کێشەکانی ویکیپیدیای کوردی
لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ٢.٦ ملیۆن و لە باشووریش ژمارەیەکی زۆرتر کوردی سۆرانیمان ھەیە. بەڵام لە ھەڵسەنگاندنی لەگەڵ ھەندێ زمانی تردا کە ئاخێوەری کەمتریشیان ھەیە دەبینی کوردی لە ویکیپیدیادا زۆر کزترە. وەک بەکارھێنەر و بەشداربوویەک لە ویکیپیدیا پێم خۆشە ھەواڵێک سەبارەت بە بارودۆخ و کێشەکانی ویکیپیدیای کوردی بنووسم. لەم ھەواڵەدا تەنیا ھەندێک لەو لەمپەرانە بە بیروڕای خۆم لەبەردەمدان شی دەکەمەوە:
١- ویکیپیدیا لە ھیچ زمانێکیدا دەستەی نووسەرانی نییە و یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی دەقی وتارەکانی ویکیپیدیا ئەوەیە کە پێشتر لە شوێنێکدا پشتڕاست کرابێتن و ئاماژەیان پێ کرابێ. کەواتە شتێکی سروشتییە کە پێکھێنەری سەرەکیی وتارەکانی ویکیپیدیا ئەو دەقانە بێت کە مافی بڵاوکردنەوەیان لە شوێنێکی وەک ویکیپیدیادا ھەبێت. کەمبوونی ناوەرۆکی دیجیتاڵ بە زمانی کوردی لەسەر ئینتەرنێتدا گەورەترین لەمپەرە لەبەر پەرەگرتنی ویکیپیدیای کوردیدا.
٢- کێشەی سەرەکیی ھەموو سایتێکی کوردی ناشارەزابوونی کوردەکانە لە تایپکردنی کوردیدا. لەوانەیە ھەر ئەم بەکارھێنەرانە لە سایتێک یان بڵاگێکی فارسی یان عەرەبیدا بە باشی ئەو زمانانە تایپ بکەن، بەڵام یان بە ھۆی نەزانینی کوردینووسین و ئەلفوبێی کوردی (نەخوێندەوار بوون لە کوردیدا) یان نەبوونی کوردی لە ویندۆزدا و ناشارەزابوون لە دامەزراندنی تەختەکلیلی کوردیدا، دەبینین کوردی بەم شێوازانە تایپ دەکەن:
*بە لاتینییەکی پڕ لە ھەڵە (نموونە: « Pash away sayri chand daqeky wargerdrawm krd»)
*بەشێوازی فۆنتەکانی عەلی (نموونە: «ئةوة بة ماناى ئةوة ديت كة ئةم بابةتة بةلاتانةوة طرنط نيية. سوثاس»)
*بە تەختەکلیلی عەرەبی یان فارسی (بۆ نموونە: « جؤن رابورت بنوسم ده رباره ره ى فيزيا»)
٣- بە داخەوە بە بیروڕای من زۆربەی کوردەکان چونکوو خوێندەوارییان لە عەرەبی یان فارسیدا ھەبووە، خوێندنەوەی دەقێکی ئەو زمانانە یان ئینگلیزیان بە لاوە ئاسانترە. ویکیپیدیای ئەو زمانەنەش بەھێزن و زانیاریی زۆریان تێدایە. ئیتر ئەوەندە بە پێویستی نازانن سەردانی کوردی بکەن، کاتێک سەردانیشت نەکرد ھەرگیز بیر لەوە ناکەیت دەستکاریی بکەیت.
٤- جیابوونەوەی چەند سەد ساڵەی کوردەکان بەھۆی سنوورەکانەوە، کێشە و جیاوازیی کەلتووریی زۆری دروستکردووە. ئەمە لە کاتی بەکارھێنانی وشە بیانییەکاندا زۆر ئاشکرا دەبێتەوە، لە ئێراندا پێشتر زمانی فەڕانسە و ئێستاش ئینگلیزیی ئەمریکایی زۆر کاریگەریان بووە لەسەر فارسی و کوردیدا لە عێراقیشدا ئینگلیزیی بریتانیایی. کاتێک وشەیەکی بیانی وەک وشەیەکی IT بە کوردی دەنووسی، ڕۆژھەڵات جۆرێک دەینووسێ و باشوور بە جۆرێک. ھەروەھا لە ناوی مانگەکان، ناوی وڵاتەکان و پێکھاتە جوگرافییەکان و ھتد. لە ویکیپیدیای کوردیدا تا ئەو ڕادەیە من بزانم زۆر ھەوڵ ئەدرێ قسەی ھەردوو لا ببیسرێ و یەکێکیان کە بە باشتری دەزانن ھەڵبژێرن.
٥- کاتێک بەکارھێنەرێک وتارێک ئامادە دەکات بۆ ویکیپیدیا سەرەتا بەدوای سەرچاوەدا دەگەڕێت، ئاشنا نەبوون لەگەڵ یونیکۆد و ھەبوونی چەند تەختەکلیل بۆ تایپکردنی کوردی بووەتە کێشەیەکی گەورە لە کاری گەڕان بە گووگڵ. بەداخەوە چونکوو لەو کاتەدا شارەزا کوردەکان نەیادەزانی کێشەی ویندۆزی xp لە یونیکۆددا چییە و ھیچیشیان بۆ چارەسەرکردنی نەدەکرد، کوردئایتی گرووپ، بۆ نووسینی «ە»، «ه+zwnj»ی دانا، ھەروەھا کەس بڕیارێکی یەکلایی نەدا بۆ «ک» یان «ك». ئەمە بووتە ھۆی بێ ئاکام یان کەم ئاکام بوونی گەڕانی کوردی و کەڵک وەرنەگرتن لەو سەرچاوە کەم و کورتانیشە کە لەسەر ھێڵن. زۆر جاریش دەبینین کە وتارێک ھەر بەم ھۆکارەوە دووپات دەکرێتەوە لە ویکیپیدیادا و کاتی بەکارھێنەران بە فیڕۆ دەچێت.
٦- نەناسراوبوونی بیرۆکە و فەلسەفەی دانانی ویکیپیدیا لای زۆربەی کوردەکان تەنانەت شارەزایانی بواری ئایتیش، کێشەیەکی گەورەیە. چەند جار بووە نووسەرەکان بە ئیمەیل وتارێکی ڕۆژنامەوانیی خۆیان ناردووە بۆم کە لە ویکیپیدیا بڵاوی بکەمەوە لە سەرەتاکەشیدا نووسیویە ھیچ دەستکاریی نەکەی! یان دیومانە شارەزایانی بواری ئایتیشمان وتوویانە «تیمی نووسەرانی ویکیپیدیا»! یان «دەستەی نووسەرانی ویکیپیدیا نابێ ئەو شتانە پەسەند بکات»! گرنگترین شت لە ویکیپیدیا ئەمەیە: « ئینسایکڵۆپیدیایەکی ئازاد کە هەموو کەسێک دەتوانێت دەستکاریی بکات». دەستەی نووسەرانی ویکیپیدیا ھەموو خەڵکی جیھانن، بەڕێوبەر لە ویکیپیدیادا سێ جیاوازی ھەیە لەگەڵ بەکارھێنەرانی تردا:
* دەتوانێت ئەو وتارانەی لەگەڵ پێوەرەکانی سڕینەوەدا دەگونجێن بسرێتەوە
* ئەو بەکارھێنەرانە لە ڕادەبەدەر خراپکاری دەکەن بەربەست بکات
* دەستکاریکردنی ئەو وتارانە کە لە ڕادەبەدەر خراپکارییان تێدا دەکرێ بۆ بەکارھێنەرە ناونووسنەکراوەکان ناچالاک بکات.
تا ئەو ڕادەیە من بزانم ھیچ بەکارھێنەرێک لە ویکیپیدیای کوردیدا بەربەست نەکراوە و تەنیا ٥ وتار پارێزراون. بە داخەوە زۆرێک پێیان وایە بەڕێوبەر دەقەکان پەسەند دەکات، لە کاتێکدا کە « هەموو کەسێک دەتوانێت دەستکاریی بکات» مانای ئەویشی ھەیە کە ھەموو کەسێک لە پەسەنکردندا بەشدارە.
٧- پەڕەکانی ئینسایکڵۆپیدیای ویکیپیدیا بە بەرنامەیەک بە ناوی «میدیاویکی» (Mediawiki) دەنووسرێن. لە سایتی translatewiki.net ئامرازێک ھەیە بۆ وەرگێڕانی ئەم بەرنامە بۆ ھەموو زمانەکان. بەشی سەرەکیی ئەم وەرگێڕانە بۆ کوردیی سۆرانی پێش جیابوونەوەی ویکیپیدیای سۆرانی و کورمانجی دوایی ھات. بەڵام ھێشتا ژمارەیەکی زۆر لە پەیامەکان ماون بۆ بەکوردی کردن. ژمارەیەکیان بە ھەڵە وەرگێڕدراون چ لە ڕووی ڕێزمان و زانستی وەرگێڕان و چ لە ڕووی ڕێنووس. ھەروەھا بەھۆی بەشداری کردنی چەند کەسی جیاواز لەم کارەدا پیاچوونەوەیەکی شارەزایەکی پێویستە.
٨- ڕێنوێنییەکان و فێرکارییەکانی دەستکاری کردنی ویکیپیدیای کوردی بە تەواوی ئامادە نەکراون. بەکارھێنەر:Marmzok زۆر تێکۆشاوە بۆ ئەم بەشانە، بەڵام تا ئەو ڕادەیە من بزانم کەس نایانخوێنێتەوە ئەگەرنا ئەوەندە خراپکاری و نەزانکاری و پرسیاری دووپاتکراومان نەدەبینی! یەکێک لە کێشەکانی بەشی ڕێنوێنی ئەوەیە ڕووکاری میدیاویکی بە تەواوی نەکراوە بە کوردی یان لەوانەیە وەرگێڕانەکان بگۆڕدرێن. کەوایە چۆن بڵێی کلیک لەسەر ئەو دەقە بکە؟ بەشی ڕێنوێنی کاری زۆرتری دەوێ و زۆرتر دەبێ لە وێنە و ڤیدیۆ کەڵک وەربگیردرێ، چونکوو خەڵکی ئەوەندە دەرفەتی خوێندنەوەیان نەماوە.
