تۆ لێرەیت

ماڵەوە هەموو هەواڵەکان

دیمانه‌: سیستمی زانیارییه‌ جوگرافییه‌کان

aras

Aras

بڵاوکراوەتەوە

2009/10/13

دۆخی بوچوون

خوێندنەوە  ۔6۔ )

 

بۆ تیشك خستنه‌ سه‌ر سیستمی زانیارییه‌ جوگرافییه‌کان و شێوازی دابینكردنیان، ڕوومان كرده‌ به‌ڕێز "هێمن عومه‌ر" و ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵدا ساز دا:

کوردئایتی گرووپ :
سه‌ره‌تا پێمانخۆشه‌ خۆت بناسێنیت به‌ میوانان..

ساڵی 1992 به‌شی ڕووپێویم له‌ کۆلیژی ئه‌ندازیاریی زانکۆی به‌غدا ته‌واو کردووه‌، له‌ ساڵی 1995 ه‌وه‌ له‌ دانیمارک ده‌ژیم. دوای وه‌رگرتنی کۆمه‌ڵێک کۆرسی جیاواز له‌ پرۆگرامکردن و‌ نه‌خشه‌سازیی و ئیشکردن له‌سه‌ر وێنه‌، ماسته‌رم له‌ زانکۆی ئای تی له‌ کۆپنهاگن خوێند له‌ بواری ته‌کنه‌لۆژیای موڵتیمیدیادا. ئێستاش له‌ پاڵ کارکردنمدا له‌ کۆمپانیای
Grontmij | Carlbro

خه‌ریکی خوێندنی ماسته‌رم له‌ GIS له‌ زانکۆی لوند له‌ سوید.

کوردئایتی گرووپ :
شاره‌زایی به‌ڕێزتان له‌ كام بواره‌دایه‌ به‌تایبه‌تی؟

هێمن: موڵتیمیدیا بوارێکی ئێجگار فراونه‌، له‌و زانکۆیه‌ی من لێم ده‌خوێند، دوو هێڵی جیاوازی هه‌بوو، ده‌نگ و ڕه‌نگ، هه‌ر یه‌کێک له‌م هێڵانه‌ش دابه‌ش ده‌بوو به‌سه‌ر بواری جیاوازدا. له‌ هێڵی ڕه‌نگ، من بواری توێژینه‌وه‌ له‌ گرافیک و وێنه‌، به‌ تایبه‌تیش وێنه‌ی فێنۆمینه‌ جوگرافییه‌کانم خوێند. نامه‌ی ماسته‌ره‌که‌م له‌سه‌ر توێژینه‌وه‌ی ستاتیستیکیی وێنه‌ی سه‌ته‌لایت بوو له‌سه‌ر شیکارکردنی گۆڕان له‌ ڕووپۆشی زه‌ویدا له‌ دارستانه‌کانی ڤێتنام، بێگومان پرۆگرامکردن به‌شێکی گه‌وره‌ی پرۆژه‌که‌ بوو. له‌ 2005 ه‌وه‌ ده‌ستم کردووه‌ به‌ کار له‌ بواری ویب جی‌ئای‌ئێس دا. له‌و بڕوایه‌دام سه‌رقاڵیی وه‌زاره‌ت و شاره‌وانییه‌کانی دانیمارک به‌ ویب جی‌ئای‌ئێس ه‌وه‌، نه‌ک Remote Sensing ، ئه‌و بابه‌ته‌ی‌ من له‌ خوێندنه‌که‌مدا زۆرتر کارم له‌سه‌ر کردبوو، ده‌وری هه‌بوو له‌مه‌دا. بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی من ئیشم تێدا کردووه‌ ده‌توانن ‌لێره‌وه‌ سه‌ردانی سایته‌که‌م بکه‌ن له‌ زانکۆی ئای‌ تی کۆبنهاگن.

کوردئایتی گرووپ :
ئایا سیستمی زانیارییه‌ جوگرافییه‌کان چییه‌ و بایه‌خی بۆ كورد له‌م ده‌مه‌دا چییه‌؟

هێمن: نه‌خشه‌ و توێژینه‌وه‌ له‌ بواری جوگرافیادا مێژوویه‌کی کۆنی هه‌یه‌، به‌ڵام سیستمی زانسته‌ جوکرافییه‌کان زیاتر به‌ ده‌رکه‌وتنی کۆمپیوته‌ر و نه‌خشه‌ی دیجیتاڵه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. ستان ئه‌رۆنۆف(Stan Aronoff) به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی ده‌کات:
Computer based systems that are used to store and manipulate geographic information، بێگومان به‌ چه‌نده‌ها شێوه‌ی تریش پێناسه‌ کراوه‌، ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ ڕوون بێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ جی‌ئای‌ئێس ئامرازێکه‌ نه‌وه‌ک زانستێک، ئامرازێکه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان و نیشاندان و توێزینه‌وه‌ی داتای جوگرافیی.

به‌ پێی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی جی‌ئای‌ئێس ئیشی تێدا ده‌کات، ده‌کرێت قسه‌ له‌ دیسکتۆپ و ویب جی‌ئای‌ئێس بکه‌ین، وه‌ک له‌ ناوه‌کانیانه‌وه‌ دیاره‌ دیسکتۆپ جی‌ئای‌ئێس له‌ کۆمپیوته‌رێک/ سێرڤه‌رێکدا له‌ ڕێی سۆفتوه‌یرێکی وه‌ک‌ ئارک جی‌ئای‌ئێس، جیۆمیدیا، ماپ ئینفۆه‌ ئیش ده‌کات، ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ستیان به‌و کۆمپیوته‌ره‌دا ده‌گات، ده‌توانن سۆفتوه‌یره‌که‌ به‌کاربهێن، به‌ڵام گرنگه‌ ئه‌وه‌ ڕوون بێت که‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و داتایانه‌ی دیسکتۆپ جی‌ئای‌ئێس به‌کاریان دێنێت، ته‌نها ئه‌وانه‌ بن که‌ له‌ کۆمپیوته‌ره‌که‌دان له‌ فۆرماتی فایلدا، ئێستا ئه‌و سۆفتوه‌یرانه‌ ده‌توانن داتا له‌گه‌ڵ داتابه‌یس و ویب سێرفزه‌کانی وه‌ک WMS و WFS و WCS یشدا ئاڵوگۆڕ بکه‌ن.

به‌ڵام خاڵی به‌هێزی ویب جی‌ئای‌ئێس له‌وه‌دایه‌ که‌ داتای جوگرافیی و ئامرازی به‌رهه‌مهێنان و توێژینه‌وه‌یمان له‌ براوسه‌رێکدا ده‌داتێ، ئه‌مه‌ش ده‌ستکه‌وتن و به‌کارهێنانی داتای جوگرافیی هه‌م بۆ توێژه‌ران و هه‌م بۆ هاووڵاتییان ئاسان ده‌کات، به‌ تایبه‌تیش که‌ ئێستا ئۆپن‌سۆرسی به‌ توانای وه‌ک MapServer و GeoServer و OpenLayers هه‌یه‌.

به‌ ڕای من ئه‌وه‌ی ڕیکلامی یه‌کێک له‌ ته‌له‌فیزیۆنه‌کانی کوردستانی عێراق ببینێت کاتێک ئه‌درێسێکی تێدا ده‌خوێننه‌وه‌، هه‌ست به‌ بایه‌خی جی‌ئای‌ئێس ده‌کات بۆ کورد، (به‌ داخه‌وه‌ ئاگام له‌ ئاستی جی‌ئای‌ئێس نییه‌ له‌ به‌شکانی تری کوردستان). ئه‌گه‌ر له‌و به‌شه‌ی کوردستانه‌وه‌ سه‌یری بکه‌ین، به‌ ڕای من کورد‌ له‌ هه‌موو که‌سێکی تر زیاتر پێویستی به‌ جی‌ئای‌ئێس هه‌یه‌، پێویستی به‌ به‌رهه‌مهێنان و ستراکتۆریزه‌کردنی داتایه‌، پێوستی به‌ نه‌خشه‌یه‌. ئه‌مڕۆ به‌کارهێنانی نه‌خشه‌ و داتای جوگرافیی ته‌نها کاری ده‌زگا حکومییه‌کان نییه‌، به‌ڵکو په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی تاکه‌که‌سه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ چه‌نده‌ها ئه‌پلیکه‌یشنی له‌سه‌ر بنیات نراوه‌. من به‌لامه‌وه سه‌یره‌ که‌ قسه‌ له‌سه‌رپلاندانان و توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر باشبه‌کارهێنانی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی سرووشتیی بکرێت بێ جی‌ئای‌ئێس، قسه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنی گه‌شتیاریی بکرێت بێ نه‌خشه‌!

کوردئایتی گرووپ :

پێتوایه‌ هه‌نووكه‌ ئه‌و كاره‌ سته‌مه‌ ئه‌نجامبدرێت له‌كوردستان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌؟

هێمن: له‌ لایه‌نی ته‌کنیکییه‌وه‌، جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌ی جی‌ئای‌ئێس له‌ زۆربه‌ی پڕۆژه‌کان ئاسانتره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنی ئیشه‌که‌مان سێرڤه‌رێکه‌، ئامرازه‌کانمان کۆمه‌ڵیک OpenSource ن‌ که‌ چه‌نده‌ها ساڵه‌ به‌کار دێن و به‌ به‌رده‌وامیی تازه‌ ده‌کرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌ ئاستیدا ڕابووه‌ستین ستراکتۆری داتایه‌، ئه‌وه‌ی کاری زۆری ده‌وێت به‌رهه‌مهێنانی داتا‌یه‌. بێگومان له‌ کوردستان داتامان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم، به‌شی زۆری یان کۆنه‌ یان ئه‌نه‌لۆگه‌ (له‌سه‌ر کاغه‌زه‌)، دیجیتایزکردنی یان به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌و داتایه‌نه‌ کات و توانای زۆری ده‌وێت. بێگومان ده‌کرێت که‌ڵک له‌ وێنه‌ی سه‌ته‌لایتیی بۆ نموونه ‌QuickBird وه‌ربگرین بۆ دیجیتایزکردنی هه‌ندێک داتا، به‌ڵام هێشتا توانای به‌رهه‌مهێنانی کامێرای ئه‌م سه‌ته‌لاییتانه‌ش ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ که‌ داتاکانیان بۆ هه‌موو مه‌به‌ستێک به‌کار بهێنرێت.

کوردئایتی گرووپ :
پێداویستییه‌كان له‌ چیدا كۆبوونه‌ته‌وه‌؟

هێمن: سێرڤه‌رێک و تیمێکی کارا و چه‌ند ساڵێک کار !! به‌ڵام چ کارێک له‌به‌رده‌م ئه‌و تیمه‌دایه‌؟ لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ناوی هه‌ندێکیان بهێنم:

- توێژینه‌وه‌‌ له‌سه‌ر ستراکتۆری داتا و دانانی ستانداردێک بۆ داتا بنه‌ڕه‌تییه‌کان.
- به‌رهه‌مهێنانی داتا.
- دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵێک سێرفس بۆ ئاڵوگۆڕکردنی داتا.
- دامه‌زراندنی سیستمێکی ئه‌درێس.
- به‌رهه‌مهێنانی نه‌خشه‌ی دیجیتاڵی وه‌ک نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تیی شاره‌کان، ئاو، ئاوه‌ڕۆ، کاره‌با، گه‌یاندن، نه‌خشه‌ی به‌کارهێنانی زه‌وی، سامانه‌ سروشتییه‌کان، نه‌خشه‌ی تۆپۆگرافیی، هتد.

بێگومان هاوکارییکردن له‌گه‌ڵ کۆمپانیا پێشکه‌وتووه‌کانی جی‌ئای‌ئێس دا زۆر کاتمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌ لای منه‌وه‌ گرنگه‌ پشتبه‌ستنه‌ به‌ Open Source و ئه‌و ستانده‌ردانه‌وه‌ که‌ OGC ده‌ستنیشانی کردوون‌ له‌ جیاتی خۆبه‌ستنه‌وه‌‌ به‌ کۆمپانییایه‌ک یان سۆفتوه‌یرێکی دیاریکراوه‌وه‌.

کوردئایتی گرووپ :
به‌ڕێزتان سه‌ردانی كوردستانتان كردووه‌ و له‌وێش ئه‌م باسه‌تان پێشكه‌ش كردووه‌، ئایا هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆچی؟

هێمن: به‌ڵێ، من له‌ 2005 دا دوو سیمینارم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سلێمانی پێشکه‌ش کرد، به‌ڵام جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی سیستمی زانیارییه‌ جوگرافییه‌کان له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌و پرۆژانه‌ی له‌ کوردستاندا جێبه‌جێ ده‌کرێن، ڕه‌نگه‌ هه‌مه‌لایه‌نیی و ستراتیژییه‌تی پرۆژه‌که‌ خۆی له‌ خۆیدا یه‌کێک بێت له‌ هۆکاره‌کانی دواکه‌وتنی، بێگومان که‌میی زانیارییش ده‌رباره‌ی دامه‌زراندن و ئیشپێکردن و به‌کارهێنانه‌کانی جی‌ئای‌ئێس یه‌کێکی تره‌ له‌ هۆکاره‌کان. له‌ ئێستادا له‌ هه‌وڵی دروستکردنی په‌یوه‌ندییه‌کدام له‌ نێوان کوردستان و ئه‌و کۆمپانیایه‌دا که‌ کاری لێ ده‌که‌م، جارێ نازانم به‌ چی ده‌گات، ئه‌وان پێشتر کاریان له‌گه‌ڵ کوردستان نه‌کردووه‌، بۆیه‌ هێشتا خۆیان یه‌کلا نه‌کردۆته‌وه‌.

کوردئایتی گرووپ :
ئایا ئه‌مه‌ كاری كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌ندازیارییه‌ یاخود پرۆژه‌یه‌كه‌ ده‌بێت حكومه‌ت له‌ئه‌ستۆی بگرێت؟

هێمن: یه‌کێک له‌ پایه‌کانی جی‌ئای‌ئێس داتایه‌، خاوه‌ندارێتیی داتا بنه‌ڕه‌تییه‌کانی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک، بۆ نموونه‌ زانیاریی ده‌رباره‌ی موڵکدارێتیی، زانیاریی تاکه‌که‌سیی، ته‌نها مافی حکومه‌ته‌، هه‌ندێک داتای تریش حکومه‌ت یان شاره‌وانییه‌کان خۆیان له‌ پرۆسه‌ی پلانداناندا یان ڕێگه‌دان به‌ دروستکردن به‌رهه‌میان ده‌هێنن، ده‌کرێت كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌ندازیاریی یان که‌رتی تایبه‌ت ئیش بکه‌ن له‌ به‌رهه‌مێنانی داتادا، به‌لام مه‌رج نییه‌ به‌رهه‌مهێنانی داتا هاوتای خاوه‌ندارێتیی بێت بۆ داتا. گه‌وره‌کۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی ناڤیگه‌یشن Garmin نه‌خشه‌ی شه‌قامه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی 13 پارێزگای عێراقی به‌رهه‌م هێناوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی داتای ستراکتۆریزه‌کراوی ئه‌درێس ڕێگه‌ی بازاڕێکی گه‌وره‌ی فرۆشتنی ئامێره‌کانی لێ گیراوه‌.

ئه‌گه‌ر ته‌نها مه‌به‌ستتان له‌ به‌کارهێنانی بۆ نموونهOpenLayers بێت بۆ نیشاندانی هه‌ندێک داتای گلۆباڵی خۆڕایی، ئه‌وه‌ هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت بیکات، به‌ڵام پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت جی‌ئای‌ئێس بۆ چی به‌کاربهێنین، له‌ ڕاستییدا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی ئێوه‌ ده‌ستنیشان ده‌کات.

کوردئایتی گرووپ :
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پرۆژه‌ و ئاسته‌كانی تر چۆن ده‌بینیته‌وه‌؟

هێمن: به‌ داخه‌وه‌، زانیارییم نییه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌، ئه‌گه‌ر داتامان هه‌بێت ده‌رباره‌ی ‌ ناو و شوێنی ئه‌و پرۆژانه‌ی پێشکه‌ش کراون به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، که‌ی پێشکه‌ش کراون و که‌وتوونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ یان ره‌فز کراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وا یه‌کێک له‌و وه‌ڵامانه‌ی ده‌توانین له‌ ڕێی نه‌خشه‌وه‌‌ ده‌ستمان بکه‌وێت ئه‌مه‌ ده‌بێت.‌

کوردئایتی گرووپ :
سوپاسی بێپایان بۆ به‌ڕێز "هێمن عومه‌ر" بۆ ڕێكخستنی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌، هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ ده‌خوازین و هه‌ر بژیت.

سازدانی: ئاراس نوری

بۆچوونەکان

دەستخۆش بۆ سازدانى ئەم دیمانەیە!
هەروەها هیواى سەرکەوتوتن بۆ کاک هێمن دەخوازم،هیوام وایە حکومەتى خۆمان کەمێك بیر بکەتەوە!وە ڕاى بیت بەم پڕۆژەیى کاک هێمن
OpenLayers و هەوڵی نەخشەیەک بۆ کوردستان

My Blog

كاك زه‌ندی هه‌ندێك له‌ شێواز و ده‌ركه‌وتنه‌كه‌ی ده‌ستكاریی بكه‌ تاكو خوێنه‌ر پرسیار له‌وه‌ڵامه‌كان جیا بكاته‌وه‌. سوپاس.

OK
دەستخۆش کاک ئاراس، بۆ ئەنجامدانی ئەو دیمانەیە.

ئه‌م کاته‌تان باش ئازیزان،
نازانم ئه‌و لۆگۆیه‌ GRS که‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌که‌دا دانراوه‌ چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ هیوادارم ڕاستی بکه‌نه‌وه‌، چونکه‌ بابه‌ته‌که‌ له‌سه‌ر GIS ه‌ .
Geographic Information Systems‌.

سوپاس بۆ ماندووبوونتان
هێمن عومه‌ر

سەرکەوتوبیت کاک هێمن!
وێنەکەمان گۆڕی.

ده‌سته‌کانتان خۆش بێت کاک زه‌ندی
هێمن عومه‌ر