پێشنیار
ئازیزان سەلام؛
دیارە بەر لە ئێوەش چەند هەوڵێك بۆ درووستكردنی خەتی وێب و یونیكۆدەی كوردی دراون و تاڕادەیەكی باشیش سەركەوتوو بوون. دەمێكە كاك دیلان كۆمەلێك خەتی یونیكۆدە و وێبی درووست و بڵاوكردوونەتەوه، دواتر كاك عەلیش چەند خەتێكی هەمان جۆری بڵاوكرنەوە. خەتەكانی دیلان لەسەر بناغەی خەتی فارسی و ئەوانەی عەلیش لەسەر بناغەی خەت و كیبۆردی عەرەبین. دیارە جیاوازیەكی بەرچاو لەنێوان ئەو دووجۆرەدا هەیه، بەتایبەت لە كیبۆرد و چۆنیەتی دابەشكردنی پیتەكاندا.
ئەوا ئێوەیش بەكۆمەڵێك خەت و پڕۆگرام و توول هاتوونەتە مەیدان، كە ئەوانیش جیاوازیەكی بەرچاویان لەگەڵ ئەوانەی پێشووتردا هەیه. ئەو هەمەڕەنگیە نیشانەی لەئارادابوون و هاتنەبەری هەوڵ و شەونخوونی خەمخۆرانەیە، بەڵام لەسەرێكیشەوە بۆتە مایەی دوودڵی و سەرلێشواوی گەلێك كەس، بەتایبەت ئەوانەی بە درووستكردنی سایتی كوردیەوە خەریكن. ئەو تێكستەی بە یەكێك له خەتەكانی ئەو كۆمەڵانەی سەرەوە دەنووسرێت بە خەتەكانی دیكە ناخوێندرێتەوه. بۆیە دەبێ وێب ماستەر كاتێكی باش بۆ گۆڕینی خەتی تێكستەكان تەرخانبكات. سەرەڕای ئەوەی كە ئەو كەسەی سەردانی چەند ساتێكی كوردی بكات دەبێ چەندین كۆمەڵە خەت داگرێت و ئەمەش دەبێتە مایەی خاوكردنەوەی كۆمپیوتەر لەكاركردندا.
زۆر دڵخۆشبووم كە پیرۆزبایی و دەستخۆشیلێكردنەكەی كاك عەلیم لەسەر سایتەكەی ئێوە بینی. هەر ئەوەش وایلێكردم ئەو پێشنیارەم [كە پێشتر لەگەڵ كاك دیلانیش و كاك عەلیشدا باسمكردووه] لێرەدا بخەمەڕوو.
لەسەردەمێكدا كە زۆربەمان دەستمان وە هۆیەكانی گەیاندن و پەیوەندیكردنەوە رادەگەن و بە ئاسانی دەكرێ دەنگی ئێوە و ئەوانەی كە لەسەرەوە ناومهێناون و ئەوانەیش كە ناویان نەهاتووه لەڕێی یەكێك لەو كەناڵانه بەیەكبگەن و هەوڵەكان بكرێن بە پڕۆژەیەكی نەتەوەیی. دڵنیام پڕۆژەیەكی لەمجۆرە بەرهەمێكی باشی دەبێت و ئێمەیش لەو سەرلێشێواویە رزگاریمان دەبێت.
دەزانم خستنەڕووی ئەم پێشنیارە هیچ داهێنانێكی تێدا نییە و دڵنیام بە هزری زۆر كەسی دیكەیشدا رەتبووە. بۆیە لەوانەیە زیاتر داواكاری و خواستێك بێت تا پێشنیار.
ئیدی هەر شاد و بەختەوەر بن.