حیجز
بەریزان سلاوتان لێ بیت. من زۆر سود لە قسکانتان لەم سایتە دەبینم. دستان خۆش بێت.
من زۆر سالە بیر لە وشەی (حیجز) دەکەمەوە. ئایا ئەم وشە بە کوردی دەبیتە چی؟ گوایا ئەم وشە ئەوەندە قورسە کەس ناتوانی بیکاتە کوردی. توخوا ئەگەر کەسێک دەیزانی تکایە بینووسی. ئەگەر بە کوردی نیمانە هیچ پیشنیاریکتان نیە بۆ وشەیەک بەرانبەری تا بکریتە کوردی؟؟
کاک دیاکو بە راستی دەستت خوش بیت کە وا خزمەتی وشەی کوردی دەکەی.
کاک بەردقانی سوپاس بۆ ئیوەش کە ئەم سایتەتان داناوە و لەم ریگە وە پرس و خواستمان دەگەیەنینە یەکتر
هەر بژین
ماندوو نەبن.
کاک حامید گیان، سڵاو و سوپاس بۆ هەستەکەت.
سەیری ئەمانە بکە:
ئەو جووتە پێڵاوەم "بۆ بنێ لاوە".
ژوورێکم "گرتووە".
ترۆمبیلێکم "ڕاسپاردووە".
ڕەنگە هەر کەسێک بە شێوەیەک ئەو نموونانە وەکوو ئەلتەرناتیڤێک بۆ "reserve" بەکار بێنێ. بەڵام خۆتان باش دەزانن کە ئەو هەموو "شێوە جۆربەجۆرانە" تەنها بۆ وشەیەک تۆزێ سەرلێشێوێنن و، تازە پڕ بە پێستی "reserve"یش نین.
ڕەنگە وشەی "reserve" زۆر واتای هەبێ، بەڵام ئەوەی لێرە ئێمە مەبەستمانە، ئەوەیە کە "شتێک یان شوێنێک لە پێشدا بپارێزی بۆ خۆت یان بۆ کەسێکی تر". سەیرێکی فەرهەنگی ئاریانبپوور بکە بۆ وشەی "reserve" بزانە بۆ مەبەستەکەی ئێمە چیی نووسیوە:
http://www.aryanpour.com/
ئەگەر بێت و جوان مەبەستەکە لێک بدەینەوە دەبینین کە "پێشپارێز" دەتوانێ واتایەک بێت کە لە هەموو بوارەکاندا بەکار بهێنرێت:
ژوورێکم "پێشپارێز" کردووە.
جووتێ پێڵاوم "پێشپارێز" کردووە.
پسووڵەی سینەمام "پێشپارێز" کردووە.
هەر لە ئێستەوە شوێنم بۆ سەفەر "پێشپارێز" کردووە.
هەموو ئەوانەی بلیتی سەفەریان "پێشپارێز" کردبوو، پارەکەیان بە فیڕۆ چوو.
وەڵا کاک حامید گیان ئەو وشەیە خۆم پێشنیارم کرد با لەو هەموو مقۆمقۆیە ڕزگارمان بێت. مەرج نییە کەس بە دڵی بێت. بەس من دوای لێکدانەوەم ئەوەم بە خەیاڵدا هات.
ئەگەر کەسێکیش وشەی گونجاوتری پێ شک دێ دەبمە "خاکی بەر پێی".
کاک حامید گیان، بۆ دەستەواژەی "ناردوومە بۆم بێ" ڕاستت دەوێ نامخاتە بیری "حجزکردن".
"پەیغامم ناردووە بۆم بێت"یش دیسان نامخاتە بیری "reserve"
ئەگەر کەسێکیش "ڕاسپێرم" کارێک بکا زیاتر ئەمخاتە بیری ئەوەی کە "ئامانەت"م بە کەسێکدا داوە، یان "مأموریت"م بە کەسێک داوە، کارێکم بۆ بکات. ڕەنگە ئەلتەرناتیڤێک بێت بۆ "reserve" بەڵام زۆر دوورە، بۆیە بیرم لە "پێشپارێز" کردەوە.
وەک وتم مەرج نییە کەس بە دڵی بێت. لای خۆم گونجاوە و پێشنیارکردنیش خراپ نییە. چەند کەسێک "دەنگ"ی لەسەر بدەن وردە وردە جێیەک دەدۆزێتەوە لە ناو فەرهەنگی کوردیدا. هههها.
یان ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کەسێک وشەیەکی جوانتر لە هزریدا بێتە ئاراوە.
ـــــــــــــــــ
بۆ کاک مارکۆ:
کاک مارکۆ، کاتێ سەرنجی نووسینەکانت دەدەم، تەنها یەک کەسم دێتەوە خەیاڵ کە وەکوو بەڕێزت کوردی بنووسێ (هێندە ورد بێت لە نووسیندا). تۆ بڵێی لە هەڵەدا نەبم؟! ههها.
هەر چۆنێک بێت بەو شێوە نووسینە دەگەشێمەوە.
هەر بەردەوام بن!
ئێوەش ماندوو نەبن!
كاك دیاكۆ،
ئەوە منم، ئەوەم منم...
كەسێ بۆ كوردی سووتاوە، ئەوە منم، ئەوە منم
فلسی لە بەركدا نەماوە، هەر منم ، هەر منم
گوێی بە تانەی كەس نەداوە، منم و منم، كورە هەر منم
لە قوربانی نەترساوە، بێگومان بە، هەر منم و هەر منم
تەنیا كوردیی گرنگە بە لاوە، ئەوە منم، ئەوە منم
شەونخوونی بۆ كێشاوە، ئەوەش منم، ئــــــــــــــــەمنم
هێشتا زۆریشی له باردا ماوە، هەڵبەت منم و هەر منم
بەو ئومێدەش تا ئێستا ژیاوە، برام من بووم و هەر منم
هاهاها... :)
ئێستا ئەزم یان منم؟
کاك حامید چیت لێ قەوماوە:
«تێبینی: من لەسەر ئەو كاك هێمن نووسیویه و دەڵێ: حیجز (حجز): جێـگرتن، گرتن. هیچ قسەیەكم نییه.»
ئایا کاك هێمن لە کوێ وای وتووە؟! ئەگەر جارێکی تر بە پەیامەکانی پێشوودا بچیتەوە، بۆت دەردەکەوێت کە کێ وای وتووە. من تێناگەم بۆچی چاوت لە ئاست ڕاستییەکاندا هەڵنایە. ئینجا لە سەرەتادا باسی تووڕەبوونی "هەردووكمانـ"ـت كردووە، من بەش بە حاڵی خۆم قەت لە ئاست ڕاستییەكاندا تووڕە نابم و پێشم خۆشە ڕاستییەكانم بۆ ڕوونتر بێتەوە، لەلایەن هەر کەسێکیشەوە بێت.
سەبارەت بەم باسەش ئیتر ئەمە دوا پەیامم دەبێت.
ئیتر ئێوەش كەیفی خۆتانە، چۆنتان دەوێ وا بكەن!
پێش لە هەر شتێک سوپاسی کاک ڕێبوار دەکەم بۆ دەستخۆشییەکەی.
پاشان ڕێزم هەیە بۆ هەموو میوانان کە ئەم باسەیان گەرموگوڕ کردووە.
هیچ نکوولیم لە هەندێ لە پێشنیارەکان نییە کە بۆ وشەی (حجز) نووسراون، بۆ نموونە وەکوو ئەوانەی بەڕێز (مارکۆ) نووسیونی:- جێگرتن، گرتن.
بەڵام دڵنیام هەموومان پێمان باشە وشەی تر هەبێ کە پڕ بە پێستی مەبەستەکە بێت. دەکرێت بگەڕێین وشەی لەبارتر بدۆزینەوە. ئەگەر سەیری واتاکەی بکەین، واتە: شتێک یان شوێنێک کە لە پێشدا بگیرێت یان (حفظ) بکرێت، واتە لەپێشداگرتن. کە ئەو وشەیە لەسەر زار قورسە، بەڵام ئەگەر بیر لە وشەی (پاراستن) بکەینەوە، دەکرێ (لەپێشداپاراستن) دابنێین کە چونکوو ئەویش قورسە، هەر لەوە دەکرێت وشەی (پێشپارێز) خراپ نەبێ و بە ڕای من لەسەر زاریش قورس نییە.
لە هوتێلەکەدا ژوورێکم پێشپارێز کرد.
تەکسییەکم بۆ سبەینێ پێشپارێز کردووە.
واتە:
حجز، رزرو = پێشپارێز.
حجزکردن = پێشپارێزکردن.
من دژی (داتاشین) نیم. زمان هەر دەم ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و ئەگەر هەر چاوەڕێ بین هەموو وشەیەک لە پێشینیانەوە بۆمان مابێتەوە خۆ ئێستە زمانێکی قەتیسمان هەبوو. بیر لەم نموونانە بکەینەوە دەزانین کە کوردیش وەکوو گەلانی تر ترسی لە نوێخوازی و داهێنان نییە:
(ماڵپەڕ، گرێبەست (contract)، مەلەگە، مەلەوانگە (استخر، pool).
بە ڕای من هەر وەک کاک مارکۆش ئاماژەی کردووە زمانی کوردی خاوەنی یاسا و ڕێسای خۆیەتی کە پێویست دەکات پێنووسبەدەستی کورد ڕەچاوی بکات. بابەتی (ڕێنووسی یەکگرتووی زمانی کوردی)ش کە لە سایتی زانستپەروەرانی کورددا بەشێوەی "دەق" و بە ڕوونکردنەوەی زیاتر ئامادە کراوە، هەر لەسەر بڕیارەکانی "کۆڕی زانیاریی کوردستان" ئامادە کراوە: http://www.zkurd.org/modules.php?name=News&file=article&sid=114
هیوادارم وتووێژەکان هەر لەسەر تەوەرەی ڕوونکردنەوە و زانیاریبەخشین بمێننەوە و نەچنە ئاستی توندوتیژییەوە.
لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو لایەک.
كاك حامید،
ئەگەر سەیرێكی ئەم پاراگرافە لە وتاری "ڕێنووسی یەكگرتووی كوردی بكەیت" باش بۆت دەردەكەوێت كە وشەی ناسادە (لێكدراو، تێكەڵاو "خۆت گوتەنی") دەبێت چۆن بنووسرێ. ئەم وتارە لە پاشكۆی فەرهەنگی زاراوەدا لە لاپەڕە ١٣٩دا هاتووە. وتارەكە لە ئامادەكردنی "بەدران ئەحمەد حەبیب"ی ئەندامی كارای كۆڕی زانیاریی كوردستان و پێداچوونەوە و پەسندكردنی "ئەنجوومەنی كۆڕ"ە. واتە ئەمە یەكێكە لە خاڵەكانی ئەو ڕێنووسەی كە ئەنجوومەنی كۆڕی زانیاریی كوردستان پەسندی كردووە، ئیتر نازانم ئەگەر تۆ ئەم كۆڕە بە كۆڕێكی ئاكادیمی نەزانی، ئەگینا هەموو بڕیارەكانی ئەم كۆڕە لای من پەسندن و سینگفراوانانە پەیڕەوی دەكەم لە نووسیندا. ئەگەریش بە حەز و مەیل بێت، ئیتر دیارە داهاتووی ئاوا زمانێك چەند ڕوونه! ئەو كاتە هەر نووسەرە و ڕێنووسێكی دەبێت تایبەت بە خۆی، پەكوو!!!
ئەم وتارەی كە لە پاشكۆی فەرهەنگی زاراوەدا هاتووە لای من بە پدف دەست دەكەوێت، ئەگەر ئارەزووت لێ بوو، ئیمێڵەكەت بنووسە تا بۆت بنێرم.
سەبارەت بە مانای وشەی "حجز"، ئەو نموونەیەی دوایییت زۆر سەیر و پێكەنیناوییه: "ئیتر لەو کاتەدا ناتوانین بڵێن: له چایخانەکەی ئۆسا هێمن دا جێگام گرتووەتەوه بۆ ئەوەی چەن چایی بێنن." باشە ئەو تێكەڵكردنەت لە چییە؟ بەدڵنیایییەوە دەكرێت لە چایخانەدا جێ بگرین، واتە دەكرێت پێش چوون بۆ چایخانە، قاوەخانە، چێشتخانە، سینەما و هتد... تەلەفۆن بكەین بۆ خاوەنەكانیان و جێگای تایبەت بۆ خۆمان بگرین و ئەوانیش ئەگەر هەبوو جێگای دڵخوازی خۆت بۆ دادەنێن، ئیتر من لەو نموونە بێجێیەی تۆ هیچ حاڵی نەبووم!!!
برام بتەوێ و نەتەوێ، پێت خۆش بێت یان نا، وشەی "سفارش" بەهیچ شێوەیەك نابێتە كوردی. من باش دەزانم كە لە كرماشان وای پێ دەڵێن، ئەوەش لەبەر كاریگەریی بەهێز و بەربڵاوی زمانی فارسی كە زمانی دەوڵەتی ناوەندیی شیعەیە كە تەنیا زمانی فەرمی و باڵادەستە لە ئێراندا، كە هۆی ئەم كاریگەرییەش نزیكبوونی كرماشان لە ناوچە فارسنشینەكان و چڕیی دانیشتووانی شارەكەیە. ئیستا ئیتر كرماشان وەك ٥٠ ساڵ پێشتر نییە. پڕ بووە لە كۆچكردووی فارسزمان و بە حوكمی فەرمیبوونی زمانەكەیان كاریگەرییەكی زۆریشیان كردۆتە سەر كوردزمانانی ئەوێ و زۆر وشە و زاراوە و بگرە دەربڕین و دەستەواژەی فارسی دزەیان كرۆتە ناویان. ئەم بارەی ئێستای كرماشان تا ڕادەیەكیش دەكرێت بەراورد بكرێت لە تەك سنە و شارە سنوورییەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
بژین!
مارکــــــۆ
.
بەڕێز کاک سیا،
من لە ئاستی ئەو هەموو هەست و سۆزەت خۆم بە بچووک و شەرمەزار دەبینم. ڕێزت هەیە بە قەد بەربڵاویی "کاکێشان"ێک.
کاتێ ئەم هەموو دڵسۆزە دەبینم کە چۆن ماندوونەناسانە هەر کەسە و بە شێوەیەک خەریکی خزمەتکردن بە کوردە، "ئەحمەد موختار"م دێتەوە یاد:
...
ئەمڕۆ با وا بێ بەڵام ڕۆژێ ئەبێ ئەولادی کورد
دێنەوە مەیدان بە عیلم و سنعەت و عیرفانەوە
نەوجوانانی وەتەن تەوحید ئەکەن ئەم میللەتە
هەر لە کرماشان هەتا ورمێ و سنە و بۆکانەوە
ڕێک ئەخەن وەزعییەتی وان و جزیرە و باشقەڵا
عەقرە و زاخۆ دەبەستن ڕێک بە قەد بۆتانەوە
خانەقین و مەندەلی، خاکی لوڕستان یەک بە یەک
وەک وەسا ئەدروون بە باڵای مەنتیقەی بابانەوە
لەشکرێکی مونتەزەم بۆ سەندنی حەق ڕێک ئەخەن
جوان و ڕازاوە بە تۆپی لاکەلی ئەڵمانەوە
بەچکەشێرانی عەشایر بۆ قڕانی دوشمنان
هەر وەکوو ڕۆستەم ئەکەونە هاتوچۆ و جەولانەوە
پاش قڕانی موددەعی دەس پێ ئەکەن تەعمیری موڵک
ڕێگەی ئاسن ئەچێتە شاخی هەورامانەوە
...
ئۆی، خۆ ئەوە خەریکە لە باسی ئایتی لا دەدەین و دەبێ بە شەوی شیعر، تا بلۆک نەکراوین باشترە واز بێنین.
سەرکەوتوو بن!
کاکە سڵاو
بەخوا من کە دیاکۆ قسەی تیاکرد
ئیتر تەواو کورد وتەنی بەردێکی لەسەر دانا
کاک دیاکۆ
من یەکێکم لەوانەی کە گوێم لە زمانە کوردیەکەت دەبێت یان کوردیەکەت ئەخوێنمەوە، شتێکی ناسک دەبینم
ئەم هۆنراوەیەی مەحوی پر بەپێستی کاک دیاکۆیه
بنووسە پیری دڵم ئەمری کرد ئیتاعەم کرد
لە ئیپتیداوه بەیتێک موناسبی دیوان
گەدایەکی وەکو (دیاکۆ) قەلەندەرێکی کورد
بەمیسلی پادشاهی فورسە ساحێبی دیوان
سەرکەوتن وبەردەوامی بۆ هەموو کوردان