گوگڵ بازاڕێک بۆ تاتەبژمێر دەکاتەوە
گوگڵ لە پرۆژەیەکی نوێدا بەنیازە بازاڕێک لە نێت بکاتەوە بۆ فرۆشتنی تاتەبژمێرەکان بەهاوکاری هاوپەیمانەکانی هەردوو کۆمپانیای سامسۆنگ و ئاسوس.
بەپێی [url=http://online.wsj.com/article/SB10001424052702303404704577312043639469540.html?mod=WSJ_Tech_LEADTop]واڵ ستریت جۆڕناڵ [/url]گوگڵ هیواخوازە بەکردنەوەی ئەم بازاڕە ڕێژەیەکی زیاتر لە بەکارهێنەرانی تاتەبژمێر بۆ خۆی بەدەستبهێنێت، لەبەرئەوەی گوگڵ لەبواری تاتەبژمێرەکاندا لە ئێستادا تەنیا ڕکابەری ئەمازۆنی بۆدەکرێت، چونکە ئەپڵ گۆشەیەکی یەکجار زۆری بازاڕی تاتەبژمێرەکانی بۆ خۆی بەدەستهێناوە و گوگڵیش دەیەوێت ڕێژەیەکی زیاتر بەدەستبهێنێت هەروەکو چۆن گۆشەیەکی گەورەی بازاڕی تەلەفۆنەزیرەکەکانی دەستبەرکردووە.
بەپێی سەرچاوەیەکی کەنەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، گوگڵ خۆی تاتەبژمێر دروست ناکات، بەڵکو سیستەمی کارپێکردنی ئەندرۆید وەکو بنەڕەت لە تاتەبژمێرەکانی سامسۆنگ و ئاسوس دا جێگیر دەکات و لەڕێگەی بازاڕێک لەنێتەوە دەیانفرۆشێت.
تاتەبژمێری Kindle چواری ئەمەزۆن، سیستەمی ئەندرۆیدی لەخۆگرتووە، بەڵام بێ پشتگیری گوگڵ.
شرۆڤەکەر بۆب ئۆ دانێڵ لە IDC لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی Computer World پێی وایە کارێکی ئاسان نییە بۆ گوگڵ لەڕێگەی بازاڕی نێتەوە بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، چونکە ناوبراو پێی وایە ئەمڕۆ زۆربەی بەکارهێنەران تا بۆ خۆیان ئامێرەکان لە بازارەکاندا نەبینن و تاقینەکەنەوە ناوێرن ڕاستەوخۆ لە نێتەوە تاتەبژمێر بکڕن.
جێگای باسە ئەمە یەکەم جار نییە گوگڵ پڕۆژەیەکی لەم جۆرە تاقیبکاتەوە، پارساڵ (٢٠١٠) بەهەمان شێوە بازاڕێکی لەنێت بۆ تەلەفۆنی دەستی Nexus One کردەوە، بەڵام لەبەر کەمی ڕێژەی فرۆش دوای شەس مانگ بازاڕەکەی بەناچاری داخست، مەرجیش نییە ئەم پرۆژەیەش بەدەردی ئەوەی پار بچێت.

- کارەکان :
- بڕۆ ژوورەوە بۆ نووسینی بۆچوون