تۆ لێرەیت

ماڵەوە هەموو هەواڵەکان

مایکرۆسۆفت هاوشێوەی ئایپادی دروستکرد.

zandy

Zandy

بڵاوکراوەتەوە

2010/10/06

دۆخی بوچوون

خوێندنەوە  ۔21۔ )

 

دوای فشارێکی زۆری بەڕێوەبەرانی مایکرۆسۆفت ، مایکرۆسۆفت ناچاربوو کە بەزووترین کات “تەختەپێژمێر” ێکی هاوشێوەی ئایپادی ئەپڵ دروستبکات وەک وەڵامێک بۆ کۆمپانیای Apple ، چونکە بەڕێوەبەرانی مایکرۆسۆفت تەختەپێژمێرێکیان نییە بۆخۆیان بەکاریبهێنن کە خۆیان خاوەنی کۆمپانیایەکی زل و زەبەلاحن.
هاندەرێکی تر ئەو بوو ئایپاد تەنیا لەماوەی هەشتا ڕۆژدا سێ ملیۆنی لێفرۆشرا.
بەپێی Neowin.net هەفتەی ئاییندە رۆژی دووشەممە هاوکات لەگەڵ وینددۆزمۆبایل٧ (WP7) دا مایکرۆسفت تەختەێبژمێری خۆی بڵاودەکاتەوە.
بەپێی Neowin.net ، مایکرۆسۆفت زۆر بەسەختی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا کاریکردووە بۆ دروستکردنی ئەم تەختەپێژمێرە کەیەک لەو کۆمپانیایانە کۆمپانیای کۆمپیوتەری HP ە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەک کەویستویانە ناویان شارەوە بێت ئەم تەختەبژمێرەی مایکرۆسۆفت کە پشت بە نەرمەواڵای مایکرۆسۆفت خۆی دەبەستێت لە دەوری کریسمسدا دەکەوێتە بازاڕەوە.

بۆچوونەکان

"تەختەبژمێر" ووشەیەکی گونجاوە بۆ Tab
واتە لە مانگی ١ بڵاودەکرێتەوە...

دەست خۆش كاك زاندی

تێبینی :-
وشەی Slate بە عەرەبی لوحة و بەکوردی تەختەپێژمێر ، پێتان چۆنە؟
سەرنجتان بنوسن تا لە فەرهەنگ زیادبکرێت.
یاخود لە مەکۆی
http://zkurd.org/meko/viewtopic.php?pid=1257#p1257
سەرنجی خۆتان بنوسن
تەختەپێژمێر یا تەختەکۆمپیوتەر کامیان گونجاوترن؟

پێشتر پرسیارم دەربارەی ئەم وشەیە کردبوو ، دوای هەواڵەکە هاتەوە بیرم ، من تەختەبژمێرم دانابوو، بەڵام کا دیاکۆ وەڵامی بۆ دانابووم
تەختەپێژمێر یان تەختەکۆمپیوتەر
لەوانەیە تەختەکۆمپیوتەر ، خەڵک زووتر پێی ڕابێن.

بەپێی مانا لوحة واتە تابلۆ

بەس کاک زاندی ووشەی "پێژمێر" لەچییەوە هاتووە؟

سڵاو!
ئەوە پێشنیاری کاک دیاکۆیە ، کەسێکی زۆر بەتوانایە لە بواری زماندا ،من خۆم پێش وەڵامەکەی ئەو ، تەختەبژمێرم نوسیبوو.
لە فەرهەنگی ئۆکسفۆری نوێ دا کە خۆم هەمە.
slate : تەختە ، بەرد ، تەختەی بەردین
هاتووە بۆیە پێم وایە تەختەکۆمپیوتەر زۆر گونجاوبێت .

گونجاوە
بەڵام ئایا ووشەی slate تەنها لەجیهانی IT بەکاردێت؟

بێگومان ، نەخێڕ . ئەو وەرگێڕانەی ئۆکسفۆردیش لەوانەیە هەرگیز بیریان لە ئایتی نەکردبێتەوە ، بەڵام زۆر گرنگە لەگەڵ پەیدابوونی هەر ئامێرێکی نوێ ، زۆر بەخێرایی وشەیەکی گونجاوی بۆ دابنێنن ، پێش ئەوەی خەڵک وەکو عەولەمەو حاسوب و تەعریف و هتد........ تێکەڵ بەزمانی کورد ببێت.
هەرچەند ئەمە کاری ئێمە نییە ، بەڵام بەرپرسانی ئەم بوارە لە گوێی گادا لەخەوێکی قووڵ دان ، بۆیە ئەبێت خۆمان فریابکەوین.

سەرکەوتوبن

کاک زاندی ڕاستە ئەبێ ئێمە خەم لەو شتانە بخۆین
من پێم باشە هەر لە کورد ئایتی گروپێك ئەو کارە بکەن گروپێك لە کەسانی باش و شارەزا لە کوردی و ئایتی

دووبارە بەخێربێتەوە :)
هەروەها دەستخۆش بۆ ٥ هەواڵە،بەڕاستى هەمیشە جێگاى تۆ دیارە،

"تەختەپێژمێر" بە ڕاى من جوانترە :)

بژین،

زۆر سپاست ئەکەم خاڵە ئامانج ، ماوەیەکە زۆر سەرقاڵم و تا ١٣ / ١٢ هەروا سەرقاڵ دەبم ، بەڵام ڕۆژانە سەردانی ئێرە دەکەم ، ئەمڕۆ کاتم هەبوو بەهەلم زانی ، چەند هەواڵێکم نووسی.
کاک Kurdish EAgle ، ئەگەر ئەرک نەبێت ئەو ناوەی خۆت یاخود کورتەناوێک خۆت پێتخۆشبێت بنوسی ، تا بەکوردی بینوسم ، کوردش ئیگڵ ، ڕاستە؟
*****************************************
بۆ ئەوەیان لێرە گۆشەیەکمان هەیە بۆ زمانی کوردی ، بەڵام زانستپەروەران و چاوگ ، کاک دیاکۆ کاک ئاراس کاک سیا ، ئەمان و مەکۆکانیان هەرخۆمانن جیاوازییەک نییە ، هەموومان ئەندامی ئێرەو ئەوێین.
کاک دیاکۆ ، بەرنامەی تەلەفزیۆنی هەیە و کاک ئاراس دەخوێنێت کاک سیاش بەهەمان شێوە ، گەرنا ئەوان لە ئێمە چالاکترن.

کاک زاندی دەتوانی دەتوانی بە بڕوا بانگم بکەیت .کێشە نییە هەر ناوێك بێت :)

--------
ڕاستە ئاگادارم کە گشتیان سەرقاڵن ..بەڵام لەگەڵ ئەوەش وەک خۆت لەگەڵ پەیدابوونی هەر ئامێرێكی نوێ ئێمە ناوێكی بۆ دابنێین پێش ئەوەی ناوێكی لە زمانێكیەوە بۆ بهێنرێت بەسەقەتی.

بۆ slate
تەختەپێژمێر
تەختەکۆمپیوتەر

باشترە لە سەکۆی زمانی کوردی بیکەیت بە بابەتێك تاکو هاوڕێیان سەرنجی خۆیانی لەسەر بنووسن چونکە ئەمە ناوە و هەموو سات و کاتێك ناگۆڕدرێت

سەڵاو لە هەموتان!
کاکە زەندی گیان هیوادارم لەش ساخ و سەڵامەت بیت
بەڕاست پیویستە هەموو زاراوەیەک وەڕبگێردری؟ عەرەبەکان زۆر ئەم کارەدەکەن بەڵام کەم بەکاری دێنن، زاراوەی زانستی و پێناسەکردنی کاریکی زۆر باشە، بەڵام ناو بەڕای من ئەو ناوانە چەندیان بگۆرێ هەر وەک خۆی دەمینێتەوە وەک ڕاديۆ و تی ڤێ تەلەفۆن و ...تا دوای. کەس لە خەڵکی عەرەب ناڵێن مذیاع بەڕادیۆ. لە هەموو حاڵەتەکاندا دەستان خۆشبێت و ماندوو نەبن

بەیارمەتی کاک زاندی..
کاک سیروان لێرەدا قسە لەسەر ناو نییە ..ئێمەش لەگەڵ ئەوەین کە تەلەفۆن و تی ڤی و ڕادیۆ و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و مۆبایل و هتد.... کە ئەمانە وەکو خۆی بێت ..بەڵام ووشەی ماناجیاواز ئەبێت وەربگێڕدرێت وەکو ئەوەی لە لێدوانەکانی سەرەوە باس کراوە هەر بۆ نموونەش slate کە ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین ووشەیەكی گونجاوی بۆ دابنێین پێش ئەوەی ماناکەی بە هەڵە و بەسەقەتی بزڕێت ..تەنها ئەوەیە مەبەستەکە.

بژیت

ماندوو نه‌بن. من باسه‌کانتانم خوێنده‌وه‌. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ له‌ چه‌ند وشه‌ی لێکدراو دروست بووه‌ و ئه‌گه‌ر لێکیان بکه‌ینه‌وه‌ ده‌بێ به‌ تەختە+ پێ+ژمێر، که‌وابوو ده‌توانن وای لێک بده‌نه‌وه‌ که‌ ته‌خته‌یه‌که‌ و پێی خه‌ڵکی ده‌ژمێرێ! یان شتێکه‌ ته‌خته‌مان بۆ ده‌ژمێرێ. پێشتریش له‌م باسانه‌ زۆر له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی زانستپه‌روه‌راندا کراوه‌. باش له‌ بیرمه‌ که‌ کاتێک ده‌یانهه‌ویست وشه‌یه‌ک بۆ ئینته‌رنێت داتاشن من و کاک به‌رده‌قانی پێمان وبوو که‌ هێندیک وشه‌ چوونکه‌ نێونه‌ته‌وه‌یین و جێگایان گرتووه‌ وه‌ک خۆیان بمێننه‌وه‌ باشتره‌. به‌ڵام دواتر ده‌بینرا که‌ له‌ لایه‌ن هێندێک میوان و به‌ڕێوه‌ به‌ره‌وه‌ ده‌نووسرا "تۆڕی ئینته‌رنێت" یان "تۆڕی نێت" که‌ ئه‌گه‌ر بیری لێ ده‌که‌یته‌وه‌ ده‌بینی که‌ تۆڕیش مانای نێت ده‌دا، که‌وابوو ده‌بێ به‌ "تۆڕی تۆڕ" یان شتێکی خراو داتاشراوی بێ مانا. له‌ ئێرانیش ناوی "کومپیۆته‌ر"یان گۆڕیوه‌ و شتێکی دیکه‌ی پێ ده‌ڵێن که‌ بێجگه‌ له‌ به‌کارهێنه‌رانی ئێرانی که‌سی دیکه‌ له‌ دونیادا نازانێ باسی چی ده‌که‌ن.
به‌ بڕای من ره‌نگه‌ باش بێ هێندێک وشه‌ بگۆڕ درێ به‌ڵام نه‌ک هه‌ر وه‌شه‌یه‌کمان به‌رچاو بکه‌وێ گورج بگه‌ڕێین ناوێکی بۆ داتاشین. ئاخر زانستی ئێمه‌ له‌سه‌ر زمانی کوردی چه‌نده‌یه‌! خۆ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر دوو یان سێ زاراوه‌ی کوردیش بزانین هێشتا نیوه‌ی وشه‌ی زمانه‌که‌مان نه‌زانیوه‌، کێ ده‌زانێ که‌سێکی دیکه‌ به‌یانی ناوێکی گونجاوتری له‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ نادۆزێته‌وه‌ که‌ زۆر پڕ ماناتریش بێ، ئیتر بۆ ئێمه‌ بێن له‌ خۆڕایی به‌ر به‌ داهێنانی خه‌ڵک بگرین. نه‌گبه‌تی کورد له‌وه‌دایه‌ که‌ ناوه‌ندێکی بڕیار ده‌ری نیه‌ و هه‌ر که‌سه‌ بۆ خۆی دایده‌تاشێ، بێ ئه‌وه‌ بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ ئایا هاومانه‌ی دیکه‌ی هه‌یه‌ له‌ کوردیدا یان نه‌. سه‌رکه‌وتوو بن. به‌ڵام به‌ بڕوای من نه‌ک به‌مجۆره‌ زمانی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ند نابێ به‌ڵکوو له‌ هێندێک بواریشدا به‌لاڕێدا ده‌به‌ن. که‌وابوو بگه‌ڕێن بۆ ناو بۆ شه‌مه‌ندۆفه‌ر، تراکتۆر، بووس و ئوتوبووس و لۆری و که‌ره‌سته‌کانی دیکه‌ی ئه‌له‌کترونیکی که‌ له‌ کوردستاندا چه‌ندها ساڵه‌ خه‌ڵکی به‌کاریان دێنێ و هیچ کۆسپێکیش له‌ داتاشینی ناودا نه‌بووه‌ بۆیان.
سه‌رکه‌وتوو بن.

سڵاو بەڕێزان!
کاتێک ڕادیۆ و تەلەفزیۆن پەیدابوون ، زۆر جیاوازە لەو ڕەوشەی ئێستا کوردی تێدایە ، لەوکاتەدا کورد خاوەنی ماڵکەی خۆشی نەبوو ، گوندی وا هەبووە ڕادیۆشی نەبووە ، بەڵام ئەمڕۆ جیاوازە.
ئەمەی ئیمە باسی دەکەین جیاوازە لە ڕادیۆ و تەلەفۆن و مۆبایل ، چونکە ئەوانە داهێنانێکی جیاواز بوون.
ناوی ڕادیۆ لەگەڵ ئەو ئامێرانەی ڕۆژانە دروستدەکرێن جیاوازن ، تەلەفۆن یەکجار داهینرا ئیتر بۆ هەتا هەتایە چەندێک تەلەفۆن پێشبکەوێت هەر ناوی تەلەفۆنە.
ئێستا فەرهەنگێکی ئایتیمان هەیە و پێم وانیە کەستان بە پێوستی نەزانن .
تەنیا ئەوەندە دەپرسم بۆ بە ئینگلیزی پێی دەلێن slate ، بەڵام بەنەرویجی لەوانەیە دانیمارکی و سویدیش هەر Tablet بێت؟
بۆ ئەم گەلە بچوکانە کە کەلتورو ئایین زمانەکانیان زۆر لە ئینگلیز دەچێت ، یەکسەر وشەی بۆ دادەهێنن ، بەڵام بۆ گەلێکی ٤٥ ملیۆنی ڕەوا نەبێت کە ئایین و کەلتور و دابونەریتی ئاسمان و ڕێسمان جیاوازە لەگەڵ ئینگلیز؟ بۆ ئێمە چاوەڕی بکەین لەوە زیاتر وشەی فارسی و تورکی عەرەبی تێکەڵاو بەزمانەکەمان بێت؟
دووبارەی دەکەمەوە ئەوە کاری ئیمە نییە ، بەڵام وشەی پێشمەرگەش کابرایەکی چایچی دایهێنا.

سەرکەوتوبن

دەم خۆش كاك زاندی..

کاری ئێمە نییە بەڵام ئەبێ بیکەین بە پیشەی کەسانێك .

بژین

کاکه‌ زه‌ندی گیان ئه‌وه‌ جیاوازه‌ ئه‌م جۆره‌ فه‌رهه‌نگ دروست کردنه‌ سه‌ر له‌ خه‌ڵک شێواندنی تێدایه‌، نه‌ک کارساز نییه‌ به‌ڵکوو رێگه‌ له‌ خه‌ڵک ده‌رگرێ، سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ناوه‌ندێک بۆ کۆکردنه‌وه‌ و ساغ کردنه‌ی وشه‌ی کوردی هه‌بووه‌، کۆڕی زانیاری کوردی به‌ هه‌موو که‌م و کۆڕییه‌کانیه‌وه‌ هه‌بوو که‌ ئێستا نیمانه‌، هه‌ر که‌سه‌ و بۆ خۆی خه‌ریکه‌. بۆ ئاگاداریت هه‌رچه‌نده‌ 45ه‌که‌ی جه‌نابت نه‌ ببینه‌ 100 میلیۆنیش به‌ ناتوانین به‌ قه‌ت گه‌ڵێکی 9 میلیۆنی سوێدی پێشکه‌وتوو بین ئه‌مه‌ خۆ ناڕه‌حه‌ت کردنی ناوێ. له‌ وڵاتێکی وه‌ک سوێددا تۆ ده‌توانی پێشنیاری وشه‌ی نوێ بده‌ی و له‌ فه‌رهه‌نگی ئاکه‌دمیکی ئه‌و وڵاته‌ زیاد بکرێ. به‌ڵام بۆ خۆت ناتوانی وشه‌یه‌ک داهێنێ و به‌کاری بێنی! ئه‌وان ئه‌مه‌ سه‌دان ساڵه‌ ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن، نیوه‌ی میلله‌ته‌که‌ی ئێمه‌ هێشتا به‌ نقه‌ نق ناوی خۆیان ده‌نووسن. بۆ وێنه‌ له‌ زمانی سوێدی دا چه‌ندین "ش" هه‌یه‌ که‌ هه‌ر کامیان به‌ جۆرێک ده‌نووسرێن، ئه‌مانه‌ش له‌ فه‌رهه‌نگی ئاکادمیکی ئه‌و وڵاته‌دا نووسراون‌، ئیتر که‌س نایه‌ بڵێ من پێم خۆشه‌ به‌ "ش" ده‌ینووسم! به‌ڵام لای ئێمه‌ هێشتا ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌لف و بێکه‌شی ساغ نه‌بووینه‌ته‌وه‌! نابێ پێمان ناخۆش بێ، به‌ڵام ئێمه‌ سه‌د ساڵ له‌ دوای ئه‌مانه‌وه‌ین. من پێم خۆشه‌ کورد سه‌ری بگاته‌ ئاسمان به‌ڵام خۆ به‌ زۆری نییه‌. من ده‌توانم یه‌ک وێنه‌ت بۆ بێنمه‌وه‌ که‌ ده‌یان نموونه‌ی زیاتریش شک ده‌به‌م. ئه‌م وشه‌ی "ته‌خته‌کلیله‌"ی کوردی خۆمان، له‌ راستی دا ئه‌مه‌ فارسییه‌ و کوردی نییه‌، دووهه‌مه‌ن وشه‌ی "کلیل" فه‌رانسه‌ییه‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ که‌ داهێنانی باشمان کردووه‌، که‌چی ئه‌م وشه‌ تێکه‌ڵکراوه‌ هیچی کوردیی نییه‌. ته‌خته‌ له‌ هێندێک زاراوه‌ی وه‌ک جافی و که‌ڵهوری و ئه‌رده‌ڵانیشدا به‌‌ کوته‌ دارێکی ساف و لووس و ته‌نک کراو ده‌ڵێن که‌ به‌ فارسیش هه‌مان مانای هه‌یه‌. بێجگه‌ له‌مه‌ش ئایا پێت وا نیه‌ ئێمه‌ ‌غه‌درمان له‌ خۆمان کردووه‌ و وچان و ده‌رفه‌تمان به‌ که‌سانی دیکه‌ نه‌داوه‌ که‌ بیر له‌و وشه‌یه‌ بکه‌نه‌وه‌!؟ ئه‌و ته‌خته‌یه‌ که‌ مانای "پان" ده‌دا به‌ زاراوه‌ی هه‌ورامی مانایه‌کی زۆر جوانتر و رێکوپێتری له‌م ته‌خته‌یه‌ی خۆمان که‌ به‌ مانای کوته‌دار نییه‌ و مانای پان ده‌دا‌، هه‌یه‌. بۆ هێنده‌ له‌ خۆمان رازی بین.
من هه‌رگیز باسی ئه‌وه‌م نه‌کردووه‌ که‌ وشه‌ی زمانه‌کانی دیکه‌ تێکه‌ڵی کوردی بن، زۆر دژی ئه‌وه‌شم هه‌رکه‌سه‌و به‌ پێی ئه‌و زانسته‌ که‌مه‌ی زمانه‌وانییه‌ی خۆی وشه‌ داتاشێ و ئه‌ویتر قه‌بووڵی نه‌بێ. بۆ ئاگاداریت هیچ ناڕه‌وا نیه‌ وشه‌ی زمانی تر‌ له‌ زمانی دیکه‌دا به‌ کار بێ، هه‌ر وه‌ک چۆن له‌ ئینگلیزیشدا وشه‌ی عه‌ره‌بی هه‌یه‌ و کوردیش فارسی و فه‌رانسه‌یی و ئینگلیزیشی تێدایه‌ و به‌ بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی بیری لێ بکه‌نه‌وه‌ به‌کاری دێنن و نه‌ک زمانه‌که‌شی لاواز نه‌کردووه‌ به‌ڵکوو زمانه‌که‌مانی ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردووه‌.
ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانین ئینگلیزییه‌کان له‌گه‌ڵ کورد هه‌ڵسه‌نگێنین. چوونکه‌ ئه‌وان نیوه‌ی ئێستاش نه‌بوون نیوه‌ی دنیایان له‌ بنده‌ستدا بوو، تازه‌ مه‌له‌که‌شیان بوو. کورد چی کردووه‌؟ بێجگه‌ له‌ نۆکه‌ری بۆ بێگانه نه‌بێ‌؟ ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ بیگانه‌یه‌کی نه‌کوردیان له‌ کورد پێ باشتره‌. من ملله‌ته‌که‌م ناگۆڕمه‌وه‌ به‌ هیچ میلله‌تێکی تر به‌ڵام هێندێک راستی تاڵ له‌ ژه‌قنه‌مووت تاڵتر هه‌ن که‌ ده‌بێ باسی بکه‌ین. کورد له‌ لایه‌ن ئایینیه‌وه‌ چی هه‌یه‌؟ پێم ناڵێی؟ چوونکه‌ له‌م باره‌وه‌ ئیتر به‌ یه‌کجاری له‌ نێو زه‌لکاوی عه‌ربی دا خناکاوه‌. خۆزگه‌ که‌ند و کۆسپ ئێمه‌ ته‌نیا فه‌رهه‌نگ بوایه‌.
موبایل کۆنه‌ نییه‌، ئێستا شوان و گاوانه‌کانی کوردستانیش پێیانه‌، چی پێ ده‌ڵێن؟ ئایا زه‌ره‌ریان کردووه‌؟ پێم ناڵێن موبایل و هاندی چی خراپه‌؟
من ته‌نیا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ نابێ بۆ خۆمان سه‌ربه‌خۆ وشه‌ داتاشین، چوونکه‌ میلله‌ت ئه‌و ئیزنه‌ به‌ ئێمه‌ نادا. ئایا ره‌وایه‌ که‌ ئێمه‌ بێین وشه‌ بۆ میلله‌تێک داتاشین که‌ نیوه‌ی وشه‌کانی زمانه‌که‌شیان نازانین. کاکی خۆم خۆ کوردی ته‌نیا سۆرانی و کرمانجی نییه‌. ده‌یان له‌ق و پۆپی دیکه‌ی لێ ده‌بێته‌وه‌ که‌ ئێمه‌ ته‌نانه‌ت ناویشمان نه‌بیستووه‌.
سه‌رکه‌وتوو بی. له‌وه‌ ده‌چێ له‌ یه‌کێک له‌ سه‌کۆکاندا به‌شێک بۆ ئه‌م باسه‌ بکرێته‌وه‌ باشتر بێ.
کاکه‌ زه‌ندی ناڕه‌حه‌ت مه‌به‌ به‌ڵام ئه‌م نووسینه‌ی من و تۆ که‌ لێره‌دا نووسیومانه‌ نزیک به‌ نیوه‌ی له‌ فارسیشدا به‌کار دێ، ته‌نانه‌ت له‌ پشتوو و له‌ زاراوه‌کانی دیکه‌ی ئه‌فغانستاندا، چۆن دڵنیای که‌ "ئاسمان و رێسمان" (آسمان و ریسمان) و زۆر وشه‌ی دیکه‌ کوردین؟
دیسان سه‌رکه‌وتوو بی.

سڵاو!
نەخێر من دڵگران نابم ، ئاساییە تۆ ڕایەکی جیاوازت ترت هەبێت ، بەڵام ئەو جیاوازیە گەورەیەی لەنێوان گەلی کورد و سویدی کردووتە ، بەو شێوەیە نییە و نەک سوید هەموو ئەوروپا مێژوویەکی دوور درێژتریان نییە لە ئێمە و زمانەکانیشیان کۆنتر نییە لە ئێمە ، سویدو نەرویج و دانیمارک لەم سەد ساڵەدا لێکجیابوونەوەو بوونە خاوەنی زمانی خۆیان ، زمانەکانیان هیچ لە زمانی کوردی کۆنتر نییە ، ئەوان لە ڕووی پیشەسازی و تەکنەلۆجیاوە لە ئێمە پێشکەوتوترن ، ئێمەش لایەنی بەرپرسمان هەیە ، بەڵام بەکاری خۆیان هەڵناسن و خەوتوون گەرنا لە باشوور دەیان پرۆفیسۆری زمانی کوردی هەن.
من باسی فەرهەنگ و دابونەریت و ئاینم کردووە ، مەبەستم لە نزیکی سویدی و ئینگلیزە بۆ چی ئەمان وشەیەکی وەکو Slate دەکەن بە سویدی ، منیش هەمان وشەم هەیە لە فەرهەنگی خۆمدا کراوە بەکوردی ئیتر بۆ بەکاری نەهێنین.
من پێم خراپ نییە ، داهێنانراوە سەرەکییەکان وەکو ئینتەرنێت ، مۆبایل ، ڕادیۆ ، ئەمانە وەک خۆیا بمێننەوە ، بەڵام نازانم تا چەند ئاگاداری ، تا ئێستا دەیان گەنجی کورد بە Install دەڵێن تەعریف کردن ، بە پاشکەوتکردن دەلێت سەیڤی بکە ، بە وێبگەڕ دەلێن بەرنامەی ئینتەرنێت و هتد.....
ڕۆژانە سەدان کەس بابەتەکانمان دەخوێننەوە ، گەر ئەو وشانە بەکوردی هەبن ، کەواتە زمانەکەی خۆمان زیندوو کردەوە ، فەرهەنگی زانستپەروەران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دانی پێدانرا و بەفەرمی چاپ دەکرێت و لە زانکۆکاندا بڵاو دەکرێتەوە ، ئیتر بۆ من و تۆ دانی پێدا نەنێن ؟
خەڵکانی پسپۆڕ لە کوردستان پێداچوونەوەیان کردووە ، ئەو فەرهەنگەش لەوەنە وشەی پێشنیار کراوی خەڵکی زۆر ئاسایی تێدابێت.
ئەگەر پێتانخۆش بوو زیاتر دەربارەی ئەم بابەتە ڕابگۆڕینەوە ، ئێستا لەبەشی زمانی کوردی پەیامێکی دەنوسم ، پێشم وایە زیاتر لەیەک تێدەگەین و سودی دەبێت.

سەرکەوتوبن

کاکه‌ زه‌ندی گیان ده‌ستخۆش. کورد قسه‌ی نه‌سته‌ق و وته‌ی پێشینیانی زۆر باشی هه‌یه‌ که‌ نابێ له‌بیر بچن و ده‌بێ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌کانی داهاتووش، ئه‌وه‌یان که‌ له‌م پێوه‌ندییه‌دا ده‌بێ لێره‌دا له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ جه‌نابت ده‌ڵێی: هەموو ئەوروپا مێژوویەکی دوور درێژتریان نییە لە ئێمە و زمانەکانیشیان کۆنتر نییە." وایه‌ به‌ڵام، وه‌ک وتم کورد ده‌ڵێ: ئه‌و نانه‌ نانه‌ ئێسته‌ له‌ خوانه‌. ئه‌وان فه‌رهه‌نگی یه‌ک و نیو میلیۆنیان هه‌یه‌ و ئێمه‌ش ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ نازانی چه‌ند وشه‌مان هه‌یه‌ و فه‌رهه‌نگێکی رێکوپێکمان نییه‌. ئه‌وان ده‌یان حکومه‌تی دێموکراتیک به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، ئێمه‌ هێشتا دوای 20 ساڵ نه‌مانتوانیوه‌ له‌ به‌شێکی چووکه‌ی ئه‌و خاکه‌ کۆنه‌ی که‌ جه‌نابت باسی ده‌که‌ا کۆمارێکی ناوچه‌یی یان نیوه‌ناوچه‌ییمان هه‌بێ!
من باسی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی زانستپه‌روه‌رانم نه‌کردووه‌، چوونکه‌ بۆ خۆیشم هیچ نه‌بێ یه‌ک دوو شه‌وێک له‌ کۆبوونه‌وه‌کانیاندا بووم و له‌ بڕیاردانی وشه‌کاندا له‌گه‌ڵ بووم. مه‌به‌ستی من به‌ گشتییه‌. بۆ وێنه‌ش "ته‌خته‌کلیلم" هێنایه‌وه‌ ده‌نا وێنه‌ زۆرن.
من هیوادارم که‌ حکومه‌تی هه‌رێم یان هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی چه‌سپاوی دیکه‌ بتوانێ کۆڕێکی وا بچه‌سپێنێ که‌ بتوانن بڕیارده‌ر بن. چوونکه‌ هه‌تاکوو ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتمان نه‌بێ، ناتوانین ناوه‌ندێکی وامان هه‌بێ. به‌ کورتی بێ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ بووه‌ته‌ هۆی سه‌رلێشێوانمان له‌م بواره‌دا.
سه‌رکه‌وتوو بی و هه‌ر بژی. بۆ پێشه‌وه‌.

دوباره‌ ده‌ستان خۆش!
لێره‌ زۆر ڕوون نیه‌، مه‌به‌ست خه‌ڵکی کوردستانه‌ یان زمانه‌که‌یه‌تی، ساڵی پار وتیان وشه‌ی "حه‌بیبی" عه‌ره‌بی زیاد کراوه‌ بۆ زمانی سویدی، له‌ به‌رچی له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێک به‌کاری ده‌هێنێ، زۆربه‌ی وڵاته‌کان ئه‌م کاره‌ ده‌که‌ن، خراپ نیه‌ ئیمه‌ش ئه‌م کاره‌ بکه‌ین، به‌ڵام نه‌ک وشه‌ی ئه‌و گه‌لانه‌ی که‌ له‌ ئێمه‌ داماوترن، به‌ڕای من فێر بوون و بڵاوه‌کردنی وشه‌گه‌لی ئینگلیزی و لاتینی له‌ ناو خه‌ڵکی ئیمه‌دا قازانجی زۆر تره‌ له‌ زیانه‌کانی . ته‌نها وشه‌ی کامپیوته‌ر ده‌توانی ته‌عبیر بیت له‌وه‌ی کۆمپیوته‌ر ده‌یکات که‌ چی له‌ تورکیا پێی ده‌ڵێن به‌لگی سه‌یار، هه‌ردوو وشه‌که‌ قه‌رزه‌ وه‌ک ده‌زانن، له‌ فینله‌ندیش پێی ده‌ڵێن تیه‌تۆکۆنێ، واته‌ ماشێنی زانست، من هیچ له‌ هه‌وڵی براده‌ران له‌ کورد ئایتی و ز-کورد که‌م ناکه‌مه‌وه‌ و ئه‌و کاره‌ پێویسته‌ به‌ڵام وه‌ک کاک حه‌مید ده‌ڵێ تا ئێستا ڕێزمانێکی یه‌کگرتومان نیه‌. له‌ فینله‌ند هه‌ر زاراوه‌یه‌ک وه‌رده‌گێڕدرێ، ئیتیر به‌یه‌کجار، ته‌له‌فیزۆن و ڕۆژنامه‌و ڕاگه‌یاندن به‌و ناوه‌ باسی ده‌که‌ن هه‌رچه‌ند خه‌ڵک لێره‌ ئینگلیزیه‌که‌شیان باشه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌یکا هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌وڵتۆکه‌یه‌کمان هه‌یه‌ جارێ به‌ گیرفان و شتی تره‌وه‌ خه‌ریکه‌ نه‌ک زانست و زانستی زمان و وشه‌سازی. سه‌ڵاوم هه‌یه‌

سپاس کاک سیروان بۆ بۆچوونەکەت!
ئێمە ڕۆژانە بابەت دەنوسین و ڕووبەڕووی ئەو وشانە دەبینەوە ناچارین ، گەرنا بۆ من زۆر ئاسانترە ، وشەی عەرەبی بەکاربهێنم. یاخود بنوسم تابلێت یا سلەیت ، بەرپرسیارەتێکی گەورەیە خەڵک بە وشەی هەڵە ڕابێن.

دەبێت مرۆڤەکان چۆن فێری زمان بووبن لەسەرەتایی دروستبوونیان!!

کاک سیروان دەزانم کە لە دڵسۆزی بۆ زمانەکەوە دەنوسیت، بەڵام دوو تەوەر هەیە کە زۆری ئەو برادەرانەی لەسەر ئەو ڕایەن، درکی پێناکەن.
ئەو گەلانەی باسی دەکەیت دەتوانم بڵێێم هیچیان نەهێشتۆتەوە لەسەر وێب و تەکنەلۆژیا ئەگەر ڕوونکردنەوە، وەرگێڕانەکانیان تەواو نەکردبێ بۆ زمانەکانی خۆیان. ئەگەر بێتوو خەڵک هەر وشەئینگلزیەکەش بەکاربەرێت، خۆ دەوڵەمەندکردنی زمانەکەیان لە بیرنەکردووە هەمیشە بەدوی بەرامبەردا دەگەڕێن.گەڕاون.
دووەم شت. قۆناغی میللەتی کورد و زمانی کوردی زۆر جیاوازە. ئێمە هێشتا نە قەوارەمان هەیە نە ئەو بوونەی بە ئازادیەکەشمان ڕازیبن.، نە ڕێنوسێکی/زمانێکی یەککگرتووش. واتا ئێمە جارێ لە قۆناغی بەرەوپێگەشتنی سەرەتاییدان، دەبێت تۆزێک توندەڕەوی لە وشەگەلی کوردی بکەین تاچەسپاندنەکەی خێراتر بێت.

سەبارەت بەو دووکانەی باشر، کەی ئەوان سنوری دێگەڵەیان نەهێشت، خوا کەریمە بۆ حکومەتی!