدانی ڕەسمکردنی نەخشەکان. ئەم دوو پرۆگرامە بە تەواوی ئامانجەکەی ئێمە دەپێکن و بۆ ئەنجامدانی وێنەکانی نوواندنی پڕۆژەکانیشمان [url=http://www.novapoint.com/Products/Novapoint-products/Novapoint-Virtual-Map#.T4pxt9Um_kc]NovaPoint Virtual Map[/url] بەکاردەهێنین هەرچەندە لە Civil 3D ە کەشدا دەتوانیت هەمان کار ئەنجام بدەیت. دوای 10 ڕۆژی تر دەچم بۆ ئۆسلۆ بۆ کورسێک لەسەر دیزاینکردنی فولکە Round about بە 3D. کۆرسێکی تا بڵێی بەهێزە و بۆ تەنها دوو ڕۆژ نرخەکەی 10000 کرۆن واتە نزیکەی 2000 دۆلارە، بیگومان لەسەر مەسرەفی ماڵی مامە (خاوەن کارەکەم) بەشداری دەکەم.
ئەم NovaPoint ە زیاتر لە ئەسکەندناڤیا و هەندێک وڵاتی ئەوروپی و هیندستان بەکاردێت خۆیViaNova بەڕێوەی دەبات کە کۆمپانیایەکی نەرویجی یە و هێشتا ئەوەندە عالەمی نی یە بەقەد ئەوانەی تر کە لێرە ئاماژەیان پێدراوە، هەرچۆنێکبێت کاک هیوا بۆ خوێندنەکەت ئەگەر حەزت لێبوو ئەتوانی سەیرێکی [url=http://www.novapoint.com/Products/Mobile-application/Novapoint-GO#.T4pyVNUm_kc]Novapoint GO[/url] بکەیت کە ئەپلیکەیشنی مۆبایلەکەیانە.
نازانم ڕای ئێوە چۆنە ئەگەر لە زادی زانست بەشێک بۆ GIS بکەینەوە و چەند بابەتێک لەسەری بە کوردی بڵاوبکەینەوە تا ئەو فەقیر و هەژارە سوودی لێببینن؟!!
سەرکەوتووبن
دەست خۆش کاکە هێمن
ماوەیەک لەمەوپێش ئەم [url=http://qgis.org/en/about-qgis.html]نیشاندراوانەم[/url] دی بە WebGL بەڕاستی سەرسامی کردم، هەرچەن بۆ بوارەکەی من سودی لێ نابینم.
کاکە حمید، من زۆر خۆم دور ئەگرم لەوەی لەچەن جێگایەک بنوسم. بۆیە خۆت ئەزانی گەر بتەوێ بەشی تایبەت لەوێ بکەیتەوە.
سوپاس
دەمخۆش کاک هێمن، ماندوونەبیت.
بەڕێزان لە هەچ شوێنێک دەبارەی GIS بنووسرێت چ جیاوازی یەکی نابێت بۆ ئامانجە سەرەکیەکە. گرنگ ئەوەیە کاتێک یەکیک بەکوردی لە زانیاری دەربارەی GIS و CAD دەگەڕێت شتێک هەبێت بیدۆزیتەوە و بە زمانەکەی خۆی بیخوێنێتەوە. گومانی تێدانیە ئێمە هەموومان سەرقاڵین بە کار و خوێندنەوە بەڵام من مەبەستم ئەوەبوو ئەگەر ڕۆژێک لەڕۆژان وەک ئەو بابەتەی لێرەدا خراوەتە ڕوو باشترنی یە لە شوێنێکی تایبەت بە خۆیدا کۆبکرێتەوە.
ئەگەر ڕاستیتان دەوێت من تەنها بەشێکی کەم لە خولیاکانی خۆم لە کوردئایتی گروپدا دەبینمەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لاریم لەوە نی یە لێرە شت بڵاوبکەمەوە هەرچەندە هەندێک جار بەهۆی بەکارهێنانی شێوازێکی جیاواز لەوەی بەڕێوەبەرانی ئێرە پێی ڕاهاتوون ڕووبەڕووی هەندێک کێشە بووینەتەوە. ئەم کێشانە هەرچەندە زۆر بچووکن بەڵام هەرچۆنێک بێت ئامانجە سەرەکیەکەمان کە خزمەتکردنە بە زمان و گەلەکەمان زۆر لەسەروو ئەمانەوەن.
سەرکەوتووبن