ماڵپەڕی " Pirate Bay" دەست بەکار دەکاتەوە: یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی " Pirate Bay" کە بە تەلەفوونی قسەی کردووە و خۆی بە "پێتر"ناساندووە و نەیویستووە پشتناوەکەی ئاشکرا بێ، ڕایگەیاند کە لە دەرەوەی وڵات کار بۆ ئەوە دەکەن ماڵپەڕەکە دەست بەکار بکاتەوە و ڕەنگە ئیمڕۆ یان بەیانی بکرێتەوە.
شایانی باسە کە ڕۆژی چوارشەممە چەند کەس لەسەر بڵاوکردنەوەی بەرهەمی مافپارێزراو لە وڵاتی سوید گیران و ماڵپەڕەکەشیان " Pirate Bay" داخرا و ئەو ڕاژەکارەش شوێنەکەیان لێ بەکرێ گیرابوو، بەربەست کراوە.
بە قسەی پێتر لە هەڵمەتە بەربڵاوەکەی پۆلیس بۆ سەر ئەم گرووپە، زۆر بەرهەمیان لە کیس چوو و لە هەموویان قەرەبوونەکراوەتر لە لای Gottfrid Svartholm کە بۆ خۆی خاوەنی کومپانیای " webbhostingföretaget PRQ" ە و بۆ بەکرێدانی شوێن لە وێب دایە و ماڵپەڕی " Pirate Bay"یش لەم شوێنە جێگای بەکرێ گرتبوو. بە بۆنەی بەربەست کردنی کومپانیای "PRQ" زۆر لەو مشتەریانەی کە ڕاژەکارەکانیان لەوێیە، داخراون بە بێ ئەوەی هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ ماڵپەڕی " Pirate Bay"دا هەبێ.
پێتر ئەوەشی دەرکاند کە ماڵپەڕەکەیان هەرچی زووتر دەست بکار دەکاتەوە، بەڵام ئەم جارە لە دەرەوەی وڵات دەیکەنەوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی:" ئەوانەی کە تێدەکۆشن ئەو ماڵپەڕەمان لێ دابخەن، با ڕاوەستن تاکوو دەکرێتەوه و یان هەر لە ئێستاوە دەست بەکار بن، لێمان دابخەن."
هەروەها ناوبراو وتی:" هەرچەندە لەم هەڵمەتەدا پۆلیس زیانێکی زۆری پێگەیاندووین، بەڵام هێندەش پێوەی ناڕەحەت نین، چوونکە ئێمە باکئاپ (backup)ی ماڵپەڕەکەمان هەیە، هەرچەندە زۆر لەو پاکئاپانەی کە لە ڕاژەکارەکەدا بووە پۆلیس بردوونی، بەڵام زۆر باکئاپیشمان لە دەرەوەی ڕاژەکارەکەوە هەبوو.
کارێکی زۆر دەبێ بکەین، چوونکە ئەو هەموو شتە دەبێ دیسان بنێرینە سەرەوە و ڕاژەکارەکان دەبێ دروست بکەینەوە، ئەمەش کارێکی زۆر زەحمەتە، چونکە ماڵپەڕی " Pirate Bay"یش زۆر گەورەیە.
ماڵپەڕەکەش هیچ گۆڕانکاری بە سەر نایە و هەر وەک جاران دەمێنێتەوە."
تێبینی: شایانی باسە کە ئەوە ماڵپەڕە رۆژانە زیاتر لە 1 میلیۆن میوانی هەیە. و.
سەرچاوه