حەوت ساڵ بەندیخانە بۆ کوپی کردنی فیلم: بە پێی هەوڵێک لە ئیمڕۆ لە رۆژنامەی "ئافتۆنبلادێت"ی وڵاتی سویددا بڵاو کراوەتەوە، Johnny Ray Gasca کە کابرایەکی فیلم پیرات (دزی فیلم)ە، لەبەر کوپی کردنی فیلمی سینمایی 7 ساڵ بەندیخانەی بۆ بڕایەوە.
شایانی باسی کە ناوبراو پێشتر سێ جار لە ساڵانی 2002 و 2003 دا لەبەر ئەوە بەدزیەوە بە کامێرا فیلمی لە فیلمە سینماییەکان هەڵدەگردەتەوە گیراوه. رۆژنامەی Wall Street Journal لەم پێوەندیەدا دەنووسێ: "کردەوەکانی ئەم کابرایە کارێکی کرد کە کونگرەسی ئامریکا مەجبوور بوو گۆڕانکاری لە یاسای کوپی کردنی فیلمدا پێک بێنێ."
زۆر جار لە کاتی هەڵگرتنەوەی فیلم لە ساڵۆنی سینماکاندا " Gasca" داوای لە هاوڕێکانی دەکرد کە له کورسیەکانی تەنیشت و پێش و پاشیدا دانیشن بۆ ئەوەی لە کاتی گرتنی فیلمەکەیدا کەس کەند و کۆسپی بۆ پێک نەهێنێ. ساڵی 2003 کاتێک خەریکی هەڵگرتنەوەی فیلم لە رووی فیلمی " Anger Management " بوو، پێیان زانی و لە سینماکە هەڵات و فیلمەکەشی لە پاکەتی زەڕاتەبرژاوی هاوڕێکەی هاویشت، بەڵام دواتر گیرا.
لە سەرەتای ساڵی 2004دا پارێزەرەکەی خۆی بەوە هەڵخڵەتاند کە پێویستی بە دەوا و دەرمانە و دەبێ بچن بۆ دەواخانە، لەوەێش خۆی شاردەوە و هەڵات. زیاتر لە یەکساڵی خایاند تاکوو پۆلیس لە مسافرخانەیەک لە فلوریدا دۆزیانەوە، دیارە لەوێش فیلمێکی زۆر و دەمودەزگای کوپی کردنی فیلمی هەبوو.
ئێستا دادگا " Gasca"ی بە یەک ساڵ بەندیخانە بۆ هەر یەک لەو فیلمانەی کە بە دزیەوە کوپی کردوون، بڕیوەتەوە. ئەمەش قورسترین سزایە کە لەم بوارەدا تاکوو ئێستا بڕاوەتەوە. بێجگە لەمەش چوار ساڵ بەندیخانە بۆ هەڵاتن و دروست کردنی پێناسەی نایاسایی و هیتر بۆ بڕاوەتەوە.
سەرچاوه