تەلەفوونی ئایپی یان تەلەفوونی بەرینباند
لهسهر پرسیاری میوانێکی بهڕێز که چهند رۆژ لهمهوبهر داوای کردبوو که تۆزێک زیاتر لهسهر ئایپی تهلهفوون بۆی باس بکهین، من ئهم وتارهی ئاندرش لوندگرێنم وهرگێڕایه سهر زمانی کوردی. هیوادارم به کهم و کۆڕییهکانیهوه بمبوورێ و سوودی خۆیشی لێ وهربگرێ. ـحامیدـ
تەلەفوونی ئایپی یان تەلەفوونی بەرینباند
ئەم وتارە لە چەند بەش و دەستەبەندییەک پێکھاتووە کە باسی ئایپی تەلەفوون دەکا کە ھێندیک کەس بە بەرینباند تەلەفوونیشی دەناسن. باسی باشیی و خراپییەکانی لە ھەڵسەنگاندن لەگەڵ تەلەفوونە ئاساییەکانی ماڵەوەدا(تەلەفوونی ئانالۆگ) دەکا.
ئەم شێوە تەلەفوونە واتە ئایپی تەلەفوون بەرە بەرە لە وڵاتی سوێدا ئاساییتر دەبێتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستەمە باشەی ھێڵەپانە ئینتەرنێتییەی کە سوێد ھەیەتی. بەم وتارە لە چەند پلەدا ئایپی تەلەفوون شی دەکەمەوە، لە پێشدا بەوە دەست پێ دەکەم کە بە شێوەیەکی گشتی ئایپی تەلەفوون شی بکەمەوە و باسی ئەوەش بکەم کە چ جیاوازییەکی لەگەڵ تەلەفوونە ئاساییەکانی ماڵدا ھەیە. تۆزێک بە قووڵی دەچمە نێو باسەکە و لە بواری تکنیکییەوە باسی ئایپی تەلەفوون و کەرەستە پێویستەکانی دەکەم. دوای ئەوە قووڵتر دەچمە نێو باسەکە و بە وردی باسی دەکەم کە چۆن و دەبێ چ بکرێ بۆ ئەوەی تۆڕێک لە نێوان دوو کەسدا ساز بێ.
لەم وتارەدا باسی ئایپی تەلەفوون، بەرینباند تەلەفوون، نیتەرنێت تەلەفوون، پرۆگرام تەلەفوون ھەروەھا باسی (voice over IP (VoIP دەکەم. ھەموو ئەمانەش کەم تا کورتێک وەک یەک کار دەکەن.
لە کوێوە دەبێ دەست پێ بکەی؟
ئەگەر دەزانی ئایپی تەلەفوون چیە و چۆن دەتوانی بە دەستی بێنی و لە ماڵدا بەکاری بێنی، باشتر وایە کە بەشی یەکەمی وتارەکە واتە "ئایپی تەلەفوون چیە؟" نەخوێنیتەوە و وازی لێ بێنی. ئەگەریش لەو کەسانەشی کە ئایپی تەلەفوونت ھێناوەتە ماڵ و سەرت لەوەدەخورێ کە بزانی چۆن کار دەکا، ئەوا یەکسەر دەتوانی بچیتە سەر بەشی دووھەم واتە "بنچینەکانی ئایپی تەلەفوون". لە کۆتاییدا وتارەکە بە باسێکی تکنیکی لەسەر کۆی گشت ئایپی تەلەفوونەکان کۆتایی پێ دێنم کە باسێکی تێروتەسەلی لێ دەرچێ. ھەربۆیە دەبێ بزانن کە لە نێو نووسراوەکەدا چاومان ھەڵدەتەقێ بە ھێندێک تێرم و کورتکراوەدا کە بەردەوام دێنەوە، دیارە ئەمانەشم لە ئندیکس (index)ێکدا نووسیوەتەوە و راڤەم کردوون و ناوم ناوە "تێرم و کورتکراوە". لە وتارەکەدا زیاتر وشەی "ئایپی تەلەفوون بکار دێنم چوونکە باسی ئەم جۆرە دەکەین و ھەروەھا باسی تەلەفوونی بەرینباندیش دەکەم کە ھاومانای ئەوە و لە مێدیاکانی ئیمرۆدا زیاتر باوە.
١ـ ئایپی تەلەفوون چیە؟
ساڵی ١٨٧٧ تەلەفوون ھاتە سوێد و ھێندەی نەخایاند کە شاری ستوکھۆڵم بوو بە یەکێک لە شارەکانی جیھان کە زۆرترین ھێڵی تەلەفوونی ھەبوو. سەد ساڵی خایان تاکوو موبایل تەلەفوون ھاتە سوێد، واتە ساڵی ١٩٨١. ئێستاش دیسان نۆرە ھاتووە، ئەم جارە ئایپی تەلەفوونە کە گۆڕانکاری لە پێوەندییەکانمان لەگەڵ خەڵکیتردا پێک دێنێ، مەگەر وا نیە؟ نە، نەک بە بەشێوەیەکی بێ ئەملاو ئەولا. ئایپی تەلەفوونی ئێستا ھەمان خزمەتگوزاری پێویستە کە بۆ تەلەفوونە ئاساییەکانی ماڵ پێویستە، واتە ئەو تەلەفوونە ئانالۆگانە کە بۆ ھەموومان ئاشنایە. ئەوەش کەوتووەتە سەر ئەوەی کە چۆن وڵامی پرسیارەکەی سەرەوە دەدینەوە، بە ھەمان شێوەش وڵامی جۆراوجۆرمان دەست دەکەوێ. ئایپی تەلەفوون بە تکنۆلۆژیایەکی دیکەوە دەتوانێ زۆر باش شێوازی پێوەندییەکانمان لەگەڵ خەڵکی تر بگۆڕێ، ھەر وەک ٣جی (٣G) دەتوانێ بیکا. مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە فەرق و جیاوازی لەوە دا نییە کە کام تکنۆلۆژی باشترە، تەنیا ئەو تکنۆلۆژیا نوێیەی کە لە پێشدا دێت و باشترین کار دەکا، لە لای خەڵک ئاسایی دەبێتەوە.
جیاوازییەکەیان چییە؟
چ جۆرە تکنیکێک لە پشتەوە کاروباری تەلەفوونەکە ھەڵدەسووڕێنێ، رەنگە ھێندە سەرنج راکێش نەبێ ئەگەر تەنیا دەتھەوێ تەلەفوون بکەی. لەوەش باشتر ئەوەیە کە پێویست نیە مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە کە تەلەفوونەک چۆن کار دەکا بۆ ئەوەی تەلەفوونی پێ بکا. ھەروەھا پێویستیش نیە جیاوازی نێوان تەلەفوونێکی ئانالۆگ لەگەڵ ئایپی تەلەفوونێک بزانی. تۆ تەنیا وەک جاران تەلەفوون دەکەی. ئەگەر ھێڵی پانی ئینتەرنێت لە نێو ماڵەکەتدایە و بەقەت دیواری ماڵەکەتەوە شوێنێکی زیادی گرێدانی ھێڵی ئینتەرنێتیان دامەزراندووە، ئەوا دەتوانی ئایپی تەلەفوونی پێوە گرێ بدەی. دەبێ ئەوە بزانی کە ئایپی تەلەفوون وەک تەلەفوونە ئانالۆگەکان گرێ نادرێ بە ھێڵی تەلەفوونەوە بەڵکوو گرێ دەدرێ بەو کونەوە کە بۆ پێوەندی ئینتەرنێتی دانراوە.
ئایپی تەلەفوون وەک تەلەفوونە ئانالۆگەکان بۆ قسە کردن بە تەواوی جێگای دڵنیایی نییە، بەڵام زۆریش لەو خراپتر نییە. خاڵێکی بەرچاو و جیاواز لە نێوان ئەم دوو جۆرەدا ئەوەیە کە ئابوونەمانی ئایپی تەلەفوون زۆر ھەرزانترە و ھەروەھا ھەرزانترە بۆ قسە کردن. بە کورتی پێویست ناکا لە خۆڕایی ئابوونەی مانگانە بدەی بە کومپانیایەکی تەلەفوون تەنیا لەبەر ھێڵەکە (تاکوو چەند ساڵێک لەمەوبەر لە سوێد کومپانیای تێلیامونوپۆلی ھێڵی تەلەفوونی ھەبوو)
دەبێ تەلەفوونە کۆنەکەم فڕێ بدەم؟
ئەگەر دەتەوێ لە ماڵدا ئایپی تەلەفوون بەکار بێنی، پێویست ناکا تەلەفوونە کۆنەکانی ماڵەکەت بگۆڕیتەوە بە تەلەفوونێکی نوێ. تەنیا بە بەکارھێنانی کەرەستەیەکی چووکە (ATA) و گرێدانی بە تەلەفوونە ئانالۆگەکەتەوە، دەتوانی تەلەفوونە کۆنەکانت بەکار بێنی. ئەم کەرەستانەش جۆریان زۆرە کەوتووەتە سەر ئەوەی کە لە کوێ دەتەوێ گرێی بدەی. ئەوەیان کە لە ھەموویان زیاتر باوە، ئەوەیە کە سەرێکی گرێ دەدرێ بە ھێڵی بەرینباندەکەتەوە و ئەو سەریشی بە تەلەفوونە کۆنەکەتەوە. ھەمان کەرەستە ئەو شەپۆلە دەنگانەی تۆ دیانڵێی دەیانگۆڕێتەوە بە سیگناڵی تایبەتی و لە کەیبڵەکەوە دیاننێرێ و بەھەمان شێوە دەنگ و سیگناڵەکانی ئەو سەری کەیبڵەکەت بۆ دەکاتەوە بە شەپۆلی دەنگ و تۆش لە تەلەفوونە کۆنەکەتەوە گوێت لێی دەبێ. وشەی " Ethernet" لە نێو تکستە سوێدییەکەدا ھاتووە، دەبێ لێرەدا بە کورتیش بووبێ، تۆزێک باسی بکەین. ئەمە ستاندارێکە بۆ ئەوەی کە چۆن زانیارییەکان لە نێو کەیبڵەکاندا و لە نێوان کومپیۆتەرەکاندا ھاتووچۆ بکەن. ئەم کەرەستەیەش لە نێوەراستەکانی ساڵانی ٧٠ دا لە لایەن " Bob Metcalfe " و " David Boggs"ەوە داھێنرا.
ئەگەر تۆش کەڵک لەم کەرەستەیەی سەرەوە وەردەگری، ئیتر پێوسیتت بە کومپیۆتەرێک نیە بۆ ئەوە زەحمەتی کونڤەرت کردن و گۆڕینی شەپۆلەکانت بۆ بکێشێ. بێجگە لەمەی سەرەوە باسمان کرد کەرستەی واش ھەیە کە لە رێگای کونی یۆئسبی یەوە گرێی دەدەی بە کومپیۆتەرەکەتەوە و ئەو سەریشی بە تەلەفوونەکەتەوە، لەم جۆرە گرێدانەدا ئیتر کومپیۆتەرەکەیە کە کاری گۆڕینی شەپۆلەکانت بۆ ئەنجام دەدا.
بەرینباند تەلەفوون، ئایپی تەلەفوون، ئینتەرنێت تەلەفوون یان پرۆگرام تەلەفوون؟
مەسەلەیەکی سوێدی ھەیە کە دەڵێ:" شێرا بارن ھار مۆنگا نامن Kärt barn har många namn " (منداڵێکی خۆشەویست چەندین ناوی ھەیە). ئەگەر لەسەر ئایپی تەلەفوونیش ھەمان بۆچوون ھەبێ، ئەوا ئێستا گەیشتووەتە ئەو رادەیە. لە نێو ئەو ناوانەدا کە لەسەردێڕی بڕگەکەدا ھاتوون دەبێ یەکێکیان زیاتر سەرنجی بدرێتێ، ئەویش پرۆگرام تەلەفوونە. دەتوانین بڵێین کە ئەو سێ دانەکەی دیکە واتە بەرینباند تەلەفوون، ئایپی تەلەفوون، ئینتەرنێت تەلەفوون یەک شتن ـ تەلەفوونێک کە لە رێگای کونی تەلەفوونی قەت دیوارەکەوە گرێیی دەدرێ بە ھێڵەوە. پرۆگرام تەلەفوون وەک لە ناوەکەیدا دیارە، تەنیا پرۆگرامێکە کە لە نێو کومپیۆتەرەکەدا ھەرمانەکانت بۆ جێ بەجێ دەکا. بۆ ئەوەی پرۆگرام تەلەفوونێک بەکار بێنی، دەبێ مایکرۆفۆنێک و بڵندگۆیەک (سەماعە) یان "ھێدسێت" (head-set) ێک گرێ بدەی بە کومپیۆتەرەکەتەوە. ئەگەر وێبکامت ھەبێ ئەوە ھێندێک پرۆگرام ھەن کە دەتوانن لە رێگای تۆڕەوە وێنەکەت بەڕێ بکەن بۆ ئەوە ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دەکەی بتبینێ.
لەم ئاخرانەوە مێدیای سوێد دەستیان پێکردووە و وشەی "ئینتەرنێت تەلەفوون" وەک ھاومانەیەک بۆ "پرۆگرام تەلەفوون" بەکار دەبەن. ھەر بۆیە ئەگەر زیاتر لێی وردبینەوە رەنگە مرۆڤ بتوانێ وای پێناسە بکا کە بەرینباند تەلەفوون و ئایپی تەلەفوون یەکێکن و ئینتەرنێت تەلەفوون و پرۆگرام تەلەفوون زیاتر بەو پرۆگرامانەی کە لە نێو کومپیۆتەرەکەدا ھەن ھەڵدەسووڕێن.
تەلەفوون کردنی ھەرزان
زۆر جار دەڵێن کە بەرینباندتەلەفوون لە تەلەفوونی ئاسایی ماڵ ھەرزانترە، ئەمەش تا رادەیەک راستە. خودی کەرستەکان ھەرزانتر نین، بەڵام ئەو نرخەی بۆ ماوەی تەلەفوون کردن دەیدەی ھەرزانترە، بێجگە لەمەش ئابوونەمانی مانگانەکەشی ھەرزانترە. زۆر جاریش بۆ پێوەندییە تەلەفوونەکانی ئایپی تەلەفوونی پێوسیت ناکا ھیچ نرخێک بدەی بەو شەرتەی ئەگەر لە ھێڵی تایبەتی ئەو کومپانیا خزمەتگوزارییەوە کە لە لایان ئابوونەی کەڵک وەربگری. جیاوازی ھەرە بەرچاو مرۆڤ دەتوانێ لە نرخی قسەکردنی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵات دا ببینێ، تەنیا پرسیار ئەوەیە کە ئەم جیاوازییە چەندەیە. بە قسەی "Computer Sweden" بەرزنرخاندنێک لە نرخەکانی بۆ نموونە "OECD" لەگەڵ تەلەفوونی ئاسایی ماڵدا بۆ بنەماڵەیەکی ئاسایی لە ٥٠ تاکوو ٨٠ لەسەددا کەم دەبێتەوە. ئیتر دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە چاوەڕوان بین بزانین ئەم وتەیە تا چەندە راستە.
٢ـ بنچینەکانی ئایپی تەلەفوون.
ئایپی تەلەفوون وەک تەلەفوونە کۆنەکان کەڵک لە ھێڵی تەلەفوون وەرناگرێ، ھەموو زانیارییەکان لە رێگای تۆڕەوە بەڕێ دەکرێن، ھەمان ھێڵ کە تۆ بۆ سەیر کردنی ئینتەرنێت کەڵکی لێ وەردەگری. ئەمەش بە نۆری خۆی داخوازییەکی زۆر دەخاتە ئەستۆی سیستەمی تۆڕەکە، چوونکە تۆ کە لە تەلەفووندا لەگەڵ کەسێکی دیکە قسە دەکەی ناتەوێ گوێت لە ھاشوھوش و دەنگی نەخوازراو بێ، ھەروەھا ناتەوێ سێ چرکە چاوەڕوان بی بۆ ئەوەی ئەو کەسەی گوێت بۆ رادەگرێ، قسەکانی تۆی پێ بگا، یان بە پێچەوانەوە ناتەوێ سێ چرکە راوەستی تاکوو وڵامەکەی ئەوە کەسەت گوێ لێ بێ. نایشتەوێ کە جاروبارە دەنگ نەمێنێ و دیسان دەنگ بێتەوە. وەک ئەو کاتانەی کە بە موبایل قسە دەکەی و ھێلیش باش نییە دەنگەکەت پساو پساو پێ دەگا. ئەمەش یەکێک لە داخوازە سەرەکییەکانە کە تۆ وەک مشتەری دەبێ لە کومپانیای خزمەتگوزاری ئایپی تەلەفوونیت گەرەک بێ. ئەمەش گەورەترین رەکەبەرایەتیی و ئالترناتیوێکە دژ بە تەلەفوونە ئانالۆگەکان.
تێئۆری بنچینەییەکانی ئایپی ـ تەلەفوون
بە گشتی ئەو تۆڕەی ئیمڕۆ ئێمە بۆ تەلەفوون بەکاری دێنین، ئینتەرنێت بە ھەمان شێوەی کار ناکا. کاتێک تۆ بە تەلەفوونێکی ئانالۆگ پێوەندی دەگری، پێوەندییەک بۆ ئەو کەسەی تۆ دەتەوێ قسەی لەگەڵ بکەی، ساز دەکرێ. کاتێک ئەم پێوەندییە دروست دەبێ ئامادەسازی دەکرێ بۆ ئەوەی رادەی ئەو ھێز و تواناییەی کە بۆ پێوەندییەکە پێویستە، جێ بە جێ بکرێ تاکوو ئێوە بتوانن بە بێ پسان و بێ ھاژە و ھوشەی دەنگی دیکە قسەی خۆتان بکەن. بنکە خزمەتگوزارییەکان کە لە نێوان تۆ و ئەو کەسەی کە پێوەندیت پێوە گرتووە ھاوکات ھاوکاری دەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر پێوەندییەکە پسا گرێی بدەنەوە و یان ئەگەر بەرگرییەک ھاتە ئاراوە چارەسەری بکەن.
بەڵام ئینتەرنێتی ئیمڕۆیی ئیتر بەو جۆرە کار ناکا، بەڵکوو کەڵک لە راژەکار وەردەگرێ بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە زانیارییەکان لە نێوان بەکارھێنەر و وەرگردا بگۆڕێتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ھیچ گارانتییەک لە گۆڕێدا نییە بۆ ئەو ماوەیە کە زانیارییەکە دەگاتە بەرەوە، ئیتر ئەوە کەوتووەتە سەر ئەوەی کە ئەو زانیارییانە دەگەنە بەرەوە، یان بە چ رادەیەکی ھێز بۆ خێرا گەیاندنی زانیارییەکان بەکار دێ بۆ ئەوەی بگەنە بەرەوە. ھەروەھا لە گەیشتنی زانیارییەکان بەو شێوەیە کە نێردراون دڵنیاییەکی تەواو نییە، کە وابوو چۆن دەکرێ ئایپی تەلەفوون گارانتی بکرێ؟
سێ جۆر سنووردار کردن
سێ جۆرە سنووردار کردن ھەیە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتگوزای بدرێ بە بەکاربەران. دەکرێ ئەم سێ جۆرەش لەگەڵ پێوەندی پۆستیدا ھەڵسەنگێنین. یەکەم گرفت ئەوەیە کە نامەکە لە نێو رێگادا ون دەبێ. ئەگەر کوپییەکەی لە لامان مابێ ئەوا دەتوانین جارێکی دیکە پۆستی بکەینەوە. نۆرەی گرفتی دووھەمە، ئەویش ئەو ماوەیەیە کە پێویستە بۆ ئەوەی نامەکە بگاتە بەرەوە. ئێمە پێمان خۆشە ئەو نامەی پۆستمان کردووە لە نێوان ١ تاکوو ٣ رۆژ بگاتە ئەو کەسەی بۆمان ناردووە. ئێستا گرفتی سێھەم دەبینین. ئەگەر لە نێوان ١ تاکوو ٣ رۆژ بخایەنێ بۆ ئەوەی نامەکە بگاتە دەست خاوەنەکەی، ئیتر ئێمە چۆن دەتوانین رۆژی گەیشتنی نامەکە بزانین کە ناردوومان بۆ کەسێک کە رۆژی لەدایکبوونییەتی و ئێمەش بلیتێکی یا نسیبی بینگۆلۆتۆمان بۆ ناردووە؟ بە ھەمان شێوە کە مرۆڤ چەند نامەی پێوەندیدار بەیەک (وەک زنجەرە نامە) دەنێرێ حەز دەکا کە ھەموویان لە کاتی خۆیاندا بگەنە بەرەوە. ئەمانە ھێندێک گرفتن کە مرۆڤ لە بەکارھێنانی ئایپی تەلەفووندا تووشیان دەبێ و بۆ ئەوەی ئایپی تەلەفوون جێگای رەزامەندی بەکارھێنەران بێ، دەبێ ئەم گرفتانە چارەسەر بکرێن.
باشتر کردن
چۆن ئەو کەسەی نامەکانی پێگەییوە بزانێ لە کوێوە دەست بە خوێندنیان بکا؟ ھیوادارین کە نووسەری نامەکە، رێکەوتی نووسینی نامەکەی نووسیبێ، یان نامەکانی ژمارە لێدابێ بۆ ئەوەی کارئاسانی کردبێ و وەرگری نامە بە ئاسانی ریزبەندیان بکا. وای دابنێین کە نامەکان بە رۆژێک دەگەنە بەرەوە و ناردنی نامەکان بە پێی ریزبەندی لە سەری مانگەوە دەست پێ دەکا. کە وابوو نامەی ژمارە یەک رۆژی سێ شەممە دەگاتە بەرەوە، ھاوکات کە بەڕێکەری نامەکان نامەی ژمارە دوو دەنێرێ، نامەی ژمارە دوو لە رێگادا لە نێو دەچێ و رۆژی چوارشەممە نامەیەک ناگاتە دەستی نامەوەرگرەکە و نامەنێرەکەش نامەی ژمارە سێ بەڕێ دەکا. نامەی ژمارە سێ لە کاتی خۆیدا کە رۆژی پێنج شەممەیە دەگاتە بەرەوە. نامە وەرگرەکە نامەیەکی کورت دەنووسێ و باسی نەگەیشتنی نامەی ژمارە دوو بۆ بەڕێکەری نامەکان دەکا. بەڕێکەری نامەکان رۆژی ھەینی نامەی ژمارە دوو دەنێرێتەوە و رۆژی شەممە نامەکە دەگاتە دەستی وەرگرەکەی. ئەم کارەی وەرگری نامەکان کردوویە ئەوەیە کە خوێندنەوە نامەکانی وەپێش خستووە و ئێستا ھەر سێ نامەکەی ھەیە و بە پێی ژمارە ریزیان دەکا. دەتوانین بڵێن بە ھەمان شێوەش ئایپی تەلەفوونیش ئەو ھەڵانەی کە پێش دێن رێکوپێکان دەکا، ئەو بەر لە بڵاوکردنەوەی دەنگەکە تۆماری دەکا، زانیارییەکان رادەگرێ بۆ ئەوەی ئەگەر ھەڵەیەک پێک ھات بتوانێ راستی بکاتەوە.
٣. Voice Over IP، Voip و پرۆگرام تەلەفوون
ھەر وەک لە پێشدا باسم کرد زۆر ناوی جۆراوجۆر بۆ ئایپی تەلەفوون ھەیە. یەکێک لە ئاساییەکانیان دەستەواژەی ئینگلیزی Voice Over IP یە، کە بە ساکاری ماناکەی دەبێتە خزمەتگوزاری تەلەفوون لە رێگای ئینتەرنێتەوە. من بڕیارم دا کە ئەمەش ببێتە بەشێکی سەربەخۆی لەم وتارەدا، چوونکە زۆر جار VoIP بە مانای پرۆگرام تەلەفوون بەکار دێت. پرۆگرامەکانی تەلەفوون پێکردن دەتوانن جیاوازییەکی زۆریان پێکەوە ھەبێ و ھەروەھا چۆن بیریان لە شێوازی بەکارھێنانی کردووەتەوە.
ھەرچەندە کە "سکایپ" لەوانی دیکە زیاتر بەکار دێ و لەوانیتر جیا کراوەتەوە، بەڵام ھێشتا ئالترناتیوی دیکە زۆرن. سکایپ دروست کراوە کە وەک تەلەفوون لەسەر کومپیۆتەر بەکار بێ، ھەر بۆیە بەجۆرێک فۆرم دراوە کە لەگەڵ ئەو شوێنە بگونجێ. ئەگەر مرۆڤ بۆ وێنە Ventrilo یان Teamspeak بەکار بێنێ، بۆی دەردەکەوێ کە ئەمانە زۆرتر بۆ چات کردن و ئەو کەسانەی کە لەسەر ھێڵ گەمە دەکەن دروست کراوە. لە مێژە پرۆگرامێکی دیکە بە ناوی ICQ ھەیە کە بۆ "تەلەفوون کردن" و قسە کردن لەگەڵ کەسێکی دیکە دروست کراوە.
بەشێکی دیکە کە ئەم پرۆگرامانەی بۆ دروست کراوە و ھەموویان بۆی دەبن، کونفرانسی سەرھێڵە. NETMeeting پرۆگرامێکی دیکەیە کە زۆر خزمەتگوزاری پێشکەش دەکا بۆ ئەوەی مرۆڤ لە رێگای ھێڵەوە قسە بکا و ھەروەھا بەکارھێنەران دەتوانن بە ھۆی ئەم پرۆگرامەوە، بەڵگە و پەڕگە لەگەڵ یەک بگۆڕنەوە.
لەسەر نووسەری ئەم وتارە
نووسەر ناوی ئاندرش لوندگرێن (Anders Lundgren)ە، خوێندکاری ئەندازیاریی تکنیکی کومپیۆتەرە لە ھێڵی تایبەت بە پێوەندی کومپیۆتەردایە لە زانکۆی لولەئۆ (Luleå Tekniska Universitet). لە چەند ساڵ لەمەوبەرەوە ئاندرش خولیای پێوەندی لە رێگای کومپیۆتەرەوە بووە و ئەم وتارەش یەکەم وتاری ناوەبراوە لەم پێوەندییەدا.
ئەگەر راوبۆچوونێک یان تێبینییەکت لەسەر ئەم وتارە ھەیە، بە خوشحاڵییەوە دەتوانی بۆم ئیمایل بکەی. ئیمایلی منیش ئەمەیە artiklar@alundgren.se .

بۆچوونەکان
هەربژى کاک حامید گیان بە ڕاستى بابەتێکى زۆر بەسودە،هەروەها زۆر جوان ڕونکراوەتەوە :)
بۆ من سوودی ههبوو
ههربژی .
زۆر سپاس کاک حامید بۆ بهخشینی کاتێکی زۆر بۆ وهرگێران و نوسیینی ئهو بابهته!
یهک لهبهکارهێنهره سهرهتاییهکانی ئایپی تهلهفۆنیم لهنهرویج ، لێره له 2004 دا پهیدابوو کۆمپانیایهک ههبوو ناوی IP24 ه فۆرومێکیشیان ههبوو لهوێ ئهندام بووم له ماوهی ئهو ساڵهدا پێم وایه نزیکهی 700 بهکاهینهری ههبوو، جاران جۆرایهتی دهنگی زۆر باش نهبوو ، بهڵام ئێستا پهیوهندی بهخێرایی هێڵهکهتهوه ههیه.
ئهو کاته ئهوهی کێشهبوو فاکس به ئایپی تهلهفۆنی نهدهکرا، بهڵام دوای ماوهیهک ئامێریکیان بۆ هات گوایه فاکسیشی پێدهکرێت.
له سهرهتادا زۆر ههرزان بوو ، جارێ هیچ ئابوونهیهکی مانگانه نهبوو ، من تهنیا پارهی ئهوهم دهدا که تێلم دهکرد ، واته مانگی 169 کرۆنم بۆ دهگهڕایهوه جگه لهوهش تێلکردن زۆر ههرزانتر بوو لهوانی تر.
به زۆر برادهرم دهووت کاکه ئهو پارهیه بۆ دهدهن بۆ نایگۆڕن، گاڵتهیان به قسهکانم دههات.
ئێستاش ههر ئایپی تهلهفۆنیم ههیه، بهڵام تهلهفۆن بکهویت یا نا 89 کرۆن دهبڕن ، گهر بایی 89 کرۆنیش تێل بکهیت ههر 89 دهبڕن ، گهر زیاتربێت زیاتر ، جگهج لهوهش هێڵی ئینتهرنێتت ههبێت 79 کرۆن زیاده دهبڕن، گهر هێڵی تهلهفۆنی ماڵت نهبێت.
دەستخۆش کاک حامید بابەتێکی زۆر بەسوودە، گرنگترین شت لە ڤۆیپ Quality of Service، ئیستا بۆ کوردستان تەلفۆن دەکەیت لە دەرەوە بەم شێوەیەیە، زۆرکات مۆڵەتبەخشەکان هەرزانترین پێکبەستنت ئەدەنێ، بۆ ئێمە هەمان پارەیە، بەس جۆرایەتییەکەی تەواو نییە، یان لە پڕا دەبڕێت.
دەست خۆش کاک حامید ،ماندوو نەبیت
زۆر بەسوود بوو.
بەڵکو بتوانی بیگۆڕی بۆ ویکی و لە ویکی چاوگ دایبنێیت تاوەکو لە ئەرشیفدا وون نەبێت.
بژیت
ماندووبونێکی زۆری پێوە دیارە. هەربژیت، بەڵام چەند تێ بی نی یەک.!
لەم بابەتە درێژەدا کە کاتێکی تایبەتی دەوێت وا باشە کۆمەڵێک خاڵبدەنی تێرو تەسەلو سەرچاوەی بۆ دابنرێت. لەوانە من لەوانەیە زۆر لەو ئامرێرانەم بەکار هێنابێت بەڵام تۆ بە جۆرێکی تر ناوت بردوون کە بۆ من نامۆ دەبن، دەتوانیت لە تەنیشت وشەی " بەرینباند، ئای پی تەلەفۆن،" هەموو ئەو جۆرانە کە لە شارەکەی تۆدا یان لە ژیانی رۆژانەی تۆدا بەکار دێت لەوانەیە بۆ من نامۆ بێت ئەو ناوە ، کەواتە باشتر وایە لە تەنیشیتیدا چەند هاو واتایەک یان بیکەیت بە بەستەرێک وشەکە کە بگەڕێتەوە بۆ وێنەیەک یان سەرچاوەیەک، و لەوابابەتە.
دەستەکانت خۆش بۆ ئەو هەموو کاتەی بەو بابەتەت بەخشیوە،
كاك زهندی واتا تۆ مانگی نزيكهی ١٣ دۆلار ئهدهی ؟ خێراييهكهی چهنده ؟
http://kurditgroup.org/t/13096