بەکوردی کردنی نەخشەکێشی گوگڵ
------- دەستکاری (٣٠.١.٢٠١٤) --------
ئەم پرۆژەیە ئەگەر نەمردبێت، وەک مردوو وایە. دەزگایەکی زل و ملیارەها دۆلار هەیە. بۆخۆی هەڵەیەک بوو شتێکی لێ فێر بین.
------- کۆتایی دەستکاری (٣٠.١.٢٠١٤) --------
لە ئێستادا پرۆژەکە ئامادەیە کە چالاک بکرێت، تکایە بچۆ بۆ ئەم بەستەرە و ئەستێرەیەکی لەسەر دانێ!
https://code.google.com/p/google-mapmaker/issues/detail?id=2194&q=kurdish&colspec=ID%20Type%20Status%20Priority%20Summary%20Stars%20Internal
========
بەلامانەوە گرنگە کە ئەم پرۆژەیەش وەک وەرگێڕانی گوگڵ خۆی سەرکەوتوو بێت. تەنها چارەیەکە بتوانین شار و شارۆچکەو لادێ و تولە ڕێ و لوتکە بە لوتکەی کوردستان بکێشین.
پێویستت بە ئەکاونتێکی گوگڵ هەیە.
دوای چونە ژورەوە بچۆ بۆ: http://www.google.com/transconsole/giyl/chooseProject
لەوێ گەر یەکەمجارت بێ، داوات لێ ئەکات زمانێک هەڵبژێری کە دەتەوێ هاوکاری تێدا بکەی، کوردی سۆرانی هەڵبژێرە. دواتر لە لیستی بەرهەمەکانی گوگڵ Google Map Maker هەڵبژێرە کە ئەتبات بۆ ئەم لینکە http://www.google.com/transconsole/giyl/chooseActivity?project=GeoWiki&langcode=ku
هەڵبەت بە گرنگیشی ئەزانم باسی Open Street Mapsیش بکەم، سەرکەوتن و بڵاوی گوگڵ وای کردوە گرنگی بەم بدەین، دەنا OSMسەرچاوە کراوەیەو هەموان ئەتوانن سودی لێ ببینین، بەڵام APIیەکانی گوگڵیش کارئاسانی بۆ تێهەڵکێش کردنی نەخشەکانی گوگڵ ئەکات.
http://www.openstreetmap.org/ و کلیک لەسەر Edit بکە لەوێش ئەتوانی بەهەمان شێوە نەخشەی وڵاتەکەمان پەرەپێبدەیت.
ئێستا هەموو وشەکانی نەخشەکێشی گوگڵ بە کوردی تەواو بووە و خەریکی پیاچونەوەین تکایە ئەم خاڵانە لەبەرچاوگرە پێش دەستکاری کردنی هەر شتێک:
۱. هەمیشە لەبیرت بێ ئەمە کاری پلاندانان و نەخشەکێشانە کەواتە بیرکەوە بزانە کام زاراوە زیاتر لەگەڵ ئەم بوارە ئەگونجێت.
۲. کە دڵنیا نەبویت لە گۆڕینی وشەیەک مەیکە! Meters نمونەیەکە، لە ژێر Feet نوسراوە، بە چ لێکدانەوەیەک ئەکاتە "پێوانەکان" ئاشکرایە واتە مەتر. وە ناکاتە مەترەکان چونکە ۱ مەتر و ۱٠٠ مەتر لە کوردی وەک یەکە سەیری خاڵی ۳ بکە. in English it will be 1 Meter but 100 Meters زمانی ئێمە جیاوازە.
۳. لە کوردی زۆر شت تاکە لە ئینگلیزی کۆیە وە بە پێچەوانەوە. بنمونە ۲٠ کورد = 20 Kurds بۆیە جوملەیەک دروستکە لەوشەکە بزانە چۆنە!
٤. خزمەتگوزاری و خزمەتگوزاریەکان هەردوک ئەبن: ئەگەر نابن با گفت و گۆی لەسەرکەین، ئەگەر یەکێکیانت پێ باشترە دیسان با گفت و گۆی لەسەرکەین، ئەبێ بکرێن بەیەک، چونکە بەشێکی گەورەی پۆلێن کردنەکەیە. تا ئەو کاتەی یەکڕا ئەبین لەسەری با بەتێکەڵی بمێنێتەوە
۵. ئەگەر لە بەریتانیا یان (دڵنیا نیم لەمەش بەڕاستی چونکە ئەم وڵاتانە ئەکرێ بە جیاواز هەندێ وشە هەیە بەکاری بهێنن، ئەمریکا، کەنەدا یان ئوسترالیا) نەژیابیت نازانی Utilities یان Ameneties یانی چی وە بەهەمان شێوە زۆرێک ل وشەکانی تر، بۆیە هەندێ وشە هەیە گەر ئەزمونی ژیانی وڵاتێکت نەبێ کە بەکاری بهێنن تکایە وریابە.
٦. ستایڵێک وەرگرە، جارێک مەنووسە شت زیادکە و جارێک زیادیکە شت، add something و add somethign else هەردوک یەک شتن، تەنها ووشەی دوەم جیاوازەبۆیە * زیادکە یان زیادکە * بەڵام دەست مەگۆڕە.
۷. هیچ وەرگێڕانێک لەوێ کە کرابێت بەبێ هۆ نیە، گەر ٪۱٠٠ تاکید نەبویت کە هەڵەیە، دڵنیابە کە هۆیەکی هەیە ئەوەی لەوێ دانراوە. ئەتوانی دیسان بپرسیت
۸. کاتێک FLAG هەیە لە ناو وەرگێڕانەکە تکایە لە مێشکی خۆت نمونەیەک دروستکە: نێوان ئەم دوو شارە DISTANCE_FLAG MEASURE_FLAGە. ئەمە ئەبێتە: نێوان ئەم دوو شارە ۲٠ (ژمارە) مەترە (پێوانە) یان: نێوان ئەم دوو شارە ٠.٠۲ کم ە یان: نێوان ئەم دوو شارە ٦٠ پێیە.
۹. Live لە بواری ڕاژە و داواکار (clievnt server) لەگەڵ تەلەڤزیۆن خوایان یەکە، ناکاتە ڕاستەوخۆ! چونکە ڕاستەوخۆ نیە! لە سێرڤەرەکە دانراوە و زیندوە، هەیە، ئامادەیە نازانم شتێکی ترە بەڵام ڕاستەوخۆ نیە! بۆیە تکایە وشەی بواری تر بە وریایی بهێنینە ئێرە، زۆر ماندوو بوین لەگەڵی با دوبارە نەیکەینەوە، فەرهەنگی زکورد جارێ ئەم زاراوەیەی تیای نیە بەڵام هاورێیان چاک ئەزانن زاراوەی بوارێک بۆ بوارێکی تر نابێت یەکسەر بەکاربێت، پەتاتەن!
۱٠. هیوادارم تۆزێک موتەوازیع بین هەموومان، زانیاری خۆت بە ۱٠٠٪ ڕاست مەزانە ئەگەر ۱٠٠ ساڵیش بێت زمان بخوێنیت. دڵنیابە هیچ شتێک لە دنیا موتڵەق نیەو هەموو شتێک نیسبیە لەسەر بیردۆزی ئاینیشتاین
۱۱. تکاو داوام ئەوەیە بە یوینیکۆد بنوسین، وە تکام وایە بە ئەم پیتە عەرەبیانە بنوسین، گەر خوا تەمەنی دا ئەوکات بیر لە لاتینیش بکرێتەوە!یەک دنیا مەمنونتانم

- کارەکان :
- بڕۆ ژوورەوە بۆ نووسینی بۆچوون
بۆچوونەکان
دەسخۆش کاکە هیوا
زۆر کارێکی گرنگە، زۆرم کرد لادێکەی خۆمانم نەدۆزییەوە. لێی نازانم
ڕواندز ی تێدایە بەڵام وابزانم شوێنەکەی هەڵەیە. بە خوا زیاتر لە 25 ساڵە نەمدیوە، نایدۆزمەوە، لەوانەیە زۆر گۆڕابێت.
ئەوە بوو بە ١٧٣٠ :)
بژین!
دەست خۆش ، وا منیش لەوی کار دەکەم ، بزانین ئەمەش لە کۆتاییا نابێتە هی ئەو کاکانە .
بژین،
ئەوە گەیاندمە 1674 ، قور بەسەر ئەوەی پشت بە Translation helpدەبەستێت خۆ لە 10 دانەیە یەکێکی تیا نەبوو کاتی من ، ئیتر نازانم بەس ئەوە کێ پەسەندیان دەکاتن چونکە دەمبینی زۆر جار دووبارە وشە وەرگێردراوەکان دەهاتنەوە بەر شاڵاوی وەرگێڕان.
بژین،
منیش وا خەریکم دەست پێ ئەکەم بەس تێبینیەک هەندێ ڕاستە/وشە ئەبینم بە عربی وەرگێڕدراون وە هەندێکیان بە شێوە نووسینی لاتینی نووسراون ئایا ئێستا یەکلا بێتەوە بە کام شێوەنووسین بنووسین ئارامی یان لاتینی ؟
کاکە هەر بە ئارامی دەنووسین و تەمام ، ئەوە ئیشی زەمانی زوویەتی کە وا بە تێکەڵ و پێکەڵ کراوەتە کوردی ، کاک هیوا ئەگەر ببین بە دوو گرووپ چاک دەبێت بۆ ئەوەی ئەو لاتینیانەش لاببریت و چاککاری بکرێت.
باشە من شەو بینیم هەر %٢٤ بوو دیارە زوو زوو نویی دکەنەوە ، .
بژین،
نازانم ئێوە چۆنتان پێ خۆشە وای لێ ئەکەین .
دەست خۆش
بژیت کاک هیوا گیان ئەوە منیش خەریکم ، لێرەوە بەلام گەر دابەش کردنێک هەبوو ئاگاداربین . . .
ئینشا ئەڵااااااااااااااااا .
بژین.
دەستان خۆش.
من پێم وایە تا دەکرێت بکرێت بە کوردی باشترە لەوەی بە ئیگلیزی بمێنێتەوە، هەرچەند ئەو وشەیە لە کوردیدا نەبێت بەڵام خۆ دەکرێت بە نزیکترین وشەی کوردی پاچڤە بکرێتەوە. هەروەها هەموو هێزێك با لەسەر وەرگێڕان بێت جارێ نەك پیاچوونەوە. منیش بە زۆریاندا چوومەتەوە، بەڵام پێڤاژۆکە دوادەخات. وەكوو کاک هیوا ئاماژەی پێدا کە نزیك بووینەوە لە کۆتایی ئینجا بەراوەژووی دەکەینەوە..
سەرکەوتوو بن.
كاك هیوا،
من (feature)م بە كردار پاچڤە کردۆتەوە و بۆ ئێستا لە گشت وەرگێڕانەکانی ترم لا باشترە. وەکوو خۆت نووسیوتە خۆی مەبەست پێی كار یان کردارێكی تایبەتییە كە جوداكەرەوەیە لە خەسڵەتەکانی تر و نوێیە و پێشتر ئەو بەرنامە یان داوانامەیە نەیبووە، بەڵام ئەوەندەی تێبینی و بەدواداچوونم بۆ کردبێت، لە کوردیدا وشەی ([url=http://www.kurdi.fi/ferheng/henbane-borine/pg_0767.jpg]گەوشین[/url])مان هەیە كە ڕێك واتای (تایبەتمەندی feature) دەدات، بەڵام کێ بەکاری دەهێنێت؟!!! ئەم كوردە زۆر هەستیارە بە شتێك تا ئێستا گوێی لێنەبووە یاخود کە تازە گوێی لێدەبێت!!! زۆریان لا سەیرە و بەبێ هیچ بەڵگەیەك یەکسەر دەڵێن کوردی نییە. خۆم زۆر لام ئاسایییە تا ئەو ڕادەیەی وشەی کوردیی پەتیمان هەیە بەکاری بهێنین، هەرچەند یەکەمجاریشمان بێت بیستبێتمان، نازانم قەیدی چی دەکات؟!!! بۆیە ئەگەر پەسندی بكەن ئەوا من یەکەم کەس دەبم بۆ بەکارهێنانی. بێجگە لەمەش پێشنیاری ئەم وەرگێڕانانەش دەکەم بۆ ئەم وشانەی لای خوارەوە:
ناوبەند، نێوبەند: interface واتە ئەوەی دەبێتە هۆی بەستنی دوو یەکەی لێكجودا.
پەسن: attribute
پێفڕك: car هەرچەند ئۆتۆمبیل بۆ ئێستا هیچ کێشەیەكی نییە. سەیری فەرهەنگی (کوردستان)ی م. گیوی موکریانی بکەن. واتە ئەو ئامێرەی فڕکەی پێدەكەیت.
پیاچوونەوە: review
دەستكاری: edit
نوێكاری: moderation گۆڕین بۆ باشتر a change for the better
سەرپەرشتی دەكات: moderate
وهتد...
بژین
شەقام: street
کۆڵان: alley
هەرێم، مەڵبەند: district
A rather small part of a geographic unit considered in regard to its inhabitants
or distinctive characteristics: [color=#0000ff]area[/color], [color=#0000ff]neighborhood[/color], [color=#0000ff]quarter[/color] (often uppercase).
لە باشووری وڵات لەبری (قضاء) وشەی (شارۆچكە) بەکار دەهێنن.
ناوچە، دەڤەر: area
[url=http://www.kurdi.fi/ferheng/henbane-borine/pg_0038.jpg]ئاقار[/url]، جێگا، شوێن: locality
[url=http://www.kurdi.fi/ferheng/henbane-borine/pg_0390.jpg]ڕەمەكی[/url]، نافەرمی، سەرزاری، ناکتێبی: colloquial
.............
تێبینییەك سەبارەت بە ناوی پرۆژەكە: پێم وایە وشەی نەخشەکێش واتای (Map Maker) نادات بەڵکوو نەخشەکێش مانای (mapper) دەدات واتە ئەو کەسەی کە نەخشە دەکێشێت. بەڵام ئەم پرۆژەیەی گووگڵ (Map Maker) ڕێك بەرامبەری (نەخشەساز)ە لە کوردیدا. هیوادارم ناوی پرۆژەکە بگۆڕێت بۆ (کورداندنی نەخشەسازی گووگڵ).
بژین!
ئەمانەش:
جادە: road
ڕێگا: way
ڕێچكە: track
ئەوە کردمان بە ١١١١، قۆڵتان تەواو هەڵماڵن تا زوو تەواوی بکەین :)
دەستی هەمووتان خۆش و ماندوو نەبن. بێگۆمان ئەوەی دەکرێ بە کوردی نەک هیچ زەرەری نیە بەڵکوو زۆر سوود بە دەوڵەمەند بوونی زمانەکەشمان دەگەیەنێ. بەڵام بە شەرتێک بە جۆرێک بکرێ کە بنچینەیی و چەسپاو بێ و لە داهاتووشدا نەکەوینە بەر رەخنەی زمانناسان.
من تەنیا یەک تێبینیم هەیە؛ لەبەر ئەوە پێم وایە "نەخشە" هەمان "نقشە"ی فارسییە بە گۆڕانی ١ پیت و شێوازی نووسینی کوردی. لاشم وایە کە "گەڵاڵە" مانا کوردییەکەی بێ. هەرچەندە لە کوردیدا مانای دیکەشی هەیە. بەڵام ئەم "گەڵاڵە"یە لە مێژە بۆ هاومانای نەقشەی فارسی بەکار دێ. بۆ وێنە دەڵێن بە پێی گەڵاڵەی لە پێشدا داڕێژراو. واتە لە پێشتە پلان و نەخشەی بۆ داڕێژراوە. رەنگە مانای پلانی پلانیش بدا هەروەک پلانیش دەتوانێ مانای گەڵاڵە بدا.
بە رای من گەڵاڵە باشترە. بەڵام ئەمە هیچ لە بایەخی زەحمەتی ئەو بەڕێزانە کە لەو پێناوەدا کێشاویانە کەم ناکاتەوە.
سەرکەوتوو بن
بۆ پێشەوە بۆ زمانێکی دەوڵەمەندتر
دەستخۆش کاك هیوا، سەبارەت پەیامی سەرەوەت بەگشتی هاوڕاتم؛
دەستی كاك حامیدیش خۆش بێت بۆ تێبینی و بۆچوونەکەی. ئەگەر بەو پێوەرەی کاك حامید بێت، ئەبێت واز لە نیوە زیاتری زمانەکەمان بێنین بۆ فارس. بەڵام بە تۆژینەوەیەکی کەم لەسەر ڕادەی نزیکیی کوردی و فارسی لە زمانی پەهلەوی، بۆمان دەردەکەوێت کە کوردی هەر زۆر لە پەهلەوی نزیکترە و گۆڕانی کەمتری بەسەردا هاتووە. بۆ نموونە بڕواننە فەرهەنگی (قامووسی زبانی کوردی)ی م. عەبدولڕەحمانی زەبیحی کە تا ڕادەیەك لە ڕەگ و ڕیشەی وشەکان دواوە. كەچی فارسی وا نییە و زۆر لە پەهلەوی دوورترە تا کوردی و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەگەر دوو وشەی هاوشێوە و لێك نزیك لە کوردی فارسیدا هەبوون وەکوو (نەخشە و نقشە) وهتد...، ئەوە دەبێت بزانین کە ئەوە فارسن لە کوردیان بردووە نەك بەپێچەوانەوە، بە واتایەکی تر ئەو وشانە لەپێشدا کوردین.
بۆ -ساز یان -کێش، زۆر سانایە کە بەراوردێك سەرپێی بکەیت تا بزانیت نەخشەساز ڕاستە، بەمەرجێك بیرت نەچێت بەلای تەلارساز و دانساز و نازانم دەرمانسازدا:
سازكردن: to make
-[url=http://www.kurdi.fi/ferheng/henbane-borine/pg_0436.jpg]ساز[/url]: maker
نەخشەساز: map maker
هەرچەند "نەخشەکێش"یش گونجاوە، بەڵام گونجاو و گونجاوترمان هەیە :)
بۆ کووچە و [url=http://www.kurdi.fi/ferheng/henbane-borine/pg_0667.jpg]کۆڵان[/url]یش:
لە کۆڵانی تەنگ(ەبەر) شان مەدە لە شانم
نەشمیلەی چاوجوان جەرگەکەو ســــووتانم
-حەمە قوتوو
خۆتیش نووسیوتە کە (alley): "بەڵکە کۆڵانی باریکە کە ..." ئیتر باریك بێت یان تەنگ و تەنگەبەر هەر "کۆڵان"ی ناوە... هههه
لاوەکیش زۆر وشەیەکی جوانە و دەستخۆش، مرۆڤ هەمیشە بەبیریدا نایەت! دەستخۆش، بەڕاستی پڕبەپێستە بۆ (colloquial)
هەر بژین!
تکایە هەرگیز بەو شێوەیە پێشنیار نەکەن کە وتە لە زای کەسێک بهاوێن و بە ناوی ئەوە دەربڕێنی خۆتان بنووسن، ئەگەر من خۆم پێم خۆشبوایە دەموت کە واز لە وشەی زمانی کوردی بێنین. بەڵام من دەڵێم دزی نەکەین، تاکوو خۆمان هەمانە و هی کەسیش نیە بۆ بچین هی خەڵکی بدزین. ئەگەر زەبیحیش بڵێ کە ئەو وشە کوردییە، راست ناکا، هەڵەی ئێمە ئەوەیە زیاتر پشت بە فەرهەنێک دەبەستین کە بۆ خۆی پڕە لە هەڵە و سەرپیچی، سەیری ناوی ئەو کتێبە بە کە جەنابتان پشتان پێ بەستووە "قامووسی زبانی کوردی" لە سێ وشەدا دووی کوری نین. ئیتر من چۆن باوەڕم پێی بێ، من هەموو ئەو فەرهەنگانەم لە ماڵدا هەیە و لە مێژ ساڵیشە پێیاندا دەچمەوە. هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم کە ١ تاقە دانەیان بێ هەڵە بوون. لە راستی نە نەخشە هەڵەیە، چونکە لە نقشە وەرگیراوە، ئەمەش لە دەیان فەرهەنگ و کتێبی فارسیدا بەکار هاتووە و لە بنەڕەتدا ئەوان بەکاریان هێناوە. لە "نقش"ەوە هاتووە "نقش + ە" هەروەک بە وێنە کێشانیش دەڵێن نقاشی و کورد بەکاری ناهێنن و بۆ خۆیان ناوێکیتریان بۆ هەیە. کورد کەی دەڵێن نەقاشیەکت بۆ بکێشم. بەڵام دەڵێن گەڵاڵەیەکت بۆ دابڕێزم لەوێنەی نەبێ.
جا بۆ ئەوە کارەکە لە بنەڕەتدا بە رێکوپێکی کوردی بێ من پێشتر پێشنیاری خۆم کرد.
رێزیشم هەیە بۆ هەموو بۆچوونێک. دەشتوانم لێرەدە دەیان و بگرە سەدان وشەتان بۆ بنووسم کە لەو فەرهەنگە کۆنانەدا هەن و فڕیشیان بە کوردەوە نیە. سەرکەوتنتان ئاواتمە.
کاك حامید،
ئەو وشەیە (نەخشە) ئەوەندە کوردییە کە چەندین پشتی من و تۆش بەکاریان هێناوە بەبێ ئەوەی ساتێكیش بیریان لەوە کردبێتەوە کە ئەو وشەیە فارسییە، بگرە پێدەچێت زۆرینەی زۆریان هەر ناوی فارسیشیان نەبیستبێت، ئیتر نازانم بە چی پێوەرێك دەڵێیت ([url=http://www.kurdi.fi/ferheng/henbane-borine/pg_0909.jpg]نەخشە[/url]) فارسییە و كوردی نییە؟!!!! پێوەرەکانت بۆ ئاکامگیری (نەتەیجەگیری) هەر زۆر هەڵە و چەوتن: (مادام نووسەر ناوی خۆی بە کوردی نەنووسیوە (فەرهەنگی قوتابی)، قامووسی [url=http://www.kurdi.fi/ferheng/henbane-borine/pg_0402.jpg]زبان[/url]ی کوردی دوو وشەیان کوری -ببوورە کوردی- نین، یان مادام لە چەندین کتێب و فەرهەنگی فارسیدا بەكار هاتووە و وهتد...) . ئەمانە لە تەرازووی بەڵگە و بەڵگەخستنەڕوودا هیچ کێشێکیان نییە.
بەڕێز کاك حامید، ئەوەشت لەبیر بێت کە کورد نەك تەنیا نەققاشی، بگرە نەقش، نەققاش و [url=http://www.kurdi.fi/ferheng/henbane-borine/pg_0914.jpg]نەقشە[/url]ش دەڵێن و [url=http://www.kurdi.fi/ferheng/henbane-borine/pg_0914.jpg]زبان[/url]یش هەروەك ئەوان کوردییە. دەتوانی فەرهەنگێك چێ بكەیت لەو وشانەی کە کوردین و بڵێیت کە ئەمانە فڕیان بەسەر کوردییەوە نییە، بەڵام بەو پێوەرانەی سەرەوەت، هیچ دارێك ناخاتە سەر بەرد و تەنیا ئاسنی-سارد-كوتانە.
دەبێت بڵێم کە هیچ فەرهەنگێك نییە هەڵە و کەموکووڕیی تێدا نەبێت، بەڵام گەر بەڕێزتان فەرهەنگێكی بێهەڵەتان پێدەنووسرێت، ئەوە من خۆم یەكێكم لە تینووانی زمانی کوردی پەتی و باوەڕ ناکەم دەرەتانی ئەوەت نەبێت بەتایبەت لەم ئەورووپایە، تكایە درەنگکەوتنی لە نەبوونی باشترە.
منیش هەردەم ڕێزم هەیە بۆ گشت جۆرە بۆچوونێك تا ئەو ڕادەیەی لەبابەتلادانی تێنەکەوێت و کە ئەوەش ڕووی دا، ئیتر گۆڕەپانەکە پێشکەش دەکەم بە خاوەنەکەی.
سەرکەوتوو بن!
با لە باسەکە دەرنەچین، ئەگەر پێت باشە دەتوانین لە سەکۆی زمان دا درێژە بەم باسە بدەین بەڵام بە کورتی:
ـ چۆن و لە کوێ دەزانی کە چەند پشتی ئێمە ئەو وشەیان بەکار هێناوە؟! ئایا بەڵگەیەکت بە دەستەوەیە یان لە خۆڕایی وا دەڵێ؟ چونکە من راست بە پێچەوانە بیر دەکەمەوە و لاشم وایە نەک کوردی بەڵکو فارسیش.
ـ بەڵێ من لام وایە هەر کەس فەرهەنگێک بە زمانێک دەنووسێ دەبێ لانی کەم بەو زمانەش بیڕازێنێتەوە، ناو ناسنامەی کتێبە، دەکرێ نێوەڕۆکەکەی کوردی بێ و رووبەرگەکەی زمانێکی تر؟ یان ئەوەش نیە تێکەڵێکە لە چەند وشەی عەرەبی، فارسی و کوردی!
ـ ئەوەی کە دەڵێی کورد نەقاشی بەکار دێنێ. تەنیا لەو بنەماڵانەدا نەبێ کە بە کوردیەکی سەروپێ شکاو قسە دەکەن، کەسیتر بکاری ناهێنێ.
ـ ئەم جارو و جارەکانی پێشووتریش جەنابت بە دڵی خۆت بۆچوونەکانی من راڤە دەکەی و ئەوەی پێت خۆش بێ لێی ساز دەکەی! من کەی وتوومە فەرهەنگ فڕی بە کوردیەوە نیە، بەڵکوو وتوومە لەو فەرهەنگانەدا کە جەنابت لێرە ئیشارەیان پێ دەکەی و لە فەرهەنگی کوردیدا بە گشتی دەتوانم دەیان و بگرە زۆر زیاتریش وشەی هەڵەت بۆ دەربێنم کە فڕیان بە کوردییەوە نیە، ئێستاش دەڵێم نەک ئەمە، تەنانەت بە هەڵەش مانایان کردوون. تۆ ئەو ئاسنە بە گەرمی بگوتە بزانم هیچی لێ دەردەچێ؟!
ـ ئەوەش کە دەڵێ: هیچ فەرهەنگێك نییە هەڵە و کەموکووڕیی تێدا نەبێت". بەداخەوە تەنیا لە کوردیدا فەرهەنگی پڕ کەموکۆڕی و پڕ لە هەڵە چاپ کراوە، دەنا لە زمانەکانیتردا هەرهەنگی بێ هەڵە زۆرن، ئەگەر تاکوتەرا هەڵەشی تێکەوێ لە چاپەکانی داهاتوودا راست دەکرێنەوە.
ـ بەداخەوە نەک من ناتوانی ئەو کارەم هەیە نەک ژیانی ئوروپا ئەو دەرفەتەم بۆ دەڕەخسێنێ کە هێندە بێکار بم دەست بدەمە کارێکی ئەوتۆ. لەو بڕوایەشدام کە بە تەنیا فەرهەنگ نانووسرێ، ئەوە کاری دەستەیەکی زمانناسە، دەنا هەروەک ئەوانەی پێشوومان دەردەچێ.
بەڕاستی ئەوە گۆڕەپان ڤەکری بوو... نەك هەر لەبابەت دەرچوون، بەڵکوو بێڕێزیشی تێکەوت: (ئەوەی کە دەڵێی کورد نەقاشی بەکار دێنێ. تەنیا لەو بنەماڵانەدا نەبێ کە بە کوردیەکی سەروپێ شکاو قسە دەکەن، کەسیتر بکاری ناهێنێ.) بۆیە چی تر خۆم لەو باسە ناگەیەنم، ئەوەندە نەبێت کە وا باشترە بڕۆیت کوردییەكەت پەرە پێبدەیت و ئینجاش ڕێنووسەکەی، ئەوساش هەندێك "بەڕێزەوە" پێشنیاری سەکۆی زمان بكە. هەرچەند ئەمە زۆر ناتەبایە لەگەڵ ئەوەی كە دەڵێیت بێکار نیت و دەرفەتت بۆ ناڕەخسێت، گەر وایە ئەم کاتانەت بۆ لێرە تێدەپەڕێنیت؟! بێکاری لە خزمەت گەلدا لەلام لە سەد پارە و پوول گرنگترە. ئەوەش دوا خاڵ سەبارەت بەو بابەتە.
کاك هیوا، نەخشە ئەوە بۆ چەندین دەیە دەچێت لە قوتابخانە و زانکۆکانی کوردستانی باشووردا بەفەرمی دەخوێندرێت و تازەبەتازە بگەڕێینەوە خاڵی سەرەتا؟!!!
بۆ پاشگرەكانی -کێش یاخود -ساز، ئەوەندە گرنگ نییە، بەڵام -ساز زۆر لەبارتر و گونجاوترە بۆ ئێرە، واتە (کورداندنی نەخشەسازی گووگڵ)، هەرچەند لەگەڵ ناوی هەنووکەییشی گرفتێكی وا گەورە لەئارادا نییە. لێرەشدا ناوەڕۆك گرنگترە تا ناو؛ واتە با هەمووی پاچڤە بکەین، چونکە ئەوە تەنیا تێبینییەكی بەندە بوو و هیچی تر. ڕاستیشت بوێت ناوەكە ئەوەندە بایەخدار نەبوو لەلام تا ناواخنی برۆژەکە خۆی، بۆیە هەر بەر لەوەش بێ چەندوچوون تەڤلیی پرۆژەکە بووم. ئەوە ئیتر لە ١٠٠٠ کەمتری ماوە و وا بڕوات تا ٢-٣ هەفتەی تر ئامادە دەبێت!
سوپاس!
you make the difference
I am proud
هەڵە هەیە لە درووست وەرگێڕان و بەکاربردنی هەندێ وشە ( جادە = شەقام , جەڕاح = پزیشکی ئێسک / شکاوی ) .
پەیڕەوی بکەن رجائەن ., وشەی کوردی !
ئەتوانین بەکەکەوە هەموومان ئوەی توانیمان دەیکەینە کوردی، لە کۆتایدا گروپێکی تایبەت دروست دەکەین بۆ ئەو کارە و بەسەر زۆربەی زۆریا بچینەوە!
بۆ دۆزینەوەی وشە و بەکارهێنانی وشەی ناوشاری و زۆر بەکارهێنراوی کوردی پەتی، کەسی ڕۆشنبیر ئەبێت ئەوکارە بکاتە، (مەبەستم ئەوە نییە کە من یان تۆ یان ئێمە یان ئەوان ناڕۆشنبیرین) بەڵام بەدڵنیاییەوە کەسانێک زۆرن کە بە زۆر خۆیان بەم باسەیا هەڵدەواسن و کەجی لە خراەکان باشتر نین!
منیش وا دەستپیدەکەم
وابزانم ئەوەشم ڕاست کردەوە دوای کاتژمێر ١٩ سەیرێکیان ئەکەمەوە و ڕاستیان ئەکەمەوە .
دەستخۆش کاکە هیوا، ماندووش نەبی. من لە کەس زویر و زیز نابم، بەڵام ناخۆشە هەرچێک بنووسی کەسێکیتر بە مانایەکیتر و تەنانەت بە بێ رێزی وەریگێڕێ. بەراستی ئەگەر مەبەستم بێ رێزی بوایە لێرەم نەدەنووسی و ئەوەی لە دڵمدابوایە دەمنووسی و شەرمیشم لە کەس نیە. ئەمەش چەندمین جارە کە دەنووسم راڤەی وتەکانی من مەکەن، بەڵام هیچ سوودی نیە.
لەسەر پرسەکەی جەنابیشت کاکە من بۆ خۆم و هاوڕێکانیشم لە ماوەی سی ساڵدایە بەتایبەتی لە بواری شەڕ و پێشمەرگایەتیدا ئەم وشەیەمان بەکار هێناوە. چەند ساڵ لەمەوبەریش بەکار هاتووە، من ئاگام لێ نیە. بە فەریمیش لە رادیۆ و تەلەفزیۆندا بەکار هاتووە و دەیان دانە هەواڵم بەلاوەیەک کە باسی "گەڵاڵە" دەکا و لەم پێوەندییەدا دەقاودەق مانای "نەخشە" یان "نەقشە" دەدا. بۆ وێنە دەڵێن: گەڵاڵە داڕێژەرانی تێرۆری فڵان و فیسارە کەس. یان گەڵاڵە داڕێژەرانی پاکتاو کردنی گەڵی کورد...
ـ رەنگە ئەگەر مانای کۆکراوەش بدا، دەتوانێ لەو شوێنەدا بێ کە بە کەسێک بڵێن: وتەکانت گەڵاڵە بکە. یان گەڵاڵە بۆچوونەکانت چیە. بەڵام زۆر بە لای منەوە ئاسایی نیە و بۆ خۆم لەم پێوەندیەدا نەبیستووە بەکاری بێنن.
سەرکەوتوو بی و هەر بژی.
بۆ وشەی "جەراح"ێش بۆچوونی من ئەمەیە:
قەدیم لە لادێکاندا بەو کەسەی کە دەست و لاقی شکاوی مرۆڤ و ئاژەڵی دەگردەوە دەیانوت "جەراح" بەڵام ئەم وشەیە زۆر تر لە عەرەبی و فارسیدا باوترە تاکوو کوردی. لە کورددا ئەگەر لە زمانی کوچە و کۆڵان بچینە دەرەوە و روو لە دونیای ئاناتۆمی لەش و نەخۆشخانە بکەین، دەردەکەوێ کە لەو زانستەدا "نەشتەرگەر" راست و دەقاودەق دەکاتە "نەشتەرگەر" و ئەمەش دەمێکە لە ئەدەبیاتی کوردیدا باوە و جێش کەوتووە. چونکە لە راستیدا جەراح تەنیا ئێسک و پرووسک وەسەر یەک ناخاتەوە، بەڵکوو بە نەشتەریش کار دەکا، هەر بۆیە من لام وایە "نەشتەرگەر" زیاتر لە "جەراح" گونجاوترە. ئیتر بۆ خۆتان دەزانن.
دیسان هیوام سەربەرزیتانە و زمانێکی دەوڵەمەندیش کە بڕی هەموو بوارێک بکا.
دەستی خۆت خۆش بێ و تکایە من تەنیا روونکردنەوە و بۆچوونی خۆم داوە، لە پێوەندیەشدا خاوەن ڕا نیم. چۆن دەزانن گونجاوە و لە داهاتوودا قسەی نایەتەوە سەر و لە بواری خزمەتگوزاریدا باشە، وا بکەن.
ـ "نەخشەکێش" ئەو کەسەیە کە کارەکەی "نەخشە کێشانە. بۆ وێنە ئەندازیارێکی رێگاوبان دەتوانێ "نەخشەکێش" بێ. ئیتر ئایا بۆ مەکینە و ئامرازیش دێ ئەوا خۆتان سەرپشک بن.
ـ پێشتریش شتێکم لە بیر چوو، ئەویش بۆ زانیارییە و نەک هیچی تر، ئاواییەک بە ناوی "گەڵاڵە" لە سەر سنووسی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. من بە لاوەتی چوونەتە ئەوێ و بەردەوامیش لە رابردوودا بنکە و بارەگای هێزی سیاسیەکانی ئەو دوو بەشەی کوردستان لەوێ بووە. لەسەر فەیسبووکیش وێنەیان داناوە. کاتێک بڕیای گوازستنەوەی خەڵکی کورد لە دێ و ئاواییەکانی کوردستان بۆ نێو شارەکان دار وا بزانم ئەم دێیەش بەر ئەو هێرشە کەوت و کاول کرا، ئیتر بۆ ناوی وایە من نازانم. سەرکەوتوو بن و هیوادارم هەرچێ زووتر و خێراتر هەرمانەکەتان تەواو بکەن و بێتە بەرهەم.
ئەوەی تۆ دەیڵێی زۆر راستە. بەڵام "کێش"مان هەیە تا "کێش"، لە هۆنراوەشدا کێش بەکار دێ بەتایبەتی لە هۆنراوەی کلاسیک و کۆندا دەبێ زۆر باشیش لەبەرچاو بگیردرێ و هۆنراوەیەک کێشی نەبێ، پەسند نیە. لە زۆر زماندا و ئەو سێ و چوارەیان کە من لێیان تێدەگەم، ئەوانیش بە هەمان شێوە بە مانای جۆراوجۆر بەکاری دێنن. بە بڕوای من ماشین و مەکینە لەسەرەتاوە یەکێکن. بۆ وێنە ئەگەر ماشین لەبەرچاو بگرین لە فارسیدا ماشینی جلشۆری، ماشینی قاپوکەچکشۆردن، ماشینی ردێنتاشی و ماشینی سواربوون و هیتر هەیە. تەنیا شوێنی مەکینەکە کە دەڵین لە بنەڕەتدا رووسیە، گۆڕاوە بە ماشین. لە زمانی سویدیشدا وایە، بۆ وێنە دەڵێن "دیسکماشین" واتە ماشینی قاپ و کەچک شۆردن، تڤێتماشین" ماشینی جلشۆری و هیتر. بەڵام بەو کەسانەی کە مەکینەی قورس و گران لێ دەخوڕن دەڵێن "ماشینیست" کەوابوو ئەوانیش ماشینەکە لە زۆربواردا بەکار دێنن بەڵام پاشکۆکەی لێیان جیا دەکاتەوە.
ـ بەڵام بە بڕوای من ئەوەی کە کەرەستەیەکی بۆ ساز کردنی شتێک پێویستە وەک ددانساز و تەنەکەساز و چاویلکەساز و هیتر ئەمانە پێویستیان بە کیشانەوە نیە. واتە لە کاتی دروستکردنی کارەکەیاندا پێویستیان نیە. بەڵام نەخشەکێش دەبێ بە پێنووس بیکێشێتەوە هەر وەک نیگارکێش، واتە چۆن هۆنەر هۆنراوە دەهۆنێتەوە، نەخشەکێشیش نەخشە دەکێشێتەوە. کە لەگەڵ هەڵمژین و کێشانی سیگاردا جیاوازی هەیە. ئەگەر مەکینە و تەنانەت ئاژەڵیش شتێک بە شوێنخۆیاندا رابکێشن، "کێشان"ە. بۆ وێنە ئەو تراکتۆرە ماشینێک رادەکێشێ، یان ئوتومبیلێک رادەکیشێ. جافەکان دەڵێن دەکێشێ. وەک ئەو جووتە گایە "ماڵە" (کەرەستەیەکی جوتیارییە)کە دەکیشن. ئەو کەسانەی سواخی ماڵ دەدەن، دیوارەکە ماڵە دەکێشن، پێان دەڵێن ماڵەکێش. ئەوەی ماڵەغان (کەرەنتوو) دەکێشێ، ناوی کەرەنتووکێش و ئەوانەش لە پێشیەوە گیاکە رادەماڵن، بەرکێشن، واتە بەری کەرەنتووەکە دەکێشن بۆ ئەوەی کەرەنتووکێشەکە کارەکەی ئاسان ببێتەوە.
تێبینی: لە کوردەواریدا ئامراز و ئامر لە پیشەوە و پاشان پاشکۆکەی دێ. بۆ وێنە ئامرازی جووت کردن، ئامرازی گواستنەوە ماڵ، ئامرازی ساز کردنی خانوو، ئامرازی ددان کێشان.... سەرکەتوو بن.
لە کوردیدا پاشگری دیکەشمان هەیە کە مانای (دروستكەر) یان (سەروکاردار لەگەڵ کانزاگەلدا) دەدەن، وەكوو (-[url=http://www.kurdi.fi/ferheng/henbane-borine/pg_0754.jpg]گەر[/url]): ئاسنگەر، زێڕینگەر. كەواتە (نەخشەگەر)یش بۆ (mapper) دەست دەدات. پاشگری (گەر) ڕاست بەرامبەری (smith)ی ئینگلیزی دێتەوە لە وشەگەلی (blacksmith) و (goldsmith)دا. گەر بەراوردێكی کورتی پاشگری (ساز) و (گەر) بکەین لەگەڵ (smith)ی ئینگلیزیدا، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە و هەردووکیان ناوی خاوەن پیشە دروست دەکەن: (gunsmith) و (tunesmith) بە واتای چەكساز (دەمانچەساز) و ئاهەنگساز.
ڕەگی ماشین و مەکینەش دەچێتەوە سەر فەرەنسی، ئەویش لە لاتین و یۆنانییەوە: ([url=http://www.merriam-webster.com/dictionary/machine]فەرهەنگی مێریام-وێبستەر[/url]):
Middle French, from Latin machina, from Greek mēchanē (Doric dialect machana), from mēchos means, expedient
لە باشووری نیشتمانەکەماندا وشەی ئامێر دەمێكە وەك جێگرەوەی (ماشین و مەکینە) جێی خۆی کردۆتەوە و زیاتریش لە زمانی وێژە (ئەدەب) و کتێبیدا، بەڵام وشەی (ماشین) لە ڕۆژهەڵاتی وڵات و (مەکینە)ش لە باشووریدا هێشتا بە شێوەیەکی لاوەکی هەر برەویان هەیە و باون. ئامێر زیاتریش بۆ ئەو ئامرازانەی کارەبایی و ئەلکترۆنین بەكار دێت: ئامێرە كارەبایییەكانی وەکوو (تەلەفزیۆن، ڤیدیۆ).
بەکورتی: نەخشەگەر، نەخشەساز، نەخشەکێش هەر هەموویان وشەی ڕەسەنی کوردین و دەکرێت هەڵیانبژێرین بۆ (Map Maker) و نەخشەكاریش هیچ قەیدی نییە بۆ (mapper) بەکار ببرێت. تێبینی: لە ئینگلیزیدا وشەی (cartographer)یش هاوواتای (mapper)ە: someone who makes or draws maps
ئینجا (Retail Stores)م بە (فرۆشگاکان) پاچڤە كردووە، چونکە مەبەست پێی ئەو فرۆشگە تاکفرۆشانەن کە شتومەك دەفرۆشنە ئەو كڕیارانەی کە ئیتر نایفرۆشنەوە و خۆیان بەکاری دەهێنن!
فرۆشگای خواردنەوە کحوولییەكان (State Store)، چونکە [url=http://www.definition-of.net/state+store]لێــــــــرە[/url] ئاوا لێکدراوەتەوە:
لە پەنسلڤانیا یەکێك لە فرۆشگاکانی (شەراب "مەی" و خواردنەوە کحوولییەكان)، چونکە ئەم فرۆشگایانە دەوڵەتین (دەوڵەت قۆرخی كردوون).
یەکێتیی متمانە ([url=http://en.wikipedia.org/wiki/Credit_union]Credit union[/url]): خۆ لە کوردستان دامەزراوەیەکی ئەوتۆ (جۆرە بانك)مان نەبووە تا ئێستا، مەگەر لەمەودوا، بۆیە دەبێت دەست بکەینەوە بە وشەتاشین و باقییەکەشی دەکەوێتە سەر بازرگانانی کورد بۆ هێنانەکایەی ئاوا دەزگایەك. پشكەبانك و ئەندامەبانکیش دەکرێت هاوواتا بن بۆی.
([url=http://www.thefreedictionary.com/surplus]Surplus[/url]) مانای (زیادە، لێماوە) دەدات، بەڵام ئاشکرا نییە لەم پێوەندییە (فرۆشگا و دووکان)ی نەخشەسازدا مەبەست چی بێت؟!!
بژین و سەرکەوتوو بن!
ئەگەر هەر دەکرێ بە نەخشە, من لەم سێ دانەدا "نەخشەگەر"، "نەخشەساز"، "نەخشەکێش"دا دوایین دانەیانم پێ راستترە، چوونکە نەخشەکە دەکێشێتەوە، بەڵام پاشگری "گەر" و "ساز" زۆرتر بۆ ئەو پیشانە دێ کە بۆ خۆیان بە کەرەستەی دیکە و تێکەڵای چەند شتێک، بەرهەمێک بخوڵقێنن. لە سویدیشدا "سمێد" بۆ ئاسنگەر و پێشەکانیتر بەکار دێ، بەڵام بۆ کاتژمیر و هیتر وا ناڵێن و "ساز"یان بۆ بەکار دێنن. بەڵام ئەوانیش دەبێ لە پێشدا پلان داڕێژێکیان هەبێ. "پلان"یش مانای نەخشە دەدا لە زمانی کوردیشدا زۆر جاران بەکار هاتووە و جێگایش کەوتووە و کەسیش نکۆڵی لێ ناکا. پلان داڕێژەرانی فڵان شەڕ. یان پلانی ئەو بینایە زۆر جوان داڕێژراوە، هەروەها دەڵێن: پلانت بۆ ئەم کارە چیە؟ وتە نەخشەکەت چیە. لە هێندێک زمانی ئوروپیشدا پلان دەقاودەق مانای نەخشە دەدا. ئەو ئامرازە یان ئەو کەسە ئەو کارە دەکا دەڵێن "پلان داڕێژ" واتە نەخشەکێش.
دەکرێت منیش بەشدار بم لەم پرۆژەیە؟
سەیرە، پێش کەمێك سەیرم کرد، ١٠٠%ی پیشان دەدا کە تەواو بووبێت، بەڵام دیسان بوویەوە بە ٥٧% و ئەڵێت کە هێشتا ٢٣٥ ڕیزی ماوە پاچڤە بكرێت!
بەهەرحاڵ شتێكی ئەوتۆی نەماوە و هاكا تەواو بووین و دەستمان کرد بە پیاچوونەوەی ڕێزمانی و رێنووسی. ئەوەندەی نەماوە، شاڵاوی دەستوپەنجەکانتان زۆر دیارە!
کاك ڕەوەند، بە یارمەتیت كاك هیوا، ئەوەندەی بزانم ئەمە پرۆژەیەکی کراوەیە و هەموو دەستێك بەگەرمی دەگوشرێت بۆ هەر هاوکارییەك.
کەواتە لە ئێستا زووتر نییە، دەست پێبكە.
سەرکەوتوو بن!
ئەو رستەیە کراوەتە کوردی
ئەو EDIT_LINK which you had moderated earlier has been moderated by USER
دوێنێ چەند هەڵەیەکم چاککرد و ناردم ئەمشەویش ئەو هەڵانەی ماوە و کراوە چاکیەکەم .
دەستان خۆش كاك هیوا و کاك ئاکار.

حەت دانەی تریشم کرد مایەوە ١٦٣ , کاکە سەیری وشەی کۆ بکەن تکایە بە تاک مەینووسن .
ئیشێ باشمان کرد ، دەستی هەموو لایە خۆش وا تەواو بوو .
بژین،
دەستتان خۆش بێ و ماندوو نەبن. بۆ پێشەوە بۆ هەرمانی زیاتر و بەکەڵک. هەر بژین.
وا ئەڕوا .............
بژین،
وا ٨٨ ماوە , کاک هیوا با هەمووی کۆتا بێت ئەو کاتە پیاچوونەوەی بۆ ئەکەین .
ههههـ منیش نەمێرا دەسکاری PC Schools کەم بە تەواوی نازانم چییە .
Child = منداڵ .
Parent = دایک و باوک .
ئەم دوانە لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرد بینیومن .
کاکە یارەبی دەسمان خۆش بێ تەواو , ئێستا کاتی پیاچوونەوەیە من ١٥ خولەک ئەمڕۆ پیاچوونەوەی بۆ ئەکەم ئیتر لەوە ئەکا تا ٣ شەم نەتوانم .
کاکە هیوا "وەچ" و "باوان" هەردووکیان زۆر گونجاون. لەبەر ئەوە جیاوازی نێوان " دایک و باب"یش دەردەخا. کە هەمان "دایک و باوک" ئینگلیزییەکانە بە جیاواز، واتە دایک بە جیا و باوەکیش بە جیا.
تێبینی: تەنیا بۆ زانیارییە، رەنگە من تەمەنم لە هەموو ئەندامانی ئێرە زۆرتر بێ هەر بۆیە رەنگە لەبەر ئەوەش لە لادێ ژیابم ئەو وشانەم زیاتر بیستبێ. هەر بۆیە تەوانم بڵێم کە "باوان" زۆرتر بە بنەماڵەی ژن دەڵێن، من بۆ خۆم نەمبیستووە بۆ بنەماڵەی پیاو بکاری بێنن، لانی کەم لە ناوچەی ئێمەدا، من بۆ خۆم بۆ هەردووکیانی بەکار دێنم بەڵام پێشتر وابوو. بۆ وێنە:
ـ بووکەکە بەرەو باوان بووەتەوە. دوای سێ رۆژ بووک دەڕۆیشتەوە سەری لە باوانی دەدا. یان چووەتەوە باوان. هەروەها ژن زۆرجار بە ژنیتر دەڵێن: باوان خراپ. یان: باوانت مرێ. بەڵام پیاو کەمتر کەم وشەیە بۆ یەکتر بەکار دێن و زیاتر "مردووت مرێ" باوەتر لە لایان. بەڵام لە هۆنراوە و هەڵبەستی فولکلۆریدا "باوانەکەی بابم بینای چاوم و ..." هەن. زۆر رەسەنە و ناوێکی کچانەشە. بەلانی کەمەوە دوو کیژۆڵەی کورد لە سویددا دەناسم کە ناویان "باوان"ە.
وەچیش هەروەها بۆ بووژانەوە و چرۆ کردنی دار و گیا بەکار دێ. وەچ داری قەڵەمەکراوی تازە نێژراویشە، دارێک کە دووبارە لە گەشە کردن و روواندا بێ دەڵێن وەچی کردووەتەوە. وەچی دارەکە. ئەو وەچەت بۆ شکاندووە؟ و هەروەها هیتر.
هەروەه وتم ئەمانە تەنیا بۆ زانیاریی بوو، بەڵام هەردووکیانم زۆر زۆر پێ جوانن و لەو شوێنەشدا کە تۆ بەکارت هێناوە، گونجاون. سەرکەتوو بی و هەر بژی.
سڵاو هاوڕێیان ماندوونەبن و زۆر دەستان خۆش، چەند تێبینییەکم هەن هیوادارم سوودبەخش بن،
زۆرجار لە زمانی ئینگلیزی وشە بە شێوەی Imperative دانراوە، بۆ نموونە: Delete بە ڕای من باشترە ببێتە "سڕێنەوە" نەک "بیسڕەوە" بەم شێوەیە وەرگێڕان پوختەترە، چونکە لە سیستمێکی وا گەورەدا دیارنییە ئایا مەبەستەکە فرمانی داواکارییە، بۆیە بەکارهێنانی شێوازی Infinitive لە هەموو کاتێکدا ڕاستە.
neighborhood =! دەورووبەر؟
پێویستە پێداچوونەوەیەکی هەموو وشەکانیش بکرێت، بۆ هەڵەی ئیملایی.
ناوی مانگە کوردییەکانیش دەتوانرێت ئەم ناو عوسمانییە لابرێن، چونکە ناوە کوردییە بەرامبەرەکانی زۆر جوانترن.
شتێکی تریش، هیوادارم وشەی بێمانا درووستنەکرێت، من زۆربەی وشەکانی فەرهەنگی زکورد بەکاردێنم بەڵام وشەیەکی وەک کاژێر ناچێتە مێشکم. بزانە ئەم وشەیە نە کاتە و نە ژمێریشە و هیچ مانایەکیش نییە و بە ئینگلیزی دەبێتە hay basement . ڕەقەمەنی و شلەمەنیش هەر بەقەد کاژێر ناحەزن. پفففففففففففف
i am in sunday mood i guess
وشەی ڕێستورانت کورد نییە، یان با هەموومان ڕێستورانت بەکاربێنین یانیش چێشتخانە.
ئەمە ڕەخنە نەبوو تەنها بۆڵەبۆلی یەکشەممە بوو.
منیش بە تەواوی لەگەڵ بەردەقانیم و بە بێ ئەملاو ئەولا. تێبینیشم ئەوەیە کە وشەی رەستورانت، کورد لە فەرانسەوییەوە وەریان گرتووە و بە هەڵە چەسپاندوویانە، لەبەر ئەوە بە دەگمەن پیتەکانی "ئس" و "تی" لە کۆتایی وشەدا لەو زمانەدا دەخوێندرێنەوە یان هەر ناخوێندرێنەوە، ئەم رەستوورانتە یەکێکە لەو وشانە کە کورد بە شێوازی رێنووسە فەرانسەییەکەی وەری گرتووە کە زۆر هەڵەیە و ئەگەریش بکرێ بە رەستورانت دەبێ پیتی "ت"ی کۆتاییەکی لابرێ.
لەسەر مانگە کوردییەکانیش زۆر راستە دەکا، چوونکە ناوەکانیان بە پێی وەرز گونجاندووە و بە جوانی مانای خۆیان دەبەخشن و ئەمانەن:
خاکەلێوە
بانەمەڕ
جۆزەردان
پووشپەڕ
گەلاوێژ
خەرمانان
رەزبەر
خەزەڵوەر
سەرماوەز
بەفرانبار
رێبەندان
رەشەممە
دەست خۆش کاکە هیوا. گێچەڵی ئێمەی کوردیش ئەوەیە کە لەسەر شتێک ساغ نابینەوە بۆیە هەرکەسە و بۆ خۆی لێی دەخوڕێ. ئەو جۆرەی کە من ناوی مانگەکانم نووسیوە بە بەڵگە دەتوانم بیسەلمێنم کە لە کۆماری کردستانەوە کە نزیک ٧٠ ساڵ دەکا بەو جۆرە نووسراوە. نووسراوە و بەڵگەنامەکانی ئەو سەردەم ئەوەش دەسەلمێنن. ئیتر کەسێکیتر بێ و بۆ خۆی ناوێک دابنێ، هەتا هەتایە بەم جۆرە دەچێنە پێش و نابین بە هیچ. ئەمەش بە بڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کۆمەڵێک یان بنکەیەکی بڕیاردەری فەرمی کە ئێمە تاکوو ئیمڕۆش نیمانە. لە راستیشدا خەڵوەر و گەڵاڕێزانیش یەکێکن و یەک مانا دەبەخشن. بەڵام وەک وتم دەبێ لەسەر یەکێکیان ساغ ببینەوە.
سەفەرءلئ خۆشیشت هەبێ و بە هیوای ئەوە بە دڵی خۆت رایبوێری. سەرکەوتوو بی.
دەستخۆشی دووبارەم هەیە بۆ هەمووتان.
حەز دەکەم بەبیر خۆمان بێنمەوە کە (چێشتخانە) بۆ چەند دەیەیە لە باشووری وڵاتمادا سەلماوە و چەندوچوونی پێناوێت. بەو پێیەش کە خوێندن و پەروەردە و فێرکردن بە کوردی لەو پارچەیەی وڵاتەکەمان لە گشت پارچەكانی تر زیاتر برەوی هەبووە و پەرەی پێدراوە و بەفەرمی جێی خۆی گرتووە. ئەوەی ڕاستی بێت لە ناوچەی دهۆك و زاخۆ زیاتر وشەی (خاردنگەهـ) بەكار دەهێنن کە بە سۆرانییەکەی دەکاتە (خواردنگە)، کە مانای جێگای خواردن دەدات و کەمێك مەبەست ناپێکێت. بەهەرحاڵ چێشتخانە جێی گرتووە و با هەر ئەو بەکار بهێنین.
وشەی (کاژێر)یش هەروەتر، لە باشووری كوردستان و لە کتێبی خوێندن وهتد...دا بە واتای یەکەی پێوانەی کات بەکار هێنراوە و برەوی هەیە؛ هەرچەند (کاژێر) شێوەیەکی سواوی (کاتژمێر)ی ناوی ئامێری کاتپێوانە و بەئەنقەست وای لێكراوە، بەڵام زۆر جوان جێی گرتووە، وەكچۆن ئینگلیز (hour) و (clock)یان هەیە و (hour) یەکەی پێوانەی کاتە و (clock)یش ناوی ئامێری کاتپێوان. خولەك (minute) و چركە (second).
ناوی مانگە کوردییەكان تا بڵێیت خۆش و مانابەخشن و جاری وا هەیە بەپێی پارچەكانی كوردستان و تەنانەت ناوچەش هەر مانگەی چەند ناوێكی هەیە. ئەگەر هەندێك لەوە ڕامێنین و بەو پێیەی ئەم سیستەمە هی گووگڵە و ئەویش کار بە ڕۆژژمێری زایینی دەكات، ئەوا جیاوازی نەك هەر لە ساڵ، بەڵکوو مانگەکانیش قەت بەرامبەر مانگە زایینییەكان نایەنەوە. بۆ نموونە، ٢١ی ئازار (مارس) ی ساڵی زایینی دەكاتە ١ی نەورۆز (خاكەلێوە)ی ساڵی كوردی، واتە ناکرێت ئێمە بێین و بۆ مانگی ئازار بنووسین (نەورۆز، خاکەلێوە)، چونکە مانگی نەورۆز تا ٢١ ڕۆژی مانگی نیسانیش لەخۆ دەگرێت (سەیری خشتەی سەرەوەی پەیامەکەی کاك هیوا بكەن). ئەمە جگە لەوەی کە ئازار و نیسان مانگی سێیەم و چوارەمی ساڵی زایینییە و نەورۆز و گوڵانیش مانگی یەکەم و دووەمی كوردی!!!
وشەی (neighbourhood)یش ڕاست دەكاتە گەڕەك لە کوردیدا و هیچ گرفتێکی نییە.
بۆ (child): ڕۆڵە، بێچوو، مناڵ، زاڕۆ، زادە دەبن.
(parent): بەو پێیەی هەم دایك و هەم باوك دەگرێتەوە لە ئینگلیزیدا، ئەوە وشەیەك کە بۆ هەردوو ڕەگەزەکە هاوبەش بێت لە (لێزادە، لێزاو، لێزاگ) گونجاوترم پێ شك نایەت، جگە لە دایك و باوك، داك و باب!
بۆ بەکارهێنانی شێوەی چاوگ یاخود داخوازی بۆ وشە ئینگلیزییەكان، پێم وایە گەر (یارمەتی)ی وشەكە ڕوونی کردبێتەوە کە ئەم بۆ نووسینی دەقی سەر (Label) بێت، ئەوە لە دۆخی چاوگی کرداردا بنووسرێت باشترە، واتە (سڕینەوە) بۆ (Delete)، بەڵام گەر بۆ دەقی سەر (Button)ێك بێت و مەبەست پێیئەنجامدانی ئەركێك بێت، ئەوە لە دۆخی داخوازیدا پاچڤە بکرێت، واتە (بسڕەوە). بەڵام گەر دیار نەبوو، ئەوا منیش هاوڕاتانم و باشترە هەر لە دۆخی چاوگدا وەربگێڕدرێت!
سوپاس و هەر بژین!
دەستان خۆشبێت و هەر سەرکەوتوبن، جێی شانازین. لە ڕێی گروپی (GTUG)یشەوە داوامان کردووە (گووگڵ ترانسلەیتەری)ش بۆ زمانی کوردی دابنرێت و ئێستا چاوەڕێی وەڵامیانین.
سوپاس
دەسخۆش هاوڕێیان،
سەبارەت بە وشەی کاژێر، من 3 ساڵ لە دواناوەندی کوردستان لە هەولێر خوێندوومە و پێشتریش لە ڕۆناکی 9 ساڵەکەی تر و هەر هەمووشی بەم زمانە شیرین و سەقەتە بووە، لەم 12 ساڵەدا ئەم کاژێرەم بەرگوێ نەکەوتووە.
سەبارەت بە مانگەکان، منیش لەگەڵ کاک زمانیارم، کە مانگی کوردی لەگەڵ مانگی زایینی یەکناگرنەوە. بەڵام پرسیارەکەم ئەوەیە، بۆ ئەگەر حەزبکەین شتێک بگونجێنین دەیان بەڵگەی بۆ دەدۆزینەوە تا بگونجێت و بە پێچەوانە؟ زۆر لەو وشانەی فەرهەنگی زکورد، بە هەزار قول وەڵڵا و فاتیحە درووستکراون، بۆ نابێت ناوی مانگی ڕەسەنی کوردی بۆ بەرامبەرە زایینەکانییان بەکاربهێنرێت؟ ئەوە ئێمەش وشەی نەرمەکاڵا بەکاردێنین کە هیچ مانایەکی لە زمانی کوردیدا نییە؟
زۆرجاریش ئەمە دووپات دەکەمەوە، وەک بەڵگەیەک بۆ سەقەتی: Football عەرەبی پێخواس نییانە، بۆیە کردوویانە بە کرة القدم، کە یەکاویەک وەرگێڕانی foot و ball ـه. ئێمەی کوردیش عەرەبییەکەمان کردووە بە تۆپی پێ. Hypercorrection. کەچی کورد تۆپانی و تەپکانێ و لەوانەیە دەیان وشەی تریشی هەبێت.
ببوورن لە بابەت لامدا.
1. Rêbendan (January)
2. Reshemeh (February)
3. Awdar - Ax/Xak Lêwe (March)
4. Awrêl - Banemer (April)
5. Gulan (May)
6. Pushper (June)
7. Tîrmeh (July)
8. Gelawêj (August)
9. Chotmeh (September)
10. Rezber (October)
11. Kewçêr - Gela Rêza (November)
12. Befranbar - Sermawez (December)
http://members.fortunecity.com/malper5/mehname0103-06.html
کاک خۆشبین، پرسیارێکیشم بۆ بەڕێزتان هەیە: ئایا بەڕای بەڕێزتان گووگڵ چۆن ئەم ترانسلەتۆرە بۆ زمانی کوردی زیاددەکات؟ لە هەموو کۆمپانیای گووگڵ لەوانەیە یەک کوردی لێ نەبێت.
خۆشحاڵ دەبم ئەگەر وەڵامتان لابێت.
سڵاو هاوڕێیان، ماندو نەبن!
کاک بەردەقانی لێڕە دیاکۆ لەسەر وشەی کاژێر ڕوونکردنەوەی داوە:
http://www.youtube.com/watch?v=lKhgtPbdINU&feature=related
کە هەمان قسەکانی زمانیار پشتڕاست دەکاتەوە. لە فەرهەنگی جاف، فەرهەنگی مامۆستا، کەمالنامە دا ئەو وشەیەم بینیوە.
زۆر گرنگە لە پاڵ وەرگێڕانەوە، وشەی نوێ بخرێنە سەر فەرهەنگی dictio
کاک هیوا، وشەی پڕەنگ بۆ feature باشە، لای خۆمان سیفات و سیفەت لە بری وشەی پڕەنگ بەکاردەهێنن.
کاک زمانیار، بۆ وشەی parent وشەی باوان چۆنە؟ من بینیومە بەو واتایە بەکار هێنراوە.
سڵاو،
کاک [url=http://www.kurditgroup.org/u/bardaqani]Bardaqani[/url] منیش چاوەڕێی ئەو وەڵامەم لە لە گووگڵەوە، بۆ دڵنیابونیش لە پەیوەندییەکەم حەزئەکەم سەیرێکی ئەم لینکەش بکەن: [url=https://groups.google.com/forum/?hl=en#!topic/slemani-gtug/WUXhznki-O0]https://groups.google.com/forum/?hl=en#!topic/slemani-gtug/WUXhznki-O0[/url]
وە دواین جار کە قسەم لەگەڵ (ڤان ریپەر) بەڕێوەبەری گشتی (GTUG) کرد. ئەمەی بۆ نوسیم، حەز ئەکەم ئێوەش ئاگادار بن:
کاک خۆشبین.
من وەڵامەکەم لایە و پێویست بە GTUG و بەڕێوەبەری گشتی و بەرزکردنەوەی داواکاری و کۆبوونەوەی هەفتانە و هتد ناکات.
گووگڵ جنۆکەیان بەکرێ نەکردووە، بۆ وەرگێڕان، ئەوە نییە ئەو هەموو خێرخوازە شەو و ڕۆژ خەریکی وەرگێڕانن؟
وابزانم ئێوەش 4 وشە وەرگێڕن زۆر سوودبەخشترە.
ببوورە کاکە هیوا، پێش پێشنیارەکان من تەنیا تێبینیم لە سەر چەند وشەیەک هەبوو یەکەمیان parent کە باوانم زۆر پێ گونجاوترە، چونکە ئەمە ناکاتە "باوک و دایک" واتە "فادر ئەند مادر" کەوابوو ئەمەشمان هەیە و ئەوەش کە هەردووکیان بەرامبەرەکەیان بە ئینگلیزی هەیە.
ئەگەریش لێم تووڕە نەبن، وشەکانی "لێزادە، لێزاو، لێزاگ" بۆ ئەم مەبەستە نابن. لەبەر ئەوە تەنیا مێینە دەگرێتەوە بەتایبەتی دوایین وشەیان کە هاومانای ئەوانی پێشتووە، لە زاراوەی جافی و ئەردەڵانیشدا بەکار دێ و تەنانەت بۆ ئاژەڵیش بەکار دێ. وەک ئەو مانگایە زاوە. ماگاکە زاوە و ئەو گوێرەکە (گوێلک)ە بووە. هەرگیز بۆ نێرینە و پیاو بەکار نایە. وێنە: ژنەکەی هەژار زاگە و کەنیشکێ بووە.
ـ من کە ناوی چێشتخانە دەبیسم زۆرتر "مەتبەق"م بیر دەکەوێتەوە، چوونکە لە لای ئێمە بەو مانایە بەکاری دێنن، نەک بۆ رەستوران. دەڵێین: رەستوانەکەی هەباس چێشتخانەیەکی زۆر خاوێنی هەیە. کەوابوو دەبێ وشەیەکیش بۆ "مەتبەق" دابنێن. هەموو ماڵێک چێشتخانەی هەیە بەڵام رەستورانیان نیە. لە کۆدا جافەکان و بەتایبەتی ئێمە لە ناوچەی "بێڵەوار" بە "سەرتەنور" و شوێنی نانکردن و چێشت لێنانمان دەوت "نیشتمان" ئێستاش بەکاری دەبەن، ئیتر بۆ وای پێدەڵێن و چ پێوەندییەکی بە نیشتمانەوە هەیە من نازانم. جیاوازی سەرەکی رەستوران و چێشتخانە ئەوەیە کە یەکێکیان چێشتەکەی لێ دروست دەکرێ و لە یەکێکیشان دەیخۆن.
ـ دەبێ ئەوەش بزانین کە لە زمانناسیدا هیچ شتێک "پیرۆز" و نەگۆڕ نیە و دەکرێ لەسەر دانە بە دانەی وشەکانی باس بکرێ. زمانی زیندوو ئەوەیە کە هێندە بکار هاتبێ سوابێ و وشەکانی لە سەر زمان و لە دەمدا هاسان درببڕدرێن.
دەستخۆش کاکە هیوا گوازتەوە بۆ کام سەکۆ. چوونکە من تێبینیەکەم لەسەر "میتر"ی نێو نەتەوەیی هەیە کە لە هێندێک ناوچەی کوردستان "گەز"ی پێ دەڵێن. ئەوە تۆ دەڵێی راستە و هیچ کێشەی نیە و لەگەڵتم بەڵام رەنگە شێوەی نووسینەکەی وەک یەک نەبێ، ئەوەندی من دیومە "میتر" بووە. رەنگە ئەوەی تۆ راستر بێ من لەسەر ئەوەش هیچ کێشەم نیە. بەڵام "گەز" میترە و پارچە و قوماش فرۆشەکانی کوردستان "نیم گەزێکی" ئاسنیان هەبوو کە قوماشیان پێ گەز دەکرد. گەز و نیم گەز زۆر زۆر ئاسایی و تاکوو ئەو جێگایە من بزانم زۆریش پەتیە، لە کوێ وەرگیراوە رەنگە کەسێکیتر باشتر بزانێ. چەند گەز زەویمان کڕێوە و سێ گەز و نیو قوماش بۆ کراسێکی ژنانە دەبێ و پشتێنێکی ٦ گەزی لە پشت بەستووە، لە کوردەواری خۆماندا زۆر زۆر باوە. سەرکەوتوو بن و دەستان خۆش بێ و ماندووش نەبن.
سڵاو دواى دەستخۆشى زۆرم بۆهەمووتان, هاوڕێیان ئەگەر بمانەوێ نوى شارێک لە گووگڵ ماپ بنووسین وەک ناوى سلێمانى لە وێنەکەدا پێویستە چى بکەم؟
* لینکى دووەم و سێیەم لاى من کارناکات.