تۆ لێرەیت

ماڵەوە هەموو هەواڵەکان

یانزدە ساڵ کوردئایتی گرووپ: پەیڤینێک لەگەڵ حامید دروودی

aras

Aras

بڵاوکراوەتەوە

2012/01/11

دۆخی بوچوون

کراوەیە  ۔19۔ )

 

سەرەتا بە بۆنەی یانزدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی کورد ئایتی گرووپەوە (کە ڕێکەوتی ٢١/١ دەکات)، پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامان و میوانانی وێبگەکە دەکەم، هیوادارم ئەم دەستە و زانسخوازانە هەردەم بەردەوام بن. جێی شانازییە ١١ ساڵ بێ وەستان، ڕاژەی زمانی کوردی لە گۆشەیەکی گرنگی دنیای ئەمڕۆدا، لەسەر دەستی چەند کوردێکی زانستخواز و خۆنەویست، بەردەوامە. یەکێک لە ئەستێرەکانی ئەم گرووپەش بەڕێز کاک (حامید دروودی)ـە، کە ئەمڕۆ لەم یادەوەرییەدا دەیدوێنین.

کاک حامید ماندو نەبیت.
حامید دروودی: سەلامەت بی.

با لە خۆناسینەوە دەست پێ بکەین...
حامید دروودی: ئەم خۆناسینە زۆری دەوێ، بەڵام ئەگەر بە کورتی بۆتان باس بکەم. من منداڵی ماڵە بەگزادەیەکی ناوچەی بێڵەوارم لە تایفەیەک کە بە دڕۆیی ناسراون. بەشێکیشمان (ئامۆزکانم) پشت ناوەکەیان گۆڕاوە بە "گۆدەرزی" هەر بۆیە ئەم دوو بنەماڵە لە راستیدا یەکن و لە ئاواییەک بە ناوی "چرۆسان" لە ناوچەی "بێڵەوار" سەر بە شاری کامیاران کە لە نێوان کامیاران و مەریواندا هەڵکەوتووە گرساونەتەوە. من ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی (١٩٦٣) لەو دێیە هاتوومەتە دونیا و هەر لەوێ نراومەتە بەر خوێندن. تاکوو پۆلی ٥ی سەرەتایی لەو دێیە و پاشان لە شاری کامیاران لە مەدرەسەی ناوەندی "شبانەروزی" (یەکەم ساڵ کە دانرا، هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتای دەستپێکردنی قوتبخانەی ناوەندی من. هەر بۆیە لەگەڵ والیدی برام و سێ کەسی دیکەی دێکەمان لەوێ وەرگیراین) دەستم بە خوێندن کرد. پاشان ساڵێکیش بۆ ساڵی ١٠یەم لە دەبیرستانی "عەلی غەفاری" کە ئەو کات تازە لە کامیاران کرابووەوە دەستم بە خوێندن کرد. ئەو کات تەنیا ٢ هەڵبژاردن لە بەردەم خوێندکارانی شاری کامیاراندا هەبوو، دەبوو یان "علوم تجربی" و یان "ادبیات" هەڵبژێرن، منیش رێگای ئەدەبیاتم هەڵبژارد، بەڵام تەنیا یەک ساڵ لەوێ خوێندم. شۆڕش دەستی پێ کرد و منیش بەر ئەو لیشاوە شۆڕشگێرییە کەوتم کە لاوە خوێند گەرەمەکانی بۆ لای خۆی رادەکێشا. بەڵام لە پێشدا ساڵێک چوومە کرماشان و ئەوسا هاتمەوە بۆ دێ و لەوێ بووم بە پیشمەرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە هێزی "بێستوون" کە سەر بە کۆمیتەشارستانی کرماشان بوو، لەبەر ئەوەی رادەی خوێندەواریم هەبوو، راستەو راست دوای ١ مانگ کرام بە کادری دەرمانی لە لای دوکتور فەریدوون بەرە بەرە فێر کاری برینپێچان بوون. پاشان سەرەتا لە لای دوکتور نیلوفەری و دواتریش لە لای دوکتوری فەرانسەیی کە دەهاتن بۆ کوردستان دەورەیی دیکەم بینی. ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەی ٢ی رێبەندان لە ناوچەی سەقز و پاشان لە نەخۆشخانەی ئازادی لە قەندیل و دواتر هەر لە قەندیل فێری ددان کێشان و ددان پڕ کردنەوە کرام و کارم دەکرد، ماوەیەکی کورت لە شاری کۆیەش لە هەمان نەخۆشخانەدا کارم کرد و دیسان گەڕامەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سوید و لێرە لە هەموو بەشەکانی نەخۆشخانەدا وەک بەردەستی "ئوندرشۆتشکا" کارم دەکرد. لەبەر ئازاری لاق و ٨ کاتژمیر بەسەر لاقێکەوە وەستان وازم لێهینا و ڕووم لە کومپیۆتەر و مامۆستای زمانی کوردی و فارسی بۆ منداڵان کرد، دواتریش بووم بە شۆفیری تاکسی و پاش ئەویش دیسانەوە خوێندنگا و خوێندنی مێدیا...

لەشت ساخ بێ، کورد وتەنی دنیات دیوە. باسی ئازاری لاقت کرد، وێنەیەکی جەنابتانم بینیوە کە قاچێکی دەستکردت پێوەیە، ئەوە چۆن بووە؟
حامید دروودی: لە پێشمەرگایەتیدا بریندار بووم و لە بەر دووری رێگای شوێنی برینداربوونەکەم بۆ نەخۆشخانە لاقی راستم چڵکی کرد و فەوتا، کاتێک دوای ١٨ رۆژ گەیشتمە نەخۆشخانە، لە ژێر ئەژنۆمدا بۆیان بڕیمەوە. لەبەر ئەوە زۆر خراپیان بڕیبووەوە، لە سوید ساڵی ١٩٨٦ دیسانەوە لە سەرترەوە بۆیان بڕیمەوە.

لە کەیەوە کوردئایتی گرووپت ناسیوە؟
حامید دروودی: لە پێشدا من لەگەڵ زانستپەروارانی کورد بووم، خۆم و کچێکی خۆشکەزام شەوانە لە رێگای پاڵتاڵکەوە لە کۆبوونەوەکانی زانستپەروەرانی کورددا بەشداریمان دەکرد، وا بزانم زۆر جار چوارشەمانە بوو کە ئەو کات من چوارشەمانە لە رادیۆ دەنگی کوردستان لە ستوکهۆڵم بەرنامەم بەڕێوە دەبرد، هەر بۆیە رۆژەکانیتر لەگەڵیان دەبووم و باسی زۆر شت دەکرا لەوانە دانانی وشە بۆ فەرهەنگی ز.کورد. لەوێوە بە هۆی چەند کەسێکەوە کە یەکیان کاک دیاکۆ بوو، بە کوردئایتی ئاشنا بووم. ئەو کاتە وەک ئێستا نەبوو، وا بزانم تەنیا سەکۆ بوو. منیش دڵم چوو لەم ژوورە و لەو کاتەوە لێرەم و وەک ماڵی خۆمی لێ هاتووە، رۆژێک نەیەم ئێرە تاقەت ناگرم.

لە کەناڵی تەلەفیزیۆنیش کارت دەکرد، لەوێ ماویت؟
حامید دروودی: ساڵێک پێش ئەوە کاناڵی تەلەفزیۆنی تیشک تی ڤی دابمەرزێ من لە خوێندگایەک لە شاری ستوکهۆڵم بە ناوی "نیبرو" مێدیام خوێند، واتە دەنگ و رەنگ و وێنەگری. تەواو بوونی خوێندنی من هاوکات بوو لەگەڵ دامەزرانی تیشک، هەر بۆیە لەوێ پێویستیان بە من بوو، منیش بار و بنەم پێچایەوە و بۆ ٥ ساڵ چوومە پاریس و لەوێ کارم کرد. بەڵام دوای ٥ ساڵ تیشک لەبەر باری نالەباری ماڵیی، نەیدەتوانی کارمەندانی وەک ئێمە کە لە وڵاتی ترەوە چووبوون را بگرێ، هەر بۆیە دیسان گەڕامەوە بۆ سوید. لە مانگی ٧ی ئیمساڵەوە پەیماننامەی کار کردنی من تازە نەکراوەتەوە. بەڵام لەو کاتەوە تاکوو ئێستا چەند جارێک پێویستیان بە یارمەتی بووە، داوایان کردووە و منیش لە سوید یارمەتیم داون و ڕیپۆرتاژ و فیلمی بۆنە و جێژنەکانم بۆ هەڵگرتوونەتەوە.

ئەم کارە کاریگەریی لەسەر ژیانت چۆن بوو؟
حامید دروودی: لەو پێنج ساڵەدا من زیاتر لە ٥٠ فیلمی دیکۆمەنتەری ژیانی پێشمەرگەی بریندار و کەم ئەندامم دروست کرد، زیاتر لە ٥٣ دانە پرۆگرامی زانستی ئای تی، بڵاو کرایەوە کە هەمووی لەسەر ئەرکی خۆم و مونتاژ و رێکۆپێک کران، شەو نوخونی زۆرم پێوە دین بەڵام وەک شانازییەک لە ژیانمدا ماوەنەتەوە و زۆربەشیان ئێستا لە سەر یوتوب دەست دەکەون. سوودێکی دیکەش کە لەو ماوەیەدا بە نسیبم بوو ئەوە بوو کە لە رێگای ئەو کاناڵەوە بووم بە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سوید کە هیشتا لەگەڵیانم و بڕیاریشم داوە لەمەودواش لەگەڵیان بم. کارێکی دیکەش کە لەو ماوەیەدا لە تەنیشت کاری تیشکەوە دەمکرد، نووسین و بەرهەم هێنانی فەرهەنگێکی فێربوونی زمانی فەرانسەیی بوو بە کوردی کە لەگەڵ بەیان سەلمانی هاوکار و هاوڕێی بەڕێزم نووسیومانە کە بەم زووانە لە چاپ دەدرێ.

بۆ ١١ ساڵەی کورد ئایتی گرووپ چی دەڵێیت؟
حامید دروودی: چی بێژم برا، هیچ ناوترێ، ئەوە نەبێ کە شانازی ئەوەم هەبووە تاکوو ئەو جێگایە توانیومە وەک باقی هاوڕێیانی ئێرە لە کاتی خۆم گێڕاوەتەوە بۆ ئەوە هیچ نەبێ سوودێکی زۆر کەم بە خەڵکەکەم بگەیەنم، دیارە وەک ئەوانم پێ ناکرێ، بەڵام ئەوەندەی پێم کراوە درێغیم نەکردووە. جێی خوشحاڵییە کە کۆمەڵێک کەس کە هەر کەسەو لە شوێنێکی ئەو جیهانەدان، رەنگە هەر کامیشمان بیرو بۆچوونی سیاسی خۆمان هەبێ، بەڵام کەس باسی ئەوەی نەکردووە و تەنیا ئاماجی ئەم گرووپە پەرەپێدانی زانستی ئایتی بووە، ئەویش بە کوردی، لە دەوری یەکتر کۆبوونەتەوە. ئەمەش زۆر دەگمەنە کە لە کوردەواریدا بۆ ماوەی ١١ ساڵ کۆمەڵە کەسێک بە بۆچوونی جیاوازی رامیاری و کەسایەتی جۆراوجۆرەوە، بتوانن پێکەوە بۆ ١ ئامانج تێبکۆشن.

خولیای کاک حامید بۆ ئەم چالاکییانە لە کوێوە سەری هەڵداوە، ئینجا چۆن کاتەکانت ڕێک دەخەیت بۆ چالاکییەکانت لە کورد ئایتی گرووپ؟
حامید دروودی: من لە پێشدا بۆ زانستپەروەرانی کوردم دەنووسی، بە خۆشیەوە تاکوو ئیمڕۆش بابەتەکانم لە سەر ماڵپەڕەکەیان ماونەتەوە، دواتر بڵاو کردنەوەیان تۆزێک دژوارتر بوو، هەرچەند باش بوو، بەڵام مرۆڤ کە بابەتێکی هەیە پێی خۆشە هەرچێ زووتر بڵاو بێتەوە، لەوێدا تۆزێکی دەخایاند یان جاری وا هەبوو بۆ پێداچوونەوە دەبوو یەک دوو رۆژ بخایەنێ. هەر بۆیە تۆزێک لەو تام و جێژەی کە مرۆڤی نووسەر هەیەتی کەم دەکردەوە، بۆیە رووم لە کوردئایتی کرد و لێرە بە هاوکاری هاوڕێیانی ئێرە و لە پێش هەموویاندا بەردەقانی بووم بە ئەندام.
دیارە من لە ١٧ ساڵییەوە دەنووسم و بابەتم یەکەم جار لە گۆڤاری سەرماوەزدا بڵام بووەتەوە، دواتریش لەگەڵ هاوڕێیەکی دەورانی پێشمەرگایەتیمدا فەرهەنگێکی سۆرانی ـ هەورامیمان نووسیوە، لە گۆڤاری لاوان و ژناندا دەمنووسی. لە چەند ماڵپەڕدا وتارم نەنووسی و هەموو ئەمانەم لە رۆژی یەکەمەوە بەلاوە ماوە، هەر بۆیە دەتانم بڵێم ئەم خولیایە هی پێش ٣٠ ساڵ لەمەوبەرە.
ئەو کاتەی کە فۆنتەکانی کوردئایتی بوون بە یونیکۆد، فۆنتی عەلی هەبوو، دیلانی هاوڕێشم فۆنتی دیلانی هەبوو، منیش ٥٤ فۆنتی سۆرانیم دروست کردبوو، هەربۆیە دوای دروست کردنی ئەو فۆنتانە لەسەر بنەمای یۆنیکۆد زیاتر رایکێشام بەلای ئەم ژوورەدا. لە هەمووش گرینتر ئەوە بوو کە راستەخۆ دوای چەند چرکەیەک بابەتەکانی خۆم دەبین و دیسان هان دەدرامەوە بۆ نووسینی دیکە. بەتایبەتی وەرگێڕانی بابەتی زانستی لە فارسی و سویدییەوە.

زمانی سویدی تا چ ڕادەیەک کاریگەریی هەبووە لەسەر نووسراوە و بڵاوکراوەکانت؟
حامید دروودی: راستەکەت دەوێ من لەوەتەی لێرەم خوێندوومە، کەم جار بووە چەند ساڵێک لە سەریەک کارێک بکەم و دیسانەوە بام داوەتەوە بۆ قوتابخانە. لە کۆتایی ٨٠کان و دەیەی نەوەدەوە کۆرسی زانستی کومپیۆتەر و پاشان گرافیک و دیزاینم خوێندووە. بەڵام بە دەگمەن نووسینم بە سوید ناردووە بۆ رۆژنامەکان، بێجگە لە رۆژنامەی "بێرگسلاگس پۆستن" نەبێ کە شانۆگەرییەکەم و پێشانگای وێنەکانم (وێنەی ویترای دەکێشمەوە) و وتارێکیش لەسەر مامۆستای شانۆگەرییەکەم و فێربوونی زمانەکەم نەبێ کە لە هەمان رۆنامەدا بڵاو بوونەتەوە، لە بیرم نایە شتێکم بۆ ئەوان نووسیبێ.
تەنیا کارگەری ئەو زمانە لەسەر نووسینی من ئەوەیە کە وتاری لێ وەردەگێڕمەوە. زۆر جاریش وتاری سیاسی دەکەم بە کوردی و لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکاندا بڵاو دەبێتەوە. وەکی دیکە دەتوانم بڵێم هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نیە، چوونکە ئەمانە ئەرز و ئاسمان جیاوازن. میللەتێکی کەم بەڵام لە زۆر بواردا ناوبانگی جیهانیان هەیە، بۆ هەموو شت ناویان هەیە، ئەگەر نەیانبێ بۆی قەرز دەکەن.

دەتوانیت مەبەستەکەت زیاتر ڕوون بکەیتەوە؟
حامید دروودی: دەتوانم یەک نموونە بێنمەوە: پێشتر لە کۆرسێکی لێخوڕینی مەکینەی قورس و گراندا بووم کە حەوتووی پێش تەواو بوو، بووین بە (ماشینیست) لەوێدا دەبوو خاکناسی و کێشانی رێگاوبان فێر بین. من لەو کاتەوە ناوی چەند خاک و خۆڵم لە سەکۆی کورد ئایتی‌گرووپدا داناوە، تاکوو ئێستا کەس هاوماناکەیانی بە کوردی نەنووسیوە! لە کاتێکدا من دەزانم ئەوانە چن و بۆ چی دەبن و لە کوێدا بەکار دێن، بەڵام بە کوردی ناویان نیە! بۆیە ئەم دوو زمانە ئەگەر لێک نزیک بوایەن ئەوا سوودێکی زۆر زۆری بە زمانەکەمان دەگەیاند و رەنگە ئەو کات کاریگەری هەبووایە بەڵام وەک لە پیشدا وتم، بۆ نووسینی وتار هیچ کاریگەری لەسەر من نەبووە.

ڕوانینت بۆ داهاتووی ئەم گرووپە؟
حامید دروودی: ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی ئەم گرووپە بە دی دەکەم، هیواداریشم هەر وا بێ.

دوا وتەت لەم پەیڤینەدا ...
حامید دروودی: وەڵامی پرسیاری کۆتاییش، هیوادارم ئەم گرووپە هەرچێ زیاتر پەرە بگرێ و بەتایبەتی لە نێو کۆمەڵی لاواندا جێگای خۆی بکاتەوە و زیاتر روو لەم مەکۆیەی خۆیان بکەن، چوونکە داهاتوو و ژیانی ئەوانیش پێوەندییەکی راستەخۆی بە ئایتی‌یەوە هەیە.

لە کۆتاییدا، زۆر سوپاسی کاک حامید دەکەم بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و هیوای بەردەوامیی و لەش ساخی تەمەنێکی درێژی بۆ دەخوازم.
ئەم فیلمەش چەند ویستگەیەکی ژیانی کاک حامید نیشان دەدات، دیارە ژیانی بەڕێزیان دانەبڕانە لە تێکۆشان و کوردایەتی.
فیلم: ژیانی کاک حامید
 

سازدانی: ئاراس

بۆچوونەکان

سڵاو. کاک بەردەقانی، ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەکەی هەڵەیە، ئەو ڕێکەوتە کاتی دەستپێکردنی نووسینی هەواڵەکە بووە نەک ڕێککەوتی بڵاوکردنەوەی. چاک دەکرێت؟!

منیش دەستخۆشی لە کاک حامید دەکەم بۆ هەموو کۆشش و ماندوو بوونێکی ،هەم لە شاخ ،هەم لە ئایتی ،کە بەڕاستی هەموو ژیانی تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردن ،هیوادارم نموونەت زۆر بێت کاک حامید ،هەردەم لەش ساغ و تەندروست بیت.

لەبەر ئەوە زۆر خراپیان بڕیبووەوە، لە سوید ساڵی ١٩٥٦ دیسانەوە لە سەرترەوە بۆیان بڕیمەوە.
وابزانم لە ساڵەکە هەڵە کراوە.

دەستخۆش بۆ کاک ئاراس بۆ سازدانی ئەم چاوپێکەوتنە.

دەستخۆش کاك ئاراس بۆ سازدانی ئەو دیمانەیە. هەروەها ماندوونەبوون لە كاك حامید دەکەم و بەهیوای بەردەوامی بۆ ئەو و كوردئایتیگرووپ و ئەندامانی!

زۆر سپاستان دەکەم و لە پێشدا پڕ بە دڵ سپاسی کاکە ئاراسی خۆشەویست دەکەم و دوایە هەموو هاوڕێیان ئێرە و لە پێش هەمووانیشدا کاکە هەڵۆی کوردستان و کاکە زمانیاری بەڕێز. دڵسۆزانە لە دوورەوە دەستی هەمووتان دەگوشم و هیوادارم پێکەوە لەم ساڵەدا کە تازە دەستی پێ کردووە بتوانی ئەم ماڵە دەوڵەمەندتر بکەین.
لەسەر ئەو مێژوویە کە بە هەڵە ١٩٥٩ نووسراوە، زۆر راستە ئەوە دەبێ ١٩٨٦ بێ. واتە دوای نزیک ساڵێک مانەوەم لە سوید.
شتێکیتریش هەیە تەنیا بۆ مێژووە و نەک خۆڵهەکێشان و هیچیتر ئەویش ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ بە ئەندام بوونی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سوید، بووم بە ئەندامی سەندیکای رۆژنامە نووسانی کوردستانیش کە هێشتا ئەندامی چالاکیانم.
چەند بەرهەمی نووسینیشم هەیە کە لەوێدا لە بیرم چووە باسیان بکەم. یەکەمیان وەرگێڕانی کتێبێکی منداڵانەیە بە ناوی "ساداکۆ" لە فارسیەوە کراوە بە کوردی و هاوڕێکی خۆم پێدا چووەتەوە بەڵام چاپ نەکراوە. فەرهەنگێکی سۆرانی ـ هەورامی کە لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆم بە ناوی حاتەم مەنبەری ئامادە و چاپ و بڵاومان کردووەتەوە. فەرهەنگێکی قەبەی گوڵ و گیا کە زیاتر لە ١٥ ساڵە خەریکیم و بەشێکی لە راژەکارەکەی کاک دیلان داسۆک بە ناوی گوڵنامەی کوردی دانراوە، بەڵام هێشتا ئامادی چاپ نەبووە. چەندین کتێبیشم بۆ خەڵک تایپ و پیت چینی کردووە و دیزاینی بەرگەکەم بۆ کردوون. لەوانە کتێبی کاک دوکتۆر خەلێقی، کاک سیاوەش گۆدەرزی ئامازام و کتێبی هەڤاڵی هاوڕێم کە حەوتوویەکە چاپ کراوە. کاتێکی لە ئەنجمەنی قەڵەمی کوردەکانی رۆژهەڵاتدا گۆڤارێکمان بە ناوی "سیاسەت" بڵاو دەکردەوە ئەرکی سەرەکی تایپ و ڕازانەوەی لە ئەستۆی من بوو. دیارە گۆڤاری وەرزی بوو، تەنیا ٤ ژمارەی لێ دەرچوو و پاشان داخرا.
هەر وەک وتم ئەمانەم تەنیا بۆ مێژووی ژیانی خۆم نووسی، زۆر شتیش هەیە کە لە ژیانی مرۆڤدا روو دەدا بۆ گێڕانەوەی سەر تۆڕ ناشێ.
دیسان رێزم بۆ هەمووتان هەیە، خۆشتانم دەوێ و بۆ پێشەوە بۆ ئایتییەکای دەوڵەمەندتری کوردی.

دەسخۆش کاکە ئاراس، ماندوونەبیت، بەڕاستی چاوپێکەتنێکی ڕێکوپێکە.
سڵاو کاکە حامید،
بۆ من جێگای ئەوپەڕی شانازییە لەگەڵ کەسێکی وەک ئێوە کاربکەم. دڵنیام هیچ گرووپێک گرنگ نییە، گرنگ ئەو کەسانەن کە کاری بۆ دەکەن. هیوادارم ساڵی یانزەمی ئەم گرووپە ببێتە ساڵی دڵخۆشی و لەش ساخی و هاتنە دی هەموو خەونەکانت.
خۆزگە گەلەکەم ملیۆنێکی تری وەک ئێوەی تێدابوایە.
باوەشێک خۆشەویستی

قوربانی تۆ بەردەگیان. تۆش جێگای شانازیت. رەنگە ئەگەر تۆمان نەبوایە ئێستا لێرە لە دەوری یەکەوە کۆ نەبووباینەوە. سەرکەوتوو بی و هیودارم تۆمان بۆ بمێنی. بۆ پێشەوە.

دەستەکانت خۆش کاک ئاراس تەمەن درێژو تەندروست بیت
کاکە حامید درودی دورد بۆ تۆ!
هیوادارم ژیانێکی ئارام و ئاسودە بەسەر بەریت و هەر ئاوا لە ماڵە گەرم وگوڕەکەی خۆتا کوردئایتی گروپ چالاک و ماندو نەناس بیت.
کاک بەردەقانی ووتەنی مایەی شانازیە لەگەڵ بەڕێزانی وەک ئێوەدا کارکردن. تۆبڵێی ئێستاش دەسەڵاتدارانی کورد شەرم نەیانگرێ، تاکەی مشەخۆر بن لەسەر بەری ڕەنجی خەڵکانی وەک کاک حامید و هاوڕیانی کاک حامید.
ڕێزی زۆرم هەیە بۆتان

زۆر پێ خۆشحاڵ بوم کە کەسێکی وەک ئیوەم ناسی کاک حامیدی بەرێز هیودادارم سەرکەوتوبیت و گەلی کورد کەسانی وەک تۆ زۆر تێدا بێت

سوپاس بۆ ئەو پەیامە جوانانە. دەسخۆش کاک بەردەقانی بۆ چاککردنی ڕێکەوتەکە، بووە بە ١١/١١ کە بوارت بوو بیکە بە ١١/١.

کاکە ئاراس دەستت خۆش و ماندوو نەبیت
کاکە حامد درودی، هەمیشە درەوشاوەبیت و تەمەن درێژ بیت. بە هیوای ساڵێکی پڕ بەرهەم و نزیک بونەوەی زیاتری هەموومان وە ڕێ ڕۆشن کردنەوەی زیاتر بۆ نەوە گەنجەکانمان.
ڕێز و حورمەت بۆ هەموولایەک

ساغ و سەرکەوتوبیت کاک حامیدی بەڕێز، بەڕاستی کەسانی وەکو بەڕێزتان شایەنی ئەوەن کە ئێستا لە جێگەیەکدا خزمەت و خەڵاتبکرێن و مەدالیای ڕێزلێنانتان پێ ببەخشرێ و پشووبدەن و بحسەسێنەوە، بەڵام جەنابتان بەردەوامن لەخزمەت و خەبات وتێکۆشان.
خوا نمونەتان زۆربکات بۆ گەلی کورد.
دەستخۆش، بەڕێز کاک ئاراس

دیسان هەر سپاس بۆ ئێوەی ئازیز، ئێوە هاندەرێکی باشن بۆ ئەوەی ورەی کەسانی وەک من بەرنە سەرێ. بێگومان منیش ئێوە بە برا و پاڵپشتی خۆم دەزانم، بە ئێوە شادم و ئێوە لەم هەمووە ساڵە دوور و درێژەدا منتان فێری زۆر شت کردووە. منیش وەک برا چووکەیەک لە خزمەتدام.
بەخێریش بێتەوە کاکە زەندی چاو و دڵمان رۆشن، ماڵپەڕەکەت ئاوەدان کردەوە. هیوادارم سەفەرێکی خۆشت هەبووبێ.

تیاح خۆ یەک ئەستێرەی نەماوە کاک زەندی!!!!!!!

کاک حامید هیوادارم قاچت لە شەڕی ناوخۆدا لەدەست نەدابێت. بەڵکو لەگەڵ جمهوری اسلامیدا.. . هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم..

نەخێر کاکە فەتاح گیان بە خۆشیەوە لە شەڕی نێوخۆییدا لە دەستم نەداوە، تازە من کادری دەرمانی بووم و لە جاش و پاسداری بریندارەوە بگرە تاکوو بیرینداری هێزە کوردی و نەکوردییەکانی برینیانم پیچاوە. پێشمەرگەی ئەم دیو ئەو دیو، کچە پێشمەرگەی برینداری کۆمەڵە و زۆریش حیزبی دیمۆکرات بەم دەستانەی من دەرمان کراون. لە نەخۆشخانەی قەندین ددانی زۆر گوندی و لادێکانی بناری قەندین بە دەستی من پڕ کراونەتەوە یان کێشراون و لە ئازار و ئەزییەت رزگاریان بووە.
ئەوانەش لە منیان داوە هەر کورد بوون بەڵام جاش بوون، ئەو کوردە دەردی زۆر گرانە. لێرە لێیگەڕێین و باسی ئایتی بکەین لە هەمووشتێک باشترە. من سپاسی ئەم ماڵپەڕە دەکەم کە هێندەشیان کات داینێ بۆ ئەو باسە. بەڵام لەمەوپاش ئیتر ئایتی و باسی بریندار بوون و خوێن و برینی بۆکردوو، رشانەوەی خوێن لە لایەن پ.م. و دایک و خۆشکی بریندار و بە دەواو دەرمان رادەگرین بۆ بیرەوەرییەکی دوور و درێژتر کە کات و شوێنی خۆی هەبێ. لێرەدا "ئایتی" قسەی یەکەم دەکا. زێی فراوانی من قەبووڵ بکە.

سه رکه ووتوو بی'' کاک‌حامیددروودی''
خزمه تی کوردبه کوردی ڕه سه ن ئه کرێ''ده ستووپه نجه تان به رده وام بێ برای ئه زیزم،.سه رفرازبن.

ڕێزت هەیە کاک حامید، بۆیە ئەم پرسیارەم کرد چوونکە منیش هاوڕێ‌یە کی ڕۆژهەڵاتم هەیەو بەداخەوە لە شەڕی ناوخۆدا قاچی چەپی لەدەست داوە.

هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیت بۆ دەخوازم کاک حامید.
دەستی کاک ئاراسیش خۆشبێت بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.

قوربانی تۆ کاک تێکۆشەری زۆر بەڕێز.