پیرات بای وڵاتی "Sealand " دەکڕێ: لە هەواڵی پێشوودا باسمان کرد کە بڕیار وایە بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی "پیرات بای" بەدەن بە دادگا و ئەو سکاڵایە لێیان کراوە دیستان وەگەڕ بخرێتەوە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەو ماڵپەڕە و بەڕێوەبەران و میوانەکانی بە بێ لە بەرچاو گرتنی پاراستینی مافی پەڕگەکان، بڵاویان دەکەنەوە. ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی زۆرێک لە کومپانیاکانی سی دی و فیلم و گەمەکان. لەبەر ئەوە یاسای وڵاتی سوید رێگا بە بڵاو کردنەوەی پەڕگەی ماف پارێزراو نادا، ئەم گرووپە دوای داخستنی یەکەمجاری ماڵپەڕەکەیان راژەکار و تێکۆشانی خۆیان گواستەوە بۆ وڵاتی هولەند و پاش ماوەیەک دیسان هێنایانەوە بۆ سوید.
ئێستا ئەم گرووپە بۆ ئەوە لەم یاساگەلە رزگاریان بێ، دەیانهەوێ وڵاتێکی سەربەخۆیان هەبێ و لەو وڵاتەدا هیچ یاسایەک بۆ بەرگری و سنووردار کردنی داگرتینی پەڕگەکان نەبێ. هەر بۆیە خەریکن پووڵ و پارە کۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن چووکە ترین وڵاتی دوانیا بکڕن. تاکوو ئێستا بە هۆی ئەندامانیانەوە زیاتر لە سێزدە هەزار دولاریان کۆ کردووەتەوە. بەڵام ئەو وڵاتە لە لایەن بنەماڵەی پاشاکەیەوە دەفرۆشرێ بە یەک میلیارد پاون واتە 13 میلیارد کرۆنی سویدی.
گرووپی ناو براو لەو باوەڕەدان کە کەس ئامادە نیە ئەو نرخە بەو وڵاتە بدا، لە کۆتایشتا دەدرێ بە مەزات و ئەوانیش بەرزترین نرخی بۆ دیارە دەکەن و بەم شێوەیە وڵاتەکه دەبێ بە هی ئەوان.
ئەم وڵاتەش ناوی " Sealand"ە و 11 کیلومیتر دوور لە لێواری ئاوەکانی وڵاتی بریتانیا و لە نێو ئاوی نێونەتەوەییدا هەڵکەوتووە. ئەو وڵاتە 40 ساڵ لەمەوەبەر بە هۆی دەرەجەدارێکی ئەرتەشی ئینگلیز بە ناوی " Paddy Roy Bates" ەوە کڕدرا و لەو کاتەوە سەربەخۆیی خۆی وەک وڵاتێک وەدەست هێنا و بڕیارەکەش لە لایەن دادگای بریتانیاوە پەسند کرا. ئەو وڵاتەش وەک هەموو وڵاتێک ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و دراو و پاسپۆرتی تایبەت بە خۆی هەیە. قەوارەی پانتایی ئەو وڵاتەش تەنیا 550 میتری چوارگۆشەیە.
prins Michael of Sealand کوڕی ئەو پاشاییە لەسەر فرۆشتنی وڵاتەکەی دەڵێ: ئێمە 40 ساڵ خاوەنی ئەو وڵاتە بووین، تەمەنی باوکیشم 85 ساڵە، کاتی ئەوە هاتووە کە هێزێکی کەم تەمەنتر دەست بە سەر ئەو وڵاتەدا بگرێ.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕی کە باشە هیچ کومپانیایەک ئامادە دەبێ سەرڤیسی ئینتەرنێتی بۆ ئەو وڵاتە راکێشێ؟ چوونکە ئینتەرنێت لە رێگای ساتەلیتەوە بەش ناکا...
سەرچاوه