تۆ لێرەیت

ماڵەوە سه‌‌کۆ زمانی کوردی

Hacktivist

هیوا

هیوا

بڵاوکراوەتەوە

2012/03/28

دۆخی بوچوون

کراوەیە  ۔7۔ )

هاکەوان؟ = هاک + چالاکوان
Hacker = هاکەر

هاکەوان هەر زۆر جوانە، لەسەر وەزنی دارەوانە.

چالاکوانی هاککەر :)

سڵاو،

لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ بۆچوونەکانی ئێوە، بەڵام وشەی (چالاکوان) خۆی لەڕەگەوە سەقەتە و دژ بە بنەمای وشەڕۆنانی كوردی هاتۆتە کایەوە، ئینجا وەرە ئەو بکە بە پێوەر بۆ وشەیەکی تر. لە کوردیدا بۆ مانای (active)، "كارا" و "چالاك"مان هەن، وەکوو "ئەندامی كارای كۆڕ" و هەروەها بۆ (activity)یش "كارایی" و "چالاکی". ئێمە ناكرێت لە ئاوەڵناوی (چالاك)+(پاشگری وان بە مانای ئاگادار، چاودێریکار) وشەی (چالاكوان) بۆ (activist) ڕۆبنێین، چونکە بەپێی بنەماکانی وشەسازیی كوردی، ناکرێت لە لە لێکدانی ئاوەڵناوێك و پاشگری (وان)، ناوێكی تری لێکدراو دروست بکەین؛ وەك دەبینن گاوان، کاروان، دەرگاوان، باخەوان وهتد... هەموویان لە لێکدانی ناو+پاشگری (وان) هاتوونەتە ئاراوە!

من پێم وایە، ئەو وشانەی ئینگلیزی کە بە (ist) کوتایییان دێت، مانای ئەوە دەگەیەنن کە پێڕەو و شوێنهەڵگر و سەربە ئەو قوتانخانە و فێرگە و بیردۆزانەن کە بە (ism) کۆتایییان دێت، وەکوو:
پێڕەو و لایەنگری سۆسیالیزم، سۆسیالیست socialist، سۆسیالیزم socialism
داگیرکار، ئیمپریالیست imperialist، داگیركاری، ئیمپریالیزم imperialism وهتد...
بۆیە ئێمە پێویستە چی تر لەسەر بنچینەی ئەو وشە بەهەڵەدروستبووانە وشەسازی نەکەین. دیارە هەرشتێك کە بنەڕەتێكی دروستی نەبوو، قەت سەرناگرێت و چارەنووسی بە لای منەوە زبڵدانی مێژووە. تا ئێرە مەبەستم لە بەهەڵە دروستبوونی وشەی کوردیی (چالاکوان) بوو.

وا بزانم زۆرکات لە زانستی ئاوەڵواتا یان "خوازە" (میتەفۆر metaphore) بەهانامانەوە بێت و واتای نوێ لە وشەیەكی پێشتر هەبوو بخوازین "خوازە" بۆ دیاردە و چەمکی نوێ. بۆ نموونە "دزە و دزەکردن" کە زانسپەروەرانی کوردیش وبۆ مانای (hack) دایانناوە، لە بنەڕەتدا ئەم واژەیە خوازراوە بۆ ئەوەی بەسەر مانایەکی تریدا ببڕین، ئەگینا بەبنەڕەت لە "دزی"یەوە سەرچاوە دەگرێت، واتە (بردنی ماڵی خەڵك بەنهێنی)، "دزە"ش یەکێك لە ماناکانی "چوونەژووری بەنهێنی" یان "نفوذ"ە بەعەرەبی. شتێكی جوانە بە لامەوە کە خواستوویانە بۆئەوەی مانای (hack)یش بدات و کێشەیەکیشی تێدا نابینم. ئەگەریش بمانەوێت لەسەر ئەم بنەمایە (hacktivist) بەكوردی مانا بکەینەوە، ئەوا دەبێت بزانین کە ئەم وشەیە لە تێکهەڵکێشی دوو وشەی تر دروست بووە کە ئەوانیش (hack) و (activist)ن. بەگوێرەی سروشتی دروستبوونی ئەم وشەیە، منیش لە کوردیدا ئەمانە پێشنیار دەکەم:

دزەکارا: (دزە+كارا)، پێكهاتووە لە (دزە) بە مانای (hack) و (کارا) بە مانای (activist)، چونكە وشەکان زۆر کورتن، بۆ بێژەکردنیش سووکن لەسەر زمان و بەئاسانی گۆ دەکرێت. هەروەها دەکرێت هێشتاش کورتتر بکرێتەوە بۆ (دزەكار)، واتە کەسێك کار و هەوڵی هەر دزەکردنە و بە لای خۆمەوە ئەمەیان کورتە، ئاسانە، سووکە و جوانیشە و لە هەمووی گرنگتر بەپێی ڕێساکانی وشەسازیش دروستە و هیچ کێشیەکی تێدا نییە، وەکوو تكاكار، کرێكار وهتد... واتە ئەوانەی پیشەیان تكاکردن و بەکرێ کارکردنە. هەر ئاواش (دزەکار) پیشەی دزەکرنە.

ئیتر سوپاس و هەر شاد و سەرکەوتوو بن!

کاکە زمانیار ماندو نەبیت
کێشەم هەیە لەگەڵ (وادانان) premiseەکانت هەیە چۆن تۆش کێشەت لەگەڵ ئەوەی من هەیە:
۱. دەرگاوان و گاوان هتد: کوا یاساکە؟ ئەکرێ وابێت بەڵام کوا یاساکە؟ وە ئایا ناکرێ ڕیزپەڕێک هەبێت (شاذ)؟
۲. imperialist ناکاتە داگیرکار بەڵام ئەمە گرنگ نیە، بەڵام گەر بەپێی بڕگەی دوەمی قسەکانت بێ ئەوا ئەبێ بڵێین: activist سەربە قوتابخانی activityچیەکانە، کەواتە ئەبێ وشەی چالاکیکار بەکار ببەین بۆ activist وانیە؟ چونکە activism قوتابخانەکەیە کە ئەبێ بکاتە چالاکخانە؟ چالاکیخانە؟ چالاکیست؟ نازانم!
۳. بڕگەی سێیەمت باز ئەدا بەسەر بڕگەی یەکەم و دوەمت و وادیارە ئەڵێی هیچ پێویست بەوانە ناکا، دوو وشەمان هەیە دزە = hack و کارا = activist (بیرت بێ لە ۲ وتمان ئەمە قوتابخانەکەیە) هەردوکیان ئەکاتە دزەکار/دزەکارا کە پێم وایە نە مانای قوتابخانەی چالاکوانیزم ( :P ) ی پێوەیەو نە ئەم وشە نوێیەش لە مێشکی مندا مانای activist ئەگەیەنێت. یاساکانی نەگرتۆتەوە چونکا کرێ+کار لە کرێ +کارا وە نەهاتوە، وە تکاکاریش بەهەمان هەوا.
بۆچونی من:
ا. دزەکار = hacker ئەبێت بەڵام بۆخۆی دزە ناکاتە hack بەڕاستی.
ب. هاکەوان = hacktivist تا ئەوکاتەی تۆ، هاوڕێیەکی ئێرە یان کەسێکی تر شتێکی بابەتیانەترمان فێر ئەکات.
هیوادارم بابەتیانە شیم کردبێتەوە. تۆش هەر شاد و سەرکەوتوو و بەردەوامیش بیت :)

دەستخۆش کاك هیوا!

١- یاسا بۆ دەرگاوان و گاوان: (ناو+پاشگری وان). بەڵام چالاکوان (ئاوەڵناو+پاشگری وان)، کە یەكێكە لەو وشە نوێیانەی کە بەسەرپێچیکردن لەو یاسایە (ناو+پاشگری وان) دروست بووە و تەمەنیشی لە دەیەیەك تێپەڕ ناكات. لەبەر نوێبوونی ئەو وشەیە و هەڵەیی پێکهاتنی، بەدروستی نازانم بێین ئەم یاسایە بشکێنین و بڵێین قەی ناکات، با قەی دەكات، چونکە هەرئەوەندەت بینی باو خۆش دەبێت بۆ وشەی هەڵە و ڕێساش فڕی بە هیچەوە نامێنێت و ئەوەندە وشەی وا دروست دەبێت کە ڕەنگە وشە ڕەسەنەکانیش هەڵوەشێننەوە و بڵێن ئەمەیان (ئاوەڵناو+پاشگری وان) یاسا و ڕێسایە.

٢- ڕاستە دەقاودەق (imperialist) ناکاتە داگیرکاری، بەڵام چییەتی و ماهییەتی (imperialism) هەر داگیرکارییە. دەشتوانین (ئیمپریالیست) بەکار بهێنین، هەروەكچۆن تا ئێستا (سۆسیالیست)مان بەکار هێناوە بۆ (socialist). وایە دەشتوانین چالاکیکار بەکار بهێنین بۆ (activist)، چونکە پێکهاتەی ڕۆنانەکەی دروستە، بەڵام لە چالاکیکار کورتترمان هەیە و ئەویش (کارا)یە و سروشتی وشەیەکی لێکدراویش ئەوەیە کە درێژترە لە وشەیەکی سادە و لە دوو یان زیاتر وشە و ئامرازی تری ڕێزمانی پێکدێت. كەواتە بۆ وشەیەكی وەکوو (hacktivist)، بە گونجاوتری دەزانم کە لە کارا کەڵك وەرگرین تاوەكوو چالاکیکار. لەڕاستیدا ([url=http://www.google.com/search?hl=en&q=def%3A+activism#hl=en&sa=X&ei=ZBJ1T8f2PMr04QSCt7noDg&ved=0CBwQBSgA&q=define%3A+activism&spell=1&bav=on.2,or.r_gc.r_pw.r_qf.,cf.osb&fp=cfebcc141fa7e90b&biw=1366&bih=606]activism[/url])یش ڕێباز یان هەڵوێستێكی کەڵكوەرگرتنە لە چالاکیی و هێزی جەستەیی بۆ هێنانەئارای ئاڵوگۆڕی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی، کە عەرەب بە ([url=http://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%86%D8%B4%D8%A7%D8%B7]نشاط[/url]) گوزارەی لێدەکەن.

٣- وەکوو لە خاڵی سێیەمدا ئاماژەم پێدا، ئێمە كارا بەکار بهێنین لەبری چالاكیکار، چونکە یەکەم وشەکەمان هەیە لە فەهەنگی زمانەکەماندا و دووەمیش کورتترە بۆ ڕۆنانی وشەیەکی لێکدراوی وەکوو (hacktivist). من وتوومە بەپێی ڕێساکانی وشەسازی دروستە، نەك بڵێم بەپێی ئەو یاسایەی لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە. هێنانەوەی (كرێکار و تکاکار)یشم تەنیا وەکوو نموونە بۆ ئەو وشانە هێناوەتەوە کە ئەو سروشتەیان هەیە و ڕەسەنن لە کوردیدا.

سەبارەت بە ئەنجامگرییەکانت:
ئا- لەبەرچی (hack) ناکاتە [url=http://www.zkurd.org/proje/ferhengdev.pl?penase=hack]دزە[/url]؟!
ب- گەر بتوتبا (هاکوان) هێشتا ڕێی تێدەچوو، چونکە ئەم (ه) زیادەیە و پێویستی پێی نییە. ئێمەش لێرەدا بەدوای وشەیەكی ڕەسەنین نەك بارکردنی ئینگلیزی لە کوردی یان بەپێچەوانەوە!!! هههه...

بەهەرحاڵ، منیش هیوام سەرکەوتن و شادیتانە!

سڵاو لە بەڕێزانی بەشدار لەم باسەدا
I. hack1 /hæk/ verb
[Language: Old English; Origin: haccian]
1. [intransitive and transitive] to cut something roughly or violently
واتای hack له ویکیپێدیادا:
هاک:(پاراستنی کامپیوتەر) بەدزی چونەناو کامپیوتەرو تۆڕەکانی کامپیوتەری
هاک:(زانستی کامپیوتەر) ڕێگاچارەی ناشیرن بەڵام کاریگەر بۆ گرفتەکانی بواری کامپیوتەری
هاک:(نەریتی نزمی کامپیوتەر) بەشداری له نەریتی نزمی کۆدنووسی کامپیوتەر
باشترین کار هەمیشە ئەوه نییه که بۆ یەکسانی وشە‌ی زمانی بێگانه بێن و دەست بخەینە هەناوی و ئیڵڵاوبیڵڵا وشەکه وەرگێڕین، بەڵکوو هاوسەنگی (یەکسانی، پارسەنگی, equivalence) ئەو وشەیه دەتوانین له زمانی دایکیماندا بدۆزینەوه که ئەوەش بەلانی کەمەوه دوو سودی باشی تێدایه:
ا)خەڵک باشتر فێری دەبن‌و بە ئاسانیش جێی‌ خۆی له کۆمەڵدا دەکاتەوه و بەشتێکی خۆماڵی دەزانن نەک بێگانەیی
ب)کەڵکی باش له دەوڵەمەندی زمانی دایکی وەرگیراوه
هەموومان دەزانین که کێشەی گەورەی زمانی کوردی ئەوە نییه که وشەمان نەبێ، بەڵکو زمانەکەمان بۆ نووسین بەکار نەهێنراوه بەڵام هەمیشە قسەی پێکراوه.
کورد میوان دوستە و ئێستاش هەر تاڕادەیەک زۆر دڵپاکی‌و جوانمێری لەم نەتەوەیەدا ماوەتەوه، بەڵام گەر بڵێین که هەمیشه له گوندو گەڕەک‌دا چەند کەسی سووک‌و چروک و دەسپیس‌و ‌ چاوچنۆک‌و‌ هەتیوباز نەبووه ئەوا کڵاو لەسەر خۆمان دەنێن.
مەبەستم ئەوەیه که ئەگەر دەرەتان هەبێ وشە دانەتاشین، بەڵکو کوردییەکەی بدۆزینەوه!
من نەمزانیبوو که "هاک" کوردییەو تەنها چاوەڕوانی ئەوەیه که "وان" یان "کەر"ێکی پێوه بلکێنین، ئەوا "Hacker"ی کوردیمان پێکهێناو. ئاوێ بێنه و دەستان بشۆ‌!
دەبێ "کاڵەک"مان هەبێ تا "کاڵەک‌دز"یشی بۆ هەبێ.

دەستخۆش کاك شاودێر!
زۆربەمان دەزانین مانای وشەی (hack) چییە؟! پێشنیاری تۆ بۆ وشەیەكی زمانی دایکیی و ڕەسەنی كوردی بۆ (هاك) چییە، تا ئێمەش ببینە بێستانڕن -ببوورە كاڵەكخۆر-؟