دە ساڵ کوردئایتی گرووپ: پەیڤینێک لەگەڵ زەندی
سەرەتا بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی [b] کورد ئایتی گرووپەوە[/b] پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامان و میوانانی وێبگەکە دەکەین و ئومێدەوارین کە ئەم وێبگەیە، ئەم دەستە و زانسخوازانە هەردەم بەردەوام بن. لەگەڵیدا شادمانین کە ئەندامەچالاکەکان هەم لە سەکۆکان و هەم لە بەشی هەواڵەکاندا بەردەوام دەنووسن و ڕۆژانە گفتوگۆی زانستی و بەپێز دێننە پێش.
لە ٤ ساڵی ڕابردوودا بەشی هەواڵەکان بوژاندنەوەیەکی تەواوی بەخۆیەوە بینیوە، لەم ڕوەوە پەیڤینێکی بچووکم لەگەڵ بەڕێز" کاک زەندی" دا سازدا تاکوو لە نزیکەوە باس لە کارەکانی بکات لەو ماوەیەدا.
[b] پرسیار: ئەتوانین بزانین زەندی کێیە؟ [/b]
من نازناوم “زەندی” ەو تەمەنم ٣٩ ساڵەو خێزاندارم و ئامادەیی بەشی وێژەییم لە کوردستانی باشوور خوێندووە دواتر لە بەر هۆکاری سیاسی بەناچاری خوێندنم بەجێ هێشت بوومە پێشمەرگە وەکو زۆربەی خوێندکارەکانی ئەو سەردەمەی ڕژێمی بەعس، و ئێستاش نیشتەجێی وڵاتی نەرویجم.
[b] پرسیار: ئەدی، کورد ئایتی گرووپت لە کوێوە ناسی؟[/b]
بۆ یەکەم جار لە سەرەتایی ساڵی ٢٠٠٤ دا، بەدوای وشەی کورد و کوردستان دا دەگەڕام بۆ ئەوەی بزانم تاچەند زانیاری دەربارەی کوردو کوردستان و ماڵپەڕی کوردی لە وێبگەکاندا بوونی هەیە و لەوکاتەدا ماڵپەڕی کوردئایتی گرووپم دۆزییەوە، کە یەکەم ماڵپەڕی کوردی بواری ئایتی بوو سەردانی بکەم زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئێمەش سەکۆ(مەکۆ)مان هەیە وەکو وڵاتان و نەتەوەکانی تر.
[b] پرسیار: کاک زەندی، ئەم هەموو گوڕ و چالاکییە لە کوێوە سەری هەڵداوە؟[/b]
بێگومان دوای ئەوەی کە ئەم سەکۆ پیرۆزەم دۆزییەوە، لای من هەرجێگایەک سودبەخش بێت پیرۆزە، هەندێک بە گۆشەکانی دا گەڕام و بڕیارم دا لەم شوێنە پیرۆزەدابە هەموو توانا و بە پێی زانیاریم لێرەدا خزمەتی نەتەوەکەی خۆم بکەم، پێم وایە گەر کەسێک بیەوێت خزمەتی نەتەوەکەی خۆی بکات لە ئێستادا ئایتی هیچی لە بوارەکانی تر کەمتر نییە، بۆیە لە ٢٠٠٤ ئەو کاتە بێ خۆ تۆمارکردنیش دەتوانرا پەیام بنوسرێت، لەو کاتەوە تا ئەمرۆ بەبەردەوامی سەردانی ئێرە دەکەم وهەوڵەکانیشم بۆ هیچ مەبەستێکی تاکەکەسی نەبوون و بەڵکو زیاتر بۆ ڕاكێشانی گەنجەکانمان بووە بۆ ئەم بوارە.
[b] پرسیار: دیارە ڕۆژانە هەواڵە نوێیەکانی ئەم بوارە وەردەگرن؟[/b]
بەڵێ، خۆم پێش کوردئایتی ئەندامم لە چەند مەکۆیەکی بەناوبانگی نەرویج و لەو جێگایەنەش چالاکیم هەیە و زانیاریش وەردەگرم، ئیتر دەمبینی ئەوان خەڵکەکانیان زۆر چالاکان و بە خێرایی پێشەکەوتن و ڕووداوەکانی ئایتی دەگەیەنن بە نەتەوەکانیان، منیش بڕیارم دابەپێی توانام دەستبکەم بە وەرگێڕان و نوسین لە بواری ئایتی ، چونکە ئێمە نوسەری باشمان هەیە لە بوارەکانی تر ، بەڵام لەم بوارەدا زۆر لەدواوین بۆ یە بڕیارمدا بەپێی توانام لە بوارەدا چالاک بم ، بۆیە ڕۆژانە هەرچی هەواڵە گرنگەکانی ئایتی بە پۆستی ئەلکترۆنی و RSS بۆم دێن و سەردێڕی هەمویان و درێژەی گرنگترینیان دەخوێنمەوە.
[b] پرسیار: بەشی هەواڵەکان ڕێگە ئەدات کە هەموو ئەندامێک چالاکی بنوێنێت و بە هەواڵ ناردن بەشداری بکات، لەم ڕووەوە کارەکان چۆن دەبینیت؟[/b]
لە ساڵانی ڕابردوودا تا پێش ٢٠٠٦ خۆشم کە ئەندامیش نەبووم هەواڵ و بابەتەکانمان دەنارد، کاک " هێمن٧ " دوای پێداچوونەوە بڵاوی دەکردەوە تاکو چەند مانگێک لەمەوبەر هەموو ئەندامێک مافی ئەوەی هەبووە بابەت و هەواڵ بنێرێت ، بەڵام دوای پێداچوونەوە بڵاومان دەکردەوە، بەڵام هەندیک لە نوسەرە بەڕێزەکانی کورد ئایتی داوایان کرد کە بتوانن ڕاستەخۆ بابەتەکانیان بڵاوبکەنەوە، بۆئە ئێستا ژمارەیەک لە نوسەران ڕاستەخۆ دەتوانن هەواڵەکانیان بنێرن و بڵاوی بکەنەوە، ئەوەش هەندێک لە ئەرکی سەرشانی من و کاک" سیامەند" ی سووک کرد، بێگومان ناکرێت هەموو ئەندامێک ڕاستەخۆ هەواڵ بڵاوبکاتەوە، چونکە لە هەموو دونیادا یاساکان بەوشێوەیەن و ئەبێت پێداچوونەوە بکرێت، بەڵام گەر هەر نوسەرێک بوونی خۆی بسەلمێنێت لەم بوارەدا و هەڵەی وەرگێڕان و ڕێزمانی کەم بێت ئەو مافەی پێ ئەدرێت.
[b] پرسیار: گرفتی زمان و وەرگێڕانی زاراوەکان دیوێکی تری هەواڵنووسینە، خۆشت دەزانیت هەموو کەسێک پاپەند نابێت بە ڕێزمان و ڕێنووسی یەکگرتووەوە، بۆ ئەمە چی دەڵێیت؟[/b]
ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، بێگومان کاری وەرگێڕان زۆر قورسە بە تایبەتی لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری دا، چونکە زمان پێوسیتی بە گەشەکردن و داهێنانی بەردەوام هەیە، بەرپرسیارانی ئەم بوارەش زۆر سستن بۆیە داوا لەهەموو نوسەرێکی کورد ئەکەم نەک تەنیا لە بواری ئایتی، بەڵکو لە بوارەکانی تریشدا زۆر گرنگی بە زمانی ڕەسەنی کوردی بدەن و هەوڵبدەن زمانی کوردی بپارێزن لە زمانی بێگانە ،پشتبە بە فەرهەنگە کوردییەکان ببەستن لە کاتی نوسین، بۆ نوسەرانی بواری ئایتی، ئێستا بەهەوڵ و تێکۆشانی چەند چەند دڵسۆزیک لە زانستپەروەران فەرهەنگێکی خنجیلانەی ئایتی بەرهەم هاتووە و هیوادارم وەکو سەرچاوەیەک هەموو نوسەرەکان سوودی لێوەربگرن، چونکە فەرهەنگەکە ئێستا چاپ کراوەو بەفەرمی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ناسراوە و کاریپێدەکرێت بۆیە زۆر گرنگە هەموو نوسەران هەست بەرپرسیاری بکەن لەم بوارەدا، بەتایبەتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ،بۆ نمونە ئێستا کەناڵی کوردسات ، بەرنامەیەکیان هەیە و زۆر بە وشەکان بە ئینگلیزی دەڵێنەوە، ئەوەش زۆر زیان بە زمانی کوردی دەگەیەنێت.
[b] پرسیار: سیستەمی بەڕێوەبردنی کارەکان بەگشتی ئاسانکراون بەهۆی دروپاڵ و ئەو سکریپتی هەواڵ نووسینەوە (کە کاک بەردەقانی دایڕشتوە)، چ ئامرازێکی تر هەیە کە تۆ بیخوازیت بۆ باشترکردنی کارەکان؟[/b]
ئێستا زۆربەی (BB-Code ) ن چالاکن وەکو ئامرازی پێویست بۆ نوسینی بابەت و هەواڵ، بەڵام گەر ئەم کۆدانە لە تولئامرازیکدا کۆبکرێنەوە کارئاسانیەکی باشتر دەبێت و کارەکان بەخێراییتر بەڕیوەدەچن.
[b]پرسیار: زۆرکات دەبینین هەواڵەکان لە چەند ماڵپەڕێکی تریش ڕوونوس کراون و ناوی سەرچاوە و نووسەری هەواڵیش نەنووسراوە، ئایا ئەم کارانە ساردت ناکاتەوە؟[/b]
بێگومان ئەوە کارێکی ناشیرینە، پێم وایە هەموومان کاتێک بابەتێک یا هەواڵێک دەنوسین بۆ یەک ئامانجە ئەوەش گەیاندنی ئەو بابەتەیە بە زۆربەی زۆری خوێنەران و بۆ سوودی گشتییە، پێم وایە زۆربەی نوسەران تەنیا بۆ ئەم مەبەستەیە و هەمومان بە زمانی کوردی دەنوسین و ئیتر هیچ پێوسیت ناکات بابەتەکان لە مالپەڕی تر بڵاوبکرێنەوە، چونکە نوسەرێک زۆر جار دوو کاتژمێر کاتی خۆی دەبەخشێت بۆ وەرگێران و نوسینی بابەتێک، بەڵام بەداخەوە زۆر بێ ویژدانانە هەندێک مالپەڕ، بابەتەکە بە دووکرتە ڕوونوس دەکەن و هیچ ئاماژەیەک نە بە سەرچاوە یاخود نوسەری بابەتەکە ناکەن ، بێگومان ئەم کارە، کاردانەوەی خراپی ئەبێت لەسەر نوسەران ، هیوادارم مالپەڕە کوردییەکان چیتر مافی خەڵکی نەخۆن و دەست لەم کارە هەڵبگرن یا هەرنەبێت ، ناوی نوسەر و سەرچاوەکەی بنوسن.
[b] پرسیار: ئەی هەڵسەنگاندنت بۆ وێبگەکانی تری ئەم بوارە چییە، بە تایبەت ئەوانەی هەواڵی تەکنۆلۆژی و کۆمپیوتەر دەنووسن؟[/b]
زۆر بەداخەوە پاشاگەردانییەک دەبینم، ڕۆژانە زۆر هەواڵی هەڵە دەخوێنمەوە ، کە هەڵەی زۆر زەقن و پێم وایە زۆربەی خوێنەران ئەو هەڵانە دەبینن، بەڵام هەموو کات بەکارهێنەری نوێش هەن بۆیە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر بەکارهێنەرە نوێیەکان، تکام وایە هەموو خوێنەران چاو لەو کارانە نە نوقێنن و ئاگاداری ئەو مالپەڕانە بکەنەوە لەو هەڵانە بۆ ئەوەی بە خێرایی ئەو هەواڵ بابەتانە لابەرن یا چاکی بکەن.
[b] پرسیار: ڕوانینت بۆ داهاتووی ئەم گرووپە؟[/b]
ئەم گرووپە لە ڕابردوودا ڕۆڵی خۆی بینیوە لە پێشخستنی بواری ئایتی کوردیی و هەزارن کەس لە ئاڵوگۆرکردنی زانیاریەکان سودمەندبوون و جگە لە ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەرانی کورد لە پێشکەوتنەخێراکانی تەکنەلۆژیای زانیاری ویونیکۆد و تەختەکلیلی کوردی فۆنتەکوردیەکان.
خۆشبەختانە ئێستا ژمارەیەک نوسەری چالاکمان هەن و زۆر دڵسۆزانە و چالاکانە لە بواری ئایتی دا دەنوسن و نایەڵن خوێنەرانی ئەم بوارە لە پێشەکەوتنەکانی ئایتی بێبەشبن بۆ یە گەشبینم بە داهاتووی ئەم گرووپە و گەنجی زۆر بەتوانامان هەن، هەروەها دەتوانم بڵێم ئایتی بۆتە پێویستیەکی گشتی و ڕۆژ بەڕۆژ بەرفراوانتر دەبێت و میللەتی کوردیش گەنجی بەتوانای هەیە، بۆیە گەشبینم بە داهاتووی کوردئایتی گرووپ و هاوشێوەکانی.
[b] پێم خۆشە دوا وتەت ببیستین لە پەیڤینەدا ...[/b]
لە کۆتاییدا هیودارم میللەتی کوردیش لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاریدا بچیتە پێش ، ئیمەش وەکو کورد بتوانین سود لە لایەنە باشەکانی تەکنەلۆجیای زانیاری وەربگرین و ببینە گەلێکی سەربەخۆ و پێشکەوتوو، داواکارم حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوڕێک لەم گرووپانە بداتەوە، پێشم باشە ئەم گرووپانە پەیوەندی باش دروستبکەین لەگەڵ ئەو تەلەفزیۆنانەی بەرنامەی تایبەت بە تەکنەلۆجیای زانیاریان هەیە زیاتر بۆ پاراستنی زمانی کوردی.
لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی بەڕێزتان دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم دیمانەیە، هیودارم توانیبێتم وەکو پێویست وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێزتان بدەمەوە.
[b] منیش زۆر سوپاسی تۆ دەکەم کە کاتت پێدام بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنت بۆ دەخوازم، هەر بژیت.[/b]
سازدانی ئاراس

بۆچوونەکان
پیرۆزبای ساڵ یادی دامەزراندنی کورد ئایتی گروپ لە هەموو لایەک دەکەم و سوپاس بۆ بەرێز کاک ئاراس کە ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ ئەو کەسە بەڕێز و دیارەی ناو کوردئایتی گروپ دا ساز کردوە و هیوادارم تەمەن درێژ و لەش ساغ بیت مامە زەندی گیان .
دهستی ههموو لایهکتان خۆش بێت من ئیسفادهی باشم لێ کردون ههروهها پێشتریش له سایتهکانی کاک ئیدریس کهرکوکی دواتریش له سایتی کوردیشوێب دهستی مانندوبونتان دهگوشم رێزم ههیه بۆ ئهم سایته خۆشهویسته
بە هیوای باشتر .
پیرۆزە دە ساڵ خزمەتکردن بە ئایتی (لەژێر زمانی کوردیدا) ،هەربژین و نموونەتان زیادبێت.
دە ساڵ خزمەتکردن لەو بوارە و درێژەدان پێی ،لە کاتێکدا ئێستاکە کۆمەڵێک هەن بانگەشەی هەڵە بۆ ئایتی دەکەن و تێگەیشتنی زۆر زۆر هەڵە و چەوتیان هەیە و نایانەوێت فێرببن و هەڵەکان ڕاستبکەنەوە ،کارێکی پیرۆز کراوە تا ئێستا ،چونکە وەکو کاک زاندی ووتی: ((لای من هەرجێگایەک سودبەخش بێت پیرۆزە)) ،بەهیوام کوردئایتی گروپ و پێگە هاوشێوەکانی لوتکەی پێشەنگی بەرنەدەن و ئاستی باڵاتر بنوێنن.
...دەستخۆش کاک ئاراس بۆ سازدانی ئەو پەیڤینە لەگەڵ کاک زاندی ،کە بەڕاستی ئەندامێکە جێدەستی دیارە و بە ماندوونەناسی لە کوردئایتی و لەو بوارە خزمەتدەکات ،هەر سەرکەوتوبیت.
بژین.
پیرۆزە یادی ۱۰ ساڵەی گروپە بەسودەکەی کورد لە بواری ئای تی .
دەست خۆش بۆ ئەم پەیڤینە لەگەڵ کاک زەندی ، هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازین
بژین،
بەهیوای بەردەوامیی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ کورد ئایتی!
بەڕاستی جێی دەستت دیارە کاکە زەندی. هیوادارم هەر بەردەوام بیت و هەردەم لەش ساغبیت. خۆزگە منیش بمتوانیایە بە چارەکی تۆ چالاکیم هەبێت لە کورد ئایتیدا:)
دەستی کاک ئاراسیش خۆشبێت بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.
سوپاس کاکە ئاراس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.
10 ساڵە لێرەین، لەوانەشە 10 ساڵی تریش لێرە بین.
کێ کاکە 'هۆژان کۆیی' لە بیرە؟ یان ئەردەوانی بەڕێز؟ یان کاکە ڕەشکۆ؟ و دەیانی تر. جێگای ئەوپەڕی دڵخۆشییە کە ئەو هەموو دڵسۆزە ئەگەر هیچ نەبێت بە وشەیەک خزمەتی گەلێکی ژێردەستییان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا زەمانێک هات کە ئەم ماڵپەڕە گەیشتبووە دۆخی مردن.
منیش هەردەم لەگەڵ ئەو ڕایەدام ماڵپەڕێکی ناچالاک نەبێت باشترە. لەو کاتانەدا لە پڕ کاکە زەندی خۆی کرد بە ژوورا و تا ئێستاش وابزانم کرتەی نەکردۆتە سەر بەستەری 'چوونا دەرڤە'.
کاکە زەندی، سوپاس بۆ ئەو خزمەتە. سوپاس هاوڕێیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ماڵپەڕە. جێگای سەربەرزییە کە لێرەدا شارستانییەتی کورد دەنوێنن.
کاتی ئەوەش هاتووە ئەندامان یەکتر ببینن. بەڕای من لەهەر شوێنێکی ئەوروپا بێ یارمەتی دەسەڵاتدار دەتوانین بیبەستین.
ماڵتان ئاوا
سڵاو هاوڕێیان.
منیش بهبۆنهی یادی 10 ساڵ له تێکۆشانی نهپچڕاوی بواری زانست و تهکنۆلۆجیا، پیرۆزبایی ئاراستهی سهرجهم داهێنهران و نوسهرانی ئهم سهکۆ خۆشهویسته ئهکهم و هیوادارم زیاتر و زیاتر پێشکهوێت.
دهستی یهک به یهکتان دهگوشم.
سه لامی گه رم و گورتان پیشکه ش
ده ست وچاوتان خوش ماندوو نه بن
سه رکه وتنتان له خوای گه وره داواکارم
تاران28/10/89
دەست خۆش کاک ئاراس بۆ ئەم پەیڤینە، بەڕاستی کاک زەندی جێی دەستی دیارە لێرە
ماندوو نهبن و دهستان خۆش بێ و سهرکهوتوو بن. منیش بهتهواوی لهگهڵ وتهکانی بهردهقانیم. مرۆڤ نابێ پێنهزان و سپڵه بێ، ئهوانهی ئهو ناوی بردوون له دهستپێکدا لهگهڵ ئهم ماڵپهڕه بوون و خزمهتی زۆریان کرد. دیاره کاک دیاکۆی بهڕێز و هێندیکی تریش ههبوون، که ههتاکوو ئهم ماڵپهڕه مابێ جێگا پهنجهیان دهدرهوشێتهوه، ئهردهوانیش له ئوسترالیا دهتوانم بڵێم سهرمهشق بوو بۆ دروست کردنی فۆنی کوردی و دوایهش بهره بهره کرا به یۆنیکۆرد.
منیش بۆ نۆرهی خۆم به گهرموگوڕی دهستی ههموو ئهوانه دهگوشم که له وشهیهکهوه تاکوو ههرچهندهیان توانیوه و به خهرمانی کوردئایتی گرووپیان زیاد کردووه.
وتووێژهکهیش زۆر بهجێ بوو.
سهرکهووبن و دهست و چاوتان خۆش بێ.
سەرەتا دەستخۆشى لە هەمووان دەکەم کە لە سەرەتاى دروستبوونى کورد ئایتى گرووپ،شتیان نوسیوە تا ئەم کاتە،
بە ڕاستى جێگاى دڵخۆشییە،کە چەند کەسانى دڵسۆز هەمیشە خەریکن،چى بە نوسینى هەواڵ یان بە کوردى کردنى پڕۆگرام یان سیستەمى کارپێکردن یان پڕۆگرامۆکە خەریکن،
هەمیشە هەواڵەکانى کاک زەندى دیارە،بەڕاستى چالاکە لە کورد ئایتى گرووپ،زۆر خۆشحاڵم کە لێرە کاک زەندیم ناسى :)
هیوادارم هەمیشە لەش ساغ و تەمەن درێژ بن هەموو لاێک،هەروەها کاک زەندى :)
سڵاو هاوڕێیان!
زۆر سوپاسی وشە جوانەکانتان ئەکەم و چاوەکانتان ماچ ئەکەم، بێگومان وتەکانتان گڕوتینێکی زیاترم پێ ئەبەخشێت.
سەرکەوتوبن
دهستتان خۆش و پیرۆزتان بێت بهرهوپێشهوه بۆ خزمهتی گهل و ووڵات
دەستان خۆش بیت و سەڵاو لە کاکە زەندی بەڕاستی ئاکتیڤەو جێگای دەستی دیارە، من هەرجەندە ئاکتيڤ نیم لیرە و شارەزایی زۆرم نیە بەڵام لە ٢٠٠٥وە وەک فەرز هەموو شەوێ سەردانی کوردئایتیم کردووە زۆر شت فێر بووم و ئەندامان زۆریان کۆمەک کردووم لەم بوارەدا،،،بە هیوای سەرکەوتن بۆ ئەم پێگە بەسوودەی بواری ئایتی،،ئێستا سایت وسەکۆی ئایتی زۆر بوون بەزمانی کوردی، بەڵام هیچیان وەک کورد ئایتی ئاسان و پیشەیی نیە، هەڵبەتە بەڕای من.
دهست خۆش كاك ئاراس بۆ ئهم پهيڤه ....
هيوای تهمهن درێژی بۆ كوردئايتی و كاك زهندی ..
وێڕای پیرۆزبایی زۆرم بۆ کورد ئایتی گرووپی مهزن، هیوای تهمهن درێژی و له ش ساغی بۆ ههموو ههڵسورێنهر و ئهندامه بهرێزهکانی ئهخوازم که چالاکانه کۆمهڵێکی زۆر له خزمهتگووزاری و داهێنان پێش کهش به هاونیشتیمانیانی کورد ئهکهن.
لهههمان کاتدا، وهکو ههر تاکێکی ئهم وڵاته سپاس و پیزانینی خۆم دهرئهبڕم بۆ ههموو ئهو نووسین و وهرگێرانانهی بهرێز کاک زهندی رۆژانه بڵاویان ئهکاتهوه. ئهم هاوڕێیه له کاتی خۆی، له ژیانی تایبهتی خۆی ئهگریتهوه و بێ ئهوهی چاوهروانی دهست خۆشی یان پاداشت بێت له هیچ کهسێکهوه.
ههتاوهکو ئهم ساتهی من ئهم تێچنهی تێدا ئهنووسم ئهم هاوڕێ ئهزیزه ٦٤١ بابهتی ئامادهکردووهو بڵاو کردۆتهوه. ئومێدی ههمیشه بهردهوامی و سهرفرازی بۆ ئهخوازم .