تۆ لێرەیت

ماڵەوە سه‌‌کۆ زمانی کوردی

موکریان، سۆران/ ئه‌رده‌لان، بابان؟

Qendil82

Qendil82

بڵاوکراوەتەوە

2011/10/16

دۆخی بوچوون

کراوەیە  ۔1۔ )

پرسیارێک هه‌ڤاڵ زمانیار
ڕاستی له‌ ناوچه‌ی موکریان و سۆران زیاتر " ئه‌و" به‌کار ده‌به‌ن، واته‌ ده‌ڵێن ئه‌و کاته‌ت باش، ئه‌و په‌ڕتوکه‌م ده‌یه‌. ئه‌م زۆر بێگانه‌یه‌ له‌ وتن و نوسیندا. له‌ ناوچه‌کانی بابان و ئه‌رده‌ڵان ئه‌م و ئه‌و مانای جیاوازه‌ ده‌ده‌ن و ئه‌م بۆ نزیک و ئه‌و بۆ دور به‌کار ده‌برێت. تۆ ڕات چیه‌؟ پێت وایه‌ جیاوازی زاراوه‌ی ناوچه‌ییه‌ یان وێژه‌ییه‌؟ ده‌ڵێن و ئه‌ڵێن، ده‌که‌ین و ئه‌که‌ن، واته‌ هه‌مو وشه‌کانی به‌ ده‌ له‌ موکریان و سۆران به‌کار هاتون، له‌ ناوچه‌کانی بابان، ئه‌رده‌لان به‌ ئه‌ به‌کار هاتونه‌. کامیان وێژه‌یتر، دروستتر و گونجاوتره‌ له‌ کوردیدا؟ به‌ کرمانجیش ده‌ به‌کار دێنن تا ئه‌. بۆ وێنه‌ ئه‌ز ده‌بێژم ته‌ هه‌ڤاڵه‌کی دلۆڤانی. ئه‌ڤ هه‌ڤاڵا منه‌. ناڵێن ئه‌بێژم یان ئه‌م هه‌ڤاڵا منه‌.
به‌سپاسه‌وه‌، قه‌ندیل

سڵاو كاك قەندیل،

وەکوو ئاماژەت پێداوە سەبارەت بە ئەو و ئەم، گوتنەكە پێوەندیی بە ناوچەوە هەیە و هیچ لە ماناکانیان ناگۆڕێت. بەڵام وەکوو زمانی کتێبی و یەکگرتوو لەم پێوەندییەدا زیاتر "ئەم" بەکار دەچێت. لە ڕێزماندا ئەم و ئەو هەردوو ڕاناوی هێماكردنن (ضمير اشاره) و مانایان جیاوازە، "ئەم" بۆ ئاماژەکردن بۆ نزیکە و "ئەو" بۆ دوور، وەکچۆن خۆتان نووسیوتانە.

سەبارەت بە دەکەین و ئەکەن وهتد... پێشتریش لەم ماڵپەڕە ئاماژەم بەم مەسەلەیەش کردووە بۆیە بۆت دەگوێزمەوە ئێرە:
"وێژەییترە کە لە دەمەکانی فرمان (کردار)ی ڕانەبوردوو "دەنووسرێت" و ڕابوردووی بەردەوام "دەنووسرا" بە نیشانەی پێشگری (دە) لەباتی (ئە) بەکار بچێت. چونکە وەکوو وترا (ئە)ش دروستە، بەڵام زیاتر لاوەکی و ڕەمەکییە و (دە) دروستترە لەباری وێژەیی و نووسینەوە. ئەوەی ڕاستی بێت، گەر بەراوردێكی سەرەتای نووسینی کوردی هەر لە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردییەوە تا ئەم سەردەمە نوێیەی کە شۆڕشێكی زانیاری بەخۆوە دیوە، بەکارهێنانی (ئە) زۆر کەم بۆتەوە و بەرەو نەمان چووە؛ کە ئەمەم لەلا پێڤاژۆ (پرۆسە)یەکی تەندروستە و لە زمانەکانی تردا وەکوو ئینگلیزی بەدی دەکرێت و یەكێکە لە هێماکانی پێشکەوتن و پەرەسەندنی زمان. بەڵام ئەم جۆرە پەرەسەندنانە بۆ زمانی کوردی گرنگییەکەی زیاترە، چونکە دەرهاویشتەیەکی ئەرێنییە بۆ خەمڵینی زمانێكی یەكگرتووی وێژە و نووسینی زمانە شیرینە بێكەسەکەمان. "

"... تەنیا مەبەستی من لە زمانی وێژە و نووسینی نوێدا بوو کە بەپێی کات کەم بۆتەوە و بەرەو نەمان چووە و دەچێت. منیش لەگەڵ ئەوەم کە لە کۆندا بەو شێوەیە نووسراوە و بگرە ڕێنووسەکەشی ئاوا بووە (أ)، بۆ نموونە لەوانە ئەم ڕستەیەیان "ئەو ئیرادەی كرد و ئەز ئیدارەی نەكرد." بە ڕێنووس و ئیملای ئەوکاتە ئاوا نووسیبا "أو إرادەي كرد و أز إدارەی نكرد."."

ئەوەندەی بزانم، لە كرمانجیدا وەکوو سۆرانی ئەوان کێشەی "ئە" و "د"یان نییە و هەروەك ئاماژەت پێدا، تەنیا "د"یان هەیە بۆ ئەو دەمانەی فرمان. بەکورتی و هەروەك لەسەرەوەش باس کرا، وێژەییتر و گونجاوترە کە "دە" بەیەکجاری شوێنی "ئە"ی شێوەزار بگرێتەوە و لە نووسیندا تەنیا "دە" بەكار بهێنین. ئەمە خۆی لە خۆیشیدا خزمەتێكە بە ڕەوتی بەستانداردکردنی زمانی کوردی و جێگیرکردنی زمانێكی یەكگرتووی كوردی و ڕزگاربوون لە قۆناغی شێوەزار و شێوەزارگەرایی. ئەڵبەتە ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە زمانی یەكگرتوو بە بێنیاز لە شێوەزارەکان بزانین، بەڵكوو شێوەزارەكان وەکوو خۆراك و توخمەپێکهێنی زمانی یەكگرتوون. بۆیە بۆ ڕێخۆشکردن بۆ زمانی یەکگرتوو بە یەك ستاندارد نەك جووتستاندارد واتە دوو زاراوە هەردووکیان زمانی فەرمی و ڕەسمی بێن لە نیشتمانەکەماندا.

زمانی یەكگرتوو دەبێت ئەو سەربەستییەی هەبێت کە پاش وەرگرتنی هەر وشە و زاراوایەك لە هەر شێوەزارێکی ناوچەکانی کوردستان و بگرە قەرزکردن لە زمانانی بێگانەش -لەکاتی پێویستدا- بتوانێت ئەو وشەگەل و زاراوەگەلە بەپێی یاساگەل و ڕێساگەلی زمانی یەکگرتوو کە سەرچاوەگرتووی تۆژینەوە زمانەوازنییەكان و بنچینەكانی وشەڕۆنانی کوردی بێت، دەستکاری و هەمواریان بكات، بەڵام نەك هەموو کاتێك و لە هەموو دۆخێکدا.

دەبێت هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی شێوەزارێك بۆ بوونە زمانی یەكگرتوو بەگوێرەی لواوی و توانست و پێشکەوتنەکانی ئەو زمانە، بەبەڵگە و تۆژینەوەی زانستیی زمانەوانی، بە حیسابكردن بۆ چەندێنی و چۆنایەتیی گەنجینەی نووسراوی وێژەیی ئەو شێوەزارە و لەلایەن پسپۆڕانی تایبەت بەو پرسەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. ئەمڕۆ ئێمە هیچ شێوەزارێكمان نییە کە ئەوەندەی سۆرانی گەنجینەی وێژەیی هەبێت و بواری پێشکەوتن و پەرەسەندن و گەشەکردنی بۆ ڕەخسابێت. بۆیە دەسەڵاتدارانی كورد، بەتایبەت لە باشووری كوردستان دەبێت بە ئەرکی مێژوویی خۆیان لەهەمبەر زمانی یەكگرتووی كوردیدا هەڵسن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانەی سەرەوە و بە ڕاوێژکردن لەگەڵ تایبەتمەندانی ئەو پرسەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر دیاریکردنی زمانی یەكگرتووی کوردی بدەن. هەرچەند ئەو پرسە دەبوایە هەر پاش لەدەستگرتنی دەسەڵاتی ئەو پارچەیەی کوردستان، ئەو بڕیارەیان بدایە، بەڵام ئێستاش هەر باشترە لەوەی کە قەت نەدرێت و بەدوای بخەن، چونکە تا دوا بخرێت، کێشە و گرفتی زیاتر كەڵەكە دەبێت و بەم شێوەیەش پێگەی زمان و نەتەوەی كورد هەروا بە ناجێگیری دەمێنێتەوە و ناجێگیرتریش دەبێت و مەترسیی ئەوە هەیە کە ببێتە گەڕەلاوژێیەکی شێوەزارگەرایی هەر نەبێتەوە. زۆر بەداخەوە کە وا دەڵێم، بەڵام هاتنەئارای دوو شێوەزار لە باشووری کوردستاندا (بادینی لەتەنیشت سۆرانی) پاش ڕووخانی بەعس نموونەی زەق و هەرەبەرچاوی سیناریۆی ئەو گەڕەلاوژە دزێو و ترسناکەیە، کە دەسەڵاتێكی کوردیی وامان نییە درك بەو مەترسییانە بکات و بگرە بەنەزانی یان بەئەنقەست وا خەریکن بۆ داسەپاندنی جووتستانداری سۆرانی بادینی. بۆ زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە، دەتوانن کتێبی ([url=http://kurd.kurdiu.org/pdf/dadhajdahjdhajd.pdf]زمانی ستانداری کوردی[/url]) لە نووسینی ڕێبوار عەلی بخوێننەوە و بەتایبەت پێشەکییەکەی کە موحسین جوامێر نووسیوێتی، هەروەها پەڕتوكی ([url=http://www.pertwk.com/pdf/asaishi_netewey_zman.pdf]ئاسایشی نەتەوەیی و پلانی زمان[/url]) لە دانانی د. قەیس کاکل تۆفیق، کە زۆر بەجوانی ئاماژەیان بە ئەم پرس و ترسە داوە.

هەر بژین و سەرکەوتوو بن!