دیمانە لەگەڵ مامۆستا فەهمى،تەکنۆلۆژیای وزەی خۆر و خانەخۆرییە ئەندامییەکان
زۆر کەس سەردانى دەرەوەى کوردستان دەکەن بۆ تەواوکردنى خوێندن،لەوانەیە کەم کەس هەبێت بەرهەمى هەبێت،لە ڕێگاى ماڵپەڕى کورد ئایتى گرووپەوە پێم خۆشە، دیمانە لەگەڵ یەکێک لەو خوێندکارانەى بکەم کە لە دەرەوەى کوردستان دەخوێنیت بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى دکتۆرا،هەروەها باسکردنى هەندێک توێژینەوە کە ئەنجامى داوە لە وڵاتى مالیزیا،
پرسیار: سەرەتا پێم خۆشە کورتەیەک لەسەر خۆت بنوسيت؟
- ناوم (فەھمی فەریق محەمەد) ، لە ١٩٨٢ لە شاری چەمچەماڵ لەدایکبووم ، لە ٢٠٠٠ خوێندنی بنەڕەتی وئامادەییم لە شاری شۆڕش، لانکی کەسوکاری شەھیدو جینۆسایدکراوان تەواوکردووە ، لە ٢٠٠٤ - ٢٠٠٧ خوێندنی بەکالۆریۆس وماستەرم لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی موصڵ یەک لەدوای یەک تەواوکردووە لە پسپۆڕی فیزیا و ئەلیکترۆنیکی کارەبای خۆرییدا ، پاش سێ ساڵ خزمەت وەکو مامۆستای فیزیا لە وەزارەتی پەروەردە و زانکۆی کۆیە و زانکۆی سلێمانی ، لەساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ، لەسەر بودجەی مینحەی بەڕێز ئەحمەد ئیسماعیل، وە لەسەر بنەمای ڕکابەری و ئاستی زانستی ڕەوانەی زانکۆی مالایا لە وڵاتی مالیزیا کرام بۆ تەواوکردنی خوێندنی دکتۆرا لە بواری تەکنۆلۆژیای وزەی خۆرو خانەخۆرییە ئەندامییەکان،
پرسیار : خوێندن لە مالیزیا،لە چى ئاستێکدایە؟
- لە ئاستێکی بەرزدایە ، سیستەمی فێرکردن و خوێندن جیاوازییەکی ئەوتۆی نیە لەگەڵ ھی وڵاتانی پێشکەوتووی ئەوروپا و ئەمریکا بەتایبەت لە ئێستادا ، ئەم پێشکەوتنەشی لەماوەیەکی زۆر کەم وخێرادا بەخۆوە بینیوە ، ئەتوانم بڵێم پانزە ساڵ پێش ئێستا لەھەمان ئەو قۆناغەدا بووە کە ئێستای کوردستانی خۆمانی پێدا دەگوزەرێ ، بەڵام بەپلانێکی تۆکمە و بەردەوام توانیوێتی ئەم پێشکەوتنە بەرچاوە بەدەستبێنێ ، ھەربۆیە بە پڵنگی ئاسیا دادەنرێ لەنێوان وڵاتە پێشکەوتنخوازەکانی ئاسیادا کە بەردەوامیش لەگەشەکردن و پێشکەوتنی بەردەوامدایە،
پرسیار : بە ڕاى تۆ چى جیاوازێک هەیە لە نێوان خوێندنى باڵا ئێرەو مالیزیا؟
- جیاوازیەکی زۆر بەرچاو ، ئەگەر ھەمووی بنوسرێتەوە بە پەرتوکێک تەواو نابێ ، زانکۆکانیان پڕن لە کەسانی ئەکادیمی و زانستی بەتوانا ، بیناو ھۆڵی وانەوتنەوە و تاقیگەی پێویستیان ھەیە ، ھۆکارەکانی فێربوون لە سەرچاوەی زانستی و کتێبخانە و ئینتەرنێت و بڵاوکراوە زانستیەکان بە بەرەوامی لەبەردەستدان ، ساڵانە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکار ھەیە لەنێوان زانکۆکانی مالیزیا و بەریتانیا و ژاپۆن و ئوسترالیادا کە بۆ ماوەی چەند مانگێک لەسەر ئاستی چەند بەش و کۆلێژێک ژمارەیەک خوێندکاری چالاک ئاڵوگۆڕ پێدەکرێ بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی زانستی وسودمەندبوونی زیاتری ھەردوولا ، ھەر زانکۆیەک جگە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بودجەی تەواو تەرخان دەکەن بۆ توێژینەوەی زانستی و ھەر توێژەرێک لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی پڕۆژە ھاوکاریدەکرێ بۆ ئەنجامدانی ئەو بیرۆکەیەی کە پێشکەشی کردووە. ساڵانە چالاکی جۆراو جۆریان ھەیە ، لەسەرئاستی بەش و کۆلێژ و زانکۆ لەشێوەی کۆڕو سیمینارو ۆرک شۆپ و ڤیستیڤاڵەوە دەبێت ، لەسەرئاستی زانکۆکانیتری مالیزیا لە کۆنفرانسی ناوخۆییدا خۆی دەبینێتەوە ، ھەروەھا لەسەرئاستی زانکۆ جیھانیەکانیش لە شێوەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیدا چالاکیە زانستیەکانیان ئاڵوگۆڕدەکەن ، ھەموو ئەمانەش بە ئەنجامدان و پێشکەشکردنی توێژینەوەی زانستی دەبێت. بەمجۆرە ئاستی زانستی مامۆستاو خوێندکارەکانیان بەرزدەکەنەوە ودواتریش ڕیزبەندی زانکۆکانیان لە ئاستی زانکۆکانی جیھاندا پێشتردەکەوێت،
پرسیار : زانکۆکانی خۆمان چی بکەن دەتوانن لە رووی توێژینەوەوە بگەن بە ئاستی زانکۆکانی جیھان؟
- پێویستە بەرنامەو پلانێکی تۆکمە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بە پاڵپشتی حکومەتی ھەرێم وتەرخانکردنی بودجەی پێویست دابڕێژرێ ، ئەویش بە ئەنجامدانی ئەم ھەنگاوانە:
یەکەم: دروستکردنی سەنتەری توێژینەوە بۆھەر زانکۆیەک،
دووەم: دابینکردنی کەرەسەو دەزگای پێویست و دامەزراندنی کەسانی گونجاو تیایدا،
سێیەم: دابینکردنی ھێڵی ئینتەرنێت بەردەوام بۆسەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆ وسەنتەرەکانی توێژینەوە بە مامۆستاو خوێندکارەوە،
چوارەم: بەئاگابوون لە توێژینەوەی توێژەران لەسەر ئاستی جیھاندا ئەمیش بەکردنەوەی جۆرناڵ یان بڵاوکراوەو گۆڤارە زانستیەکان لەڕێی ئینتەرنێتەوە بە بەشداریکردنێکی ساڵانە لەگەڵیاندا،
پێنجەم: تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ پێویستیەکانی توێژینەوەو خەڵاتکردنی توێژەری سەرکەوتوو،
شەشەم: ناچارکردنی توێژەران بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانیان لە بڵاوکراوە نێودەوڵەتیەکاندا، بۆ نمونە ھەر قوتابیەکی دکتۆرا لایەنی کەم دوو توێژینەوە بڵاوبکاتەوە لەماوەی خوێندنەکەیداو قوتابی ماستەریش یەک توێژینەوەو مامۆستایانیش لە ھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا پلەیان بەرز نەکرێتەوە تاکو ژمارەیەکی گونجاو لە توێژینەوە ئەنجام نەدەن ، بەڵام لێرەدا نابێ مەرجی تەمەن بکرێت بەڕێگر ، بۆنمونە لەوەیە توێژەرانی گەنج ھەوڵی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زۆر نەدەن ئەگەر بزانن بەھۆی تەمەنەوە ڕێگریان لێدەکرێ لە بەرزکردنەوەێ پلەی زانستیان. خاڵێکیتری زۆر گرنگ ئەوەیە کە نابێ ھەستین بە جێبەجێکردنی خاڵی شەشەم بەتەنھا لەکاتێکدا ھیچ لەخاڵەکانیتری سەرەوە جێبەجێنەکرابن، واتە کاتێک زانکۆکانمان دەچنە ڕیزبەندی زانکۆ ناسراوەکانی جیھانەوە کە ھەموو ئەو پلانانەی سەرەوە جێبەجێبکرێن،
پرسیار :وەک لە هەندێک ناوەندى میدیا باسکرا،کە خەڵاتێکت وەرگرت،چى بوو؟تویژینەوەکەت لەسەر چى بوو؟
-وەرگرتنی خەڵاتی زێڕین لەبواری مادە ئەندامی وئامێرە ئەلیکترۆنیەکان بوو، بەھۆی بەدەستھێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی ئەو توێژینەوە زانستیانەی کە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە بواری ناوبراو ئەنجامدرا لە وڵاتی مالیزیا بۆ ساڵی ٢٠١٠ . کۆی ئەو توێژینەوانەی پێشکەشکران لە کۆنفرانسەکەدا ٣٥٠ توێژینەوە بوون بە بەشداری توێژەرانی زانستی وڵاتانی جیاواز ، منیش وەکو کوردێک کە خوێندکارى دکتۆرام لە زانکۆی مالایا لە مالیزیا بە بەشێک لەو ئەنجامە زانستیانەی بەدەستم ھێنابوو لە ماوەی خوێندنی دکتۆراکەمدا و لەشێوەی توێژینەوەیەکی ئامادەکراودا بەشداربووم ، پاش ڕکابەری و ھەڵسەنگاندن لە لایەن لیژنەی تایبەتەوە خەڵاتی یەکەمم پێ بەخشرا کە بە مەدالیای زێڕین ناودەبرێت . توێژینەوەکەم سەبارەت بە " باشکردنی سیفەتە ڕوناکی وکارەباییەکانی مادەیەکی ئەندامی کانزایی بوو کە بە Gaq٣ ھێما ئەکرێ ، ئەویش لەڕێگەی دەستبەراگرتنی پێکھاتە کیمیاییەکەی و دروستکردنی تووڵی نانۆیی بەدرێژایی پێکھاتەی ناوەوەی مادەکە" ، گرنگی توێژینەوەکە لەوەدایە کە بەشێوەیەکی بەرچاو ئادای ئامێرە ئەلیکترۆڕووناکیەکانی وەکو شاشە و خانەی خۆری باشتر ئەکات و دەشتوانرێ بەھۆیەوە ئەم دوو ئامێرە لەیەک کاتدا بچێنرێن ، بۆنمونە ئەم کارە ڕێخۆشکەرەبێ بۆ دروستکردنی نەوەیەکی نوێ لە مۆبایل کە پێویستی بەکارەبای ئاسایی نەبێ بۆ بارگاویکردنەوەی ، بەڵکو وزەی خۆر کارکردنی خۆی وشاشەکەشی دابین بکات لە ڕۆژو شەودا،
- بێگومان ھەستێکی خۆش وبزوێنەر بەرەو ئەنجامدانی کاری زیاترو باشتر. ئەگەرچی ئەوکارەی ئەنجامم دابوو زۆر جێی متمانەی خۆم بوو ، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد خەڵاتێکی لەوجۆرە بەدەستبێنم ، لەساتی دابەشکردنی خەڵاتەکەدا من لەڕێگای گەڕانەوەدابووم بۆ زانکۆکەی خۆم و پەیوەندیان پێوەکردم کە پلەی یەکەمت بەدەسھێناوە ، پاشان لەڕێگەی نوێنەرێکمەوە خەڵاتەکەو بڕوانامەی ڕێزلێنانیان بۆناردم ، ھۆکاری ئامادەنەبوونەکەشم بەھۆی ئەوەوەبوو کە ڕێوڕەسمی کۆتایی کۆنفرانسەکە دواکەوت و منیش بلیتی گەڕانەوەم پێش کاتی دەستپێکردنی دابەشکردنی خەڵاتەکان بوو، لەلایەکیتریشەوە لەوباوەڕەدا نەبووم ئەنجامێکی وا بەدەستبێنم بۆیە گەڕانەوەم ھەڵبژارد نەک سڕینەوەی بلیت ودواخستنی گەشتەکەم. لەڕاستیدا خۆشتر دەبوو ئامادەبوومایە لەکاتێکدا ڕۆژی کۆتایی کۆنفرانسەکە جلوبەرگی کوردیم پۆشیبوو،
تا ئەم قۆناغەی ئێستا کە کوردستان پێیدا دەگوزەرێ بێگومان نەخێر ، چونکە ھەموو کارێکی زانستی لەمجۆرە پاش بەدەستھێنانی سەرکەوتن لەئاستی ئەکادیمی و زانکۆیی ، بەمەبەستی خستنە بازاڕی بەرھەمەکانیەوە پێویستمان بە کەرەسەی تایبەت و کۆمپانیای وەبەرھێن ئەبێ بۆ دروستکردنی ، ھەروەک لە کۆمپانیاکانی وەکو سۆنی و تۆشیبا و نۆکیا و سامسونگ.... ھتد دەبینرێ ، بەڵام لە کوردستان نە دەزگای پێویست بۆ دروستکردن و نە کارگە و کۆمپانیای لەمجۆرەش بەدی ئەکرێ ، کاتێکیش بمانەوێ بەردەوامبین لەسەر کارە زانستیەکانمان و بەرھەمی باشترمان ھەبێ بەداخەوە دیسان کەرەسەی پێویست لەبەردەستدا نین ، ئەگەر بیر لەوەش بکەینەوە نەگەڕێینەوە کوردستان و لەدەرەوەی وڵات کاربکەین ئەوا ئەو ھەستە دینی و ئەخلاقی و نەتەوایەتیەی ھەمانە ڕێگەنادەن لە لایەکەوەو لە لایەکیتریشەوە گرێبەستی نێوان ئێمە و حکومەتی ھەرێم ناچارمان ئەکا بگەڕێینەوە بۆ ھەرێمێک کە تا ئێستاش جگە لە بەفیڕۆدانی تواناو وزەی گەنجانی لێھاتووی کوردستان ھیچ بەرھەمێکی ئەوتۆی نیەو نەبووە ، کار بەمجۆرەش بڕوا ھەموو ئەوانەی ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن بۆ خوێندن و پاش وەرگرتنی زانستی نوێ وبڕوانامەی بەرز و گەڕنەوەیان بۆ کوردستان جگە لە داھاتوویەکی خراپتر لە ئێستایان باشتری لێ چاوەڕوان ناکرێ ، ھەربۆیە حکومەت و خوێندنی باڵا لە کوردستاندا پێویستە زۆر بەجدی دەستبکەن بە دانانی پلانی چارەسەر ، لەمڕۆدا باوی قسەکردن نەماوەو خەڵکی بێزاربوون لێی ، بەڵکو کارو کرداریان دەوێ،
بە ناوى کورد ئایتى گرووپەوە زۆر سوپاست دەکەم بۆ تەرخانکردنى کات بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارەکان،هیوادارین لە هەموو کارەکانت سەرکەتووبى،بە هیواى دیمانەى تر لە تویژینەوەکانى ترت،
سازدانى : ئامانج عبدالڕەحمان / چەمچەماڵ
بۆچوونەکان
دەستخۆش کاک ئامانج بۆ ئەنجامدانی ئەو دیمانەیە و ناساندنی گەنجێکی بەتوانا کە لە بەردەم فانۆس و مۆمدا توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستەی ،کە هەموو کوردێک شانازی پێوەبکات ، چونکە ئەو دووجار بریندارە.
یەکەم لەکەسوکاری ئەنفالکراوەکانە یاخود لە وژینگەیەدا گەورە بووە دوهەمیش لە وڵاتێکی دواکەوتودا خوێندویەتی توانیوەیەتی بگاتە ئەو ئاستە ، بەڵام بەداخەوە دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان ، هەمووی لەبیردەچیتەوەو زانیاریەکانی دەپوکێنەوە.
هەر وڵات و پارتێک گەر بنەماڵە حوکمی بکات بۆ هەتا هەتایە پێش ناکەوێت ، نمونەش زۆۆرن ، تەماشای وڵاتانی کەنداوبکەن لە ئاستی ئابووریدا لە ڕیزی هەرپێشەوەن و لە تەکنلۆجیادا لە ڕیزی هەرەدواوەن.
سەرکەوتوبن
[quote=Zandy]دەستخۆش کاک ئامانج بۆ ئەنجامدانی ئەو دیمانەیە و ناساندنی گەنجێکی بەتوانا کە لە بەردەم فانۆس و مۆمدا توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستەی ،کە هەموو کوردێک شانازی پێوەبکات ، چونکە ئەو دووجار بریندارە.
یەکەم لەکەسوکاری ئەنفالکراوەکانە یاخود لە وژینگەیەدا گەورە بووە دوهەمیش لە وڵاتێکی دواکەوتودا خوێندویەتی توانیوەیەتی بگاتە ئەو ئاستە ، بەڵام بەداخەوە دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان ، هەمووی لەبیردەچیتەوەو زانیاریەکانی دەپوکێنەوە.
هەر وڵات و پارتێک گەر بنەماڵە حوکمی بکات بۆ هەتا هەتایە پێش ناکەوێت ، نمونەش زۆۆرن ، تەماشای وڵاتانی کەنداوبکەن لە ئاستی ئابووریدا لە ڕیزی هەرپێشەوەن و لە تەکنلۆجیادا لە ڕیزی هەرەدواوەن.
سەرکەوتوبن
[/quote]
لەفەسیبووك دانرا
بژین
کاک ئامانج، من پیم غەدرە ئەو کوڕە چووەتە کەناڵی حیزب و بەردەم ئەو بێژەرانەی کە زۆر بێتوانان و لەبەر خاترێنە بوون بە کەسی # اعلام# ــی.
ئەوان هەر کەسێک دەڕوات، دەبێت سوپاسی کاک فڵان و فڵان خانم بکات، کە بەبۆنەی حکومەتەکەی ئەوان و تەلەفزیۆنەکەیانەوە نەبێت کورد و ئەم جۆرە کەسانە قەت دروست نابوون. هەمان کردار هەموو ڕۆژ دووبارە دەکەنەوە. چاوپێکەوتونی محەمەد ڕەوف و میدیا حوسێن دەکەن، جارێ بلە دەستدەکات بەوتنی حەیرانەکە، لەم کەناڵەی خۆتانەوە، لەم کەناڵەوە ئیتر ناسران و ئەوانیش دەڵێن فڵان کەناڵە خۆشەویست ..هتد.
بەڕێز فەهمی: پێویستی بەوەیە کەسێکی شارەزا کە پێش چاوپێکەوتنەکە چەندین وتوێژیان دەربارەی مەغزای تێڕوانین و تواناکانی لەگەڵی کردبێت.
بەهەرحاڵ ئەمانە هیچی لە توانای و سەرکەوتنی بەڕێز فەهمی کەمناکاتەوە و چاوەڕێین ئەنجامی توێژونەوەکانی ببینین.
هەربژی
دهستان خۆش کارێکی زۆر پیرۆزتان کردووه، ئهم کوڕه لاوهش چهنده زانایه هێدهش کوردییهکهی خاوێنی نووسیوه، بهراستی مرۆڤ تام و جێژێکی زۆر له خوێندنهوهی بابهتهکه دهبا. دیسان دهستان خۆش. لهگهڵ قسهکانی کاکه سیاشم، ههربژین.